ساڵانە چەندین پێشانگە لە کوردستان بە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە بەڕێوە دەچێت، پێشانگەکانی وەک کتێب، هەنار، بەروبوومی خۆماڵی و… ڕاستە هەندێک لەمانە بە ناوی فێستیڤاڵەوە بەڕێوە دەچن، بەڵام ڕەهەندێکی زەق و دیاری پێشاندان و خستنەڕوو و هاوكات ڕاکێشانی بەردەنگ و خوازیارانیانە. دیارە لە هەر کام لەم پێشانگەیانە کاڵایەکی جیاواز دەخرێتە ڕوو. کاڵاگەرێتیی واقیعێکی سەپاوی بازاڕی سەردەمە. جیاواز لەوەی من لەگەڵ ڕۆحی کاپیتالیستیی و سەرمایەخوازانەی سەردەمدا هاودەنگ بم یان نا، ئەم بازاڕە وا ئیش دەکات، دەکرێت بە ڕوانگەیەکی دژبەرەوە هەر لەم بازاڕە دژی بازاڕ بیت! ئەمەیش لە دژوازییە جەوهەرییە ئاڵۆزەکانی سەرمایەداری و مەسرەفگەرایی سەردەمە.
بە دڵنیاییەوە هەر جۆرە بازاڕیبوون یان فرۆشیاریی کاڵاكان خۆی لەناو وەها هاوکێشەیەکدا نابینێتەوە، چونکە پێویستی و پێداویستییەکانی خەڵک بەرەو زێدەڕۆیی و مەسرەفگەرایی ڕووت و ڕەها ناڕۆن، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا خواستی بەدیهێنان و دواتر تێربوونی لەپشتەوەیە. بەهەرحاڵ لە هەموو پێشانگە و فێستیڤاڵەکاندا کاڵایەک پێشکەش دەکرێت، ئەو کاڵایە چ بە پێوەری مادی و بەردەست هەڵسەنگێنین و چ بە پێوەری مەعنەوی و دەرهەست، کاڵاكە هەنار بێت یا کتێب، خۆی لە فرۆش و پێشوازیکردندا مانیفێست دەکات.
بە شێوەیەکی گشتیی بەرهەمهاتنی هەر کام لەم کاڵایانە وابەستەی دوو فاکتەری (سرووشت و هەوڵدان)ن. سروشتێک کە خاکی لە ئامێز گرتووە بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبوومگەلێکی وەک هەنار، ترێ و سێو، یان سروشتێک کە زەوینەی نووسین لە کەسێکدا فەراهەم دەکات. فاکتەری سروشت دەشێت تا ئاستێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە بێت، خاک و دەروونێکی چاک و خراپ یان مامناوەند، ئەوە فاکتەری هەوڵدانە ڕەنگە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێت، بەو مانایەی ئەگەر جووتیارێک خاکەکەی لەبار و بە پیت نەبوو، دەتوانێت بەپێی زانیاری و هەوڵەکانی دەست بداتە دەسکاریکردنی خاک و بە پیتکردنی لە ڕێگەی پەین و تەکنیکەکانی زەویناسییەوە. ئەمە بۆ خاکی دەروونی کەسێک کە بە سروشت قیچێک توانای هەیە، بۆ نووسینیش ڕاستە، واتە هەوڵدان و خۆماندووکردن، کەڵەکەکردنی مەعریفە و توانستی زەینیی بۆ سەردەمیبوون و… هەمان ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت کە دەتوانێت لە خستنەڕووی کاڵایەکی شیاو و شایستەدا یەکلاکەرەوە بێت.
بێگومان بەراوردکردنی هەنار و کتێب یان کاڵاکانی دیکە بەیەکەوە “قیاسی مع الفارق” و بەراوردی گونجاون، بەڵام هەمووان لە یەک شتدا یەک دەگرنەوە و بەراوردەکەی منیش لەو ڕووەوەیە: بازاڕ/کڕیار، یان بەردەنگ/خوێنەر. ئەمە هاوکێشەیەکی باشە یان خراپ، باسی من نییە، بازاڕ هەڕەشەیە و دەرفەتیشە. کاڵا دەتوانێت کوالێتی بەرز یان نزمی هەبێت و بەهای خۆی لەناو یاریی بازاڕدا دیاری بکات!
باسەکەی من ئەوەیە، کڕیار یان خوێنەر، بەپێی زەوق و حەزی خۆی دەجووڵێتەوە، ئێمە ناتوانین بە زۆر کەسێک کە ڕقی لە هەنارە ڕاکێشین بۆ كڕین و خواردنی، ڕەنگە زەوینەیەک هەڵکەوێت کەسەکە تامی هەنار بکات، ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەکرێت بەملا یان بەولا چێژ و چەشەی بخۆری هەنارەکە بخرێتە بەردەم ئەو بڕیارەوە کە هەناریش یەکێک لە تامە خۆشەکانە و ئەگەر لە سێو یان ترێ خۆشتر نەبێت، ئەوا لە ئاستی ئەواندایە.
لەبارەی بازاڕ و بەردەنگەوە دۆخی کتێب و خوێنەرانیش بێگومان لەناو دەیان فاکتەری جیاوازدا خۆی دەبینێتەوە. هەناری هەڵەبجە ناوبانگی هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو هەنارێکی هەڵەبجە ئاودار و بەتام بن، فڵان نووسەر ناوبانگی ڕۆشتووە، بەڵام مەرج نییە هەموو کتێبەکانی و ئەو دنیایەی نیگاری دەکات، بە دڵی هەموو خوێنەرێک بێت. وەک چۆن چەشەی بخۆرێکی هەنار لە دەست چەندان فاکتەری سروشتی، بازاڕ، هەڵکەوتدایە، بەشێک لە هاوکێشەی کتێب، نووسەر و خوێنەریش بە وەها زەوینەیەکدا دێت. واتە نووسەرێک سەردەمانێک لەژێر کاریگەریی گوتارە زاڵەکانی کۆمەڵگە کتێب و نووسینی دەخستە ڕوو، لەسەرشانی ئەو گوتارە ناوی دەڕۆیشت و لە زەینی خوێنەراندا پێگەیەکی پتەوی پەیدا دەکرد، ئێستە سەرباری ئەو گوتارانە فاکتەری دەرەوەی گوتاریش ڕۆڵ دەگێڕن.
وەک چۆن ڕەنگە کەسانێک پەیدا ببن خۆشاوێکی سەرشەقام لە وەرزی زستاندا بە تامی هەنار بخۆن، وەها خوێنەرانێکیش هەن ئیدی نووسەرانێکیان لا بووە بە ئەرشیڤ و لە وەرزێکی ناوەختدا و بە هەڵکەوت ڕەنگە تامیان بکەن و بگەڕێنەوە سەری، چونکە نەک تەنیا گوتارەکانی ئێمە لە کوردستان جۆرێک لە بەرهەمهێنانەوە و جێگیریی سامناکیان سەپاندووە، بەڵکوو گوتارە گشتگیرە جیهانییەکانیش بەهۆی تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی و تەقینەوەی زانیاریی و… ڕۆژ دوای ڕۆژ داوای خۆگونجاندن و کاژخستنمان لێ دەکەن، ڕەنگە لەناو سیستمێکی سیاسی، ئایدۆلۆجی و… درک بەمە نەکرێت یان ئەو جۆرە سیستمانە سروشتیان وا بێت کە لە گۆڕان و کاژخستن بترسن، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێت جیهان و تابلۆ و نیگارەکانی سات بە سات خەیاڵ و ڕوانینی ئێمە دەسکاری دەکەن، “ئاسۆی چاوەڕوانی”ی ئێمە فرەوان و فرەڕەهەندتر دەکەن و ئەمەیش هاوشێوەی تۆڕێکی ڕەمزیی بازاڕە.
