جوانترین یاریی و باشترین پاراستن

بینەر: (3)

پەرلەمان، بە درێژکراوە و گەشەسەندنی ئەو دەزگا و ئەنجومەنانەی لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە (وەک «ئێکلێسیا» لە ئەتینا، کە ئەریستۆ بە دەستپێکی بەشداریی هاوڵاتییان لە ژیانی سیاسیدا وەسپی دەکات) تا ئێستە، گوزارشتی لە ئیرادەی گەل کردووە، گەلیش پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بە دەسپێک زانیوە. بەرژەوەندی گەلیش وەک ژان ژاک ڕۆسۆ لە «ئیرادەی گشتی»دا جەختی لێ دەکاتەوە، لە پاراستنی ئەو خاک و ئاو و پارچە جیۆگرافییەدا دەبینێتەوە کە مێژوو بە ئەوەوە گرێیداوە و ناوی قەوارەیەکی سیاسی دیاریکراوی لێنراوە (کە لای تۆماس هۆبس وەک بنەمای تەناهی و ئارامی لە ڕێگەی پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە وێنا دەکرێت) و بەپێی یاسا و دەستوور خاوەنی سەروەری خۆیەتی (کە ژان بۆدان بە دەسەڵاتی ڕەها و بنەڕەتی دەوڵەتی دادەنێت).

لەم ڕوانگەیەوە، هەر کەس و گرووپ و لایەنێک ببێتە هۆی مەترسی بۆ زیانگەیاندن بەو قەوارەیە، دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانییەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێ بزانین، بەپێی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسیی سیاسی، پێکهاتە و بۆچوونە جیاوازەکانی مرۆڤ، ئایدیا و ئایدۆلۆجیای جیاواز (بەهۆی جیاوازی پێگە و بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەک کارل مارکس و کارل مانهایم ئاماژەی پێ دەکەن) دروست دەکات، بۆ گوزارشتکردن لەم بۆچوونە جیاوازانە، ئامراز و میکانزمی گونجاو دۆزراوەتەوە، ئەویش حزب و پارتی سیاسییە (کە ماکس ڤێبەر بە ئامرازی سەرەکی ڕێکخستنی دەسەڵات لە دیموکراسیی هاوچەرخدا ناساندوