تێپەڕین لە دوانەی باش و جاش

بینەر: (3)

وشەی “جاش” بە گوێی هەموو کوردێک و تەنانەت بە گوێی داگیرکەر و نەیارەکانیشی ئاشنایە، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە ئەم وشەیە زیاتر لە هەموو قۆناغەکانی پێشوو و سەرەتای سەدەکە، بەرجەستە کرایەوە و بۆ ئەوانە بەکار هێنرا کە لە بەرەی کورد و کوردایەتیی نەبوون. دەکرێت بڵێین ئەو قۆناغە بەکارهێنانی ئەم وشەیە لە هاوكێشەیەكی دووجەمسەریی کورد و داگیرکەر بوو.

دەلالەتی وشەکە ڕوون و ڕەوان بوو، جاش ئەو کەس یان لایەنە بوو دژی لایەنی شۆڕشگێڕ و خەباتکار یان هەمان باش لەگەڵ داگیرکەردا بە ڕوونی و ڕاشکاوی دەستی تێکەڵ دەکرد، تەنانەت ناسنامەی خۆی لە سیخووڕ و هەواڵگرەکان کە ژێر بەژێر و بە نهێنیی ئیشیان دەکرد، جیا کردبووەوە، بەڵام پارادایمی ئێستە لانیکەم لەوکاتەی سنووری زانیارییەکان بە تەواوەتی شل بووە و کورد لە فەزای شەڕی شاخەوە بەشێوەیەکی فەرمی و دانپێدانراوی هاتنە ناو یاریی و هاوكێشەی سیاسیی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، بە گوێرەی یاساکان ناسنامەیەکی نیوەسەربەخۆی بۆ پێناسە کرا، سنووری نێوان باش و جاش لەناو تۆڕێکی ئاڵۆزکاوی یاسایی-سیاسیدا زۆر جار لێڵ و نەدیتراو دەبووەوە، بە تایبەتی لە ململانێیەکی ناتەندروستی و مێدیایی حزبی کە گوتاری جیاوازیان هەبوو، وا دەنەخشێنرا کە ئەو کەسەی کوردە، بەڵام لەگەڵ گوتاری فڵان لایەندا نییە، تەنیا جیاوازیی بیرکردنەوە و ئایدۆلۆجی هەیە، نەک ئەوەی جاش بێت یان دژی بەرەی شۆڕشگێڕ، مافخواز و باشی کوردستان بێت.

واتە لەم قۆناغەدا جاش ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا دەمامکێک لە خۆی هەڵواسێ، دەمامکێک کە لە سیستمە سیاسییە گەندەڵەکانی وەک عێراق و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بووە بە فەرز و پێویستی، هەموومان لە بیرمانە بەماوەی چەند مانگ لەمەوبەر ئەو هەموو ملیۆن دۆلار و ملیار دینارانە لە توالێت و جێخەوی بەرپرسانی ژن و پیاوی عێراقی دۆزرایەوە کە فەزیلەتی دەسپاکی و جیاکردنەوەی موو لە ماستیان بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشت، بووە مایەی ڕیسواییەکی مێژوویی! کەچی دوای چەند مانگ دەڵێی هیچ نەکراوە و هیچ کەشف نەکراوە! مێژووی وڵاتانی گەندەڵ لەسەر بنەمای پەردەپۆشکردن و خۆڵکردن بە پیساییدا دروست بووە.

لە بارودۆخێکی ئاوادا جاشبوونیش دەتوانێت پرۆسەیەکی ئاڵۆز و دەمامکدار بێت کە شوێنپێگرتنی ئاسان نەبێت، بەڵام دواجار وەک دەستەکەی عەرەبانی سیاسەتوان و پەرلەمانتاری عێراق، کەشف دەبێت و ئەم کەڵەکە بە تڕ بەندکراوە هەر دەڕمێ. ئێمە لە مێژووی کورددا دەتوانین چەند ناوی دیار کە لە کۆیادگەی گشتیماندا جێگیرن ڕیز بکەین کە لە جاشبوونیان بە تۆزقاڵێک گومان ناکرێت. حەسەن خەیری کە ناسراوی هەموو لایەکە و تەنانەت خۆیشی پەژیوانە لەوەی کردوویەتی، ئەگەرچی خەیری زیاتر ساویلکە و زۆج بوو تا جاش. بۆیە پلەی جاشایەتییەکەی دەشێت نزمتر بێت! ئەوانەی ماون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان “ئ ، هـ / ع ، ق ، ف” و چەندان ناوی تر کە پێویست بە ڕیزکردنیان ناکات.