ئەگەر هەر فرۆشیارێک، دەزگایەکی چاپ، نووسەر، سیستمێکی سیاسی و… خۆی لەناو ئەم هاوکێشە گەورەیەدا پێناسە نەکاتەوە، بێگومان درەنگ یان زوو پەراوێز دەخرێت، کێ پەراوێزی دەخات؟ کڕیار، خوێنەر، هاووڵاتی. ئایا ئەمانە پێوەرن؟ ئەگەر ڕوانگەیەکی ڕەشۆکانە و حەشامەتتەوەر و هاوکات فرۆشیارانەمان هەبێت، بەڵێ ئەمانە بەشێوەی گشتی پێوەرن. بەڵام پێوەربوونی ئەمانە بەرجەوەن و ئاسۆیەکی ڕەنگاڵەیی و فرەڕەهەندی هەیە، هەر کەسێک حەزی لە هەنار کرد، هەنارناس نییە و هەر کەسێکیش کتێبی بە کۆمەڵ کڕی کتێبخوێن نییە، هەنارناسێکی کارامە ماتەوزەی ئەوەی تێدایە ببێت بە باخەوان و هەنارفرۆش، خوێنەرێکی ڕژد بە داڵغەیش بێ نووسەربوونی لەخۆیدا هەڵگرتووە. بەڵام ئایا نووسەر و هەنارفرۆش تەنیا و تەنیا بۆ قازانج ئیش دەکەن؟
پرسە هەرە گرینگەکە لێرەدایە، هەنارفرۆش ڕەنگە ئەوە بکات، بەڵام نووسەرێکی ڕژد کە لە پانتاییەکی زەمەنیی بەربڵاو، بۆ ئێستە و داهاتوو دەنووسێت و دەتوانێت ببێت بە بەشێکی نەمر لە ڕابردوویش، کاڵاکەی چانس و دەرفەتی زۆری لە بەردەمە! بەرهەمی نووسەری وەها ئەگەر ئێستەیش خوێنەریان نەبێت، دەشێت لە داهاتوویەکی نزیک یان دووردا هەیانبێت، مەگەر ئەوەی تۆوی ڕزان و پووکانەوەیان لەناو دێڕ و وشە و داڕشتن و ماناکانیاندا هەڵگرتبێت و ئاوس بن بە کرمەڕێزبوون!
نووسەرێک پێڕەوکاریی یاسای هەنارفرۆشی بێت، بە دڵنیاییەوە ئەوە نووسەرێکە بە هەر بارێکدا کتێب بنووسێت و ناویشی بڕوات، بۆ تاقمێک لە ڕەشۆک دەنووسێت و لە دەرەوەی بازنەی ستایش و چەپڵەلێدان، هیچیتر قبووڵ ناکات. لەم پرۆسەیەدا تاکپەرستی و دیکتاتۆرسازیی بەشێوەیەکی ڕەمزی خۆی دەنوێنێ و پێمان دەڵێت، ئاستی مەعریفەی ڕەشۆک و پاپیولاری کۆمەڵگەی ئێمە، لە کوێدایە. لە هەموو جیهان پۆپۆڵیزم هەیە، بەڵام هەرکامیان بە پێوەری کولتووری، وێژمانی، سیاسی و مێژوویی خۆیان مەعریفە و ڕوانگەکانیان لە ژیانی ڕۆژانە و لە دووتوێی بژاردەکانیاندا پراکتیزە دەکەن.
ئەو نووسەرانەی بەردەوام پرتەوبۆڵەی ئەوەیانە بۆچی بەرهەمەکانیان ناخوێنرێتەوە؟ سەرەڕای بیرکردنەوە لە دۆخی پۆپۆڵیزمیی سەردەم و گلانی جیهان بەرەو قووڵایی شاشەیەکی وێنەنوێن، دەبێت سەرنجی ئەوەیش بدەن، ئەو بەرهەمەی پێشکەشیان کردووە و خستوویانەتە بازاڕ، توانیویەتی چەشە و خواستی خوێنەر ختووکە بدا؟ ئایا ئێمە دەبێت تەنیا بە گژ خوێنەردا بچینەوە و فاقێک لە پرسیارە جەوهەرییەکەی نووسین بۆ کێ دەنووسین و بۆ دەنووسین؟ بەرەو ئێمە نییە؟












Leave a Reply