ئەمانە بە ڕوونی دژایەتیی کورد دەکەن، کورد بە خێڵ و هەندێک وردە عەشیرەت دەزانن و لە هیچ شتێک کە کەرامەتی کورد پێشێل بکات، سڵ ناکەنەوە. بەڵام هاوکات چ لە باشوور و چ لە ڕٶژهەڵات (عێراق و ئێران)، کەسانێک توانیویانە بە دەمامکی یاسا و چالاکیی سیاسی و… پیشەی جاشایەتیی کاڵ بکەنەوە و وەک سیاسەت لە قەڵەمی بدەن، بەختەوەرانە ئێستە کۆمەڵگەی کوردی لە هەر سەردەم و قۆناغێکی تر وشیارتر و خوێنەوارترە و تڕی ئەمانە هەر لە دوورەوە دەنگی دێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم هاوكێشەیە لە باشووری کوردستان و لە ململانێی سیاسیی ناو هەرێم و هەرێم لەگەڵ بەغدا، زۆر ئاڵۆزتر خۆی بەرجەستە دەکات.

ئەزموونی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕیی لە باشوور هەرزوو ناسنامەی جاشی دیاری کرد و ئێستە لە مێژوودا بە بەڵگەوە هەیە، بەڵام وەک وتم، پاش سەقامگیرییەکی ڕێژەیی سیاسی و بە فەرمیبوونی کورد لە یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەناوی ئۆپۆزسیۆن و جیاوازیی گوتار و ڕای سیاسییەوە بەردەوام تەنگ بە هەرێم و حکوومەتەکەی هەڵچنراوە، بەردەوام بەناوی دادخوازیی بۆ خەڵک دژایەتیی هەر جۆرە مافێکی سیاسی و بژێوییەکی کورد لە بەغدا کراوە، مانای چییە هەر لایەنێک بەناوی بەرگریی لە قووت و مافی خەڵک دەچێت دۆسییەیەک لە بەغدا دەکاتەوە دژی هەرێم و کوردستان؟ یانی ئەوان پێیان وایە بەغدا بەو خەزنە گەورە مێژووییەی لە گەندەڵی، کوشتوبڕ، دەستدرێژیی، ئەنفال و… دادپەروەرترە لە کورد؟ ئەوان زیاتر دڵیان بە کورد دەسووتێ؟

ئەم فیگەر و ئایکۆنەی جاش بە دەمامکی سیاسی و پەرلەمانی و ئۆپۆزسیۆن، دەرکردنی جاش و باشە لە چوارچێوەی ڕەش و سپی و بە خۆڵەمێشیکردنی، بەڵام بەم حاڵەیشەوە چونکە گوتار و یارییەکان زوو بە زوو میدیایی دەبنەوە و خەڵک وشیارە، جاشبوونەکە بە ڕوونی خۆی دەردەخات، چونکە وا دەزانێت خەریکە سیاسەت دەکات! یان مافی خەڵک لە بەغدا و خەڵکی ناسریە و بەسرە بۆ کورد وەردەگرێت! شاران و پارێزگاگەلێک کە کورد لایان زیاتر وەک غەنیمە و چوکلێت دەبینرێت تا مرۆڤ و ئادەمیزاد. هەڵبەت جاشی واشمان هەیە نە ڕەش و سپی و نە خۆڵەمێشیشە و لەناو ئەم موعادەلەیەدا هەر ئیش دەکات، ئەمانە پێیان دەڵێن جاشی ڕەنگاوڕەنگ و نموونە هەرە دیارەکەی کە ئەم ڕۆژانە دەیبینین و دیسان بە ڕەنگی عیشوە و نووکە و خۆچەماندنەوە بۆ عەرەب و سیاسییەکانی دژبەری کورد لە بەغدا دەرکەوتووەتەوە، ئاڵا تاڵەبانییە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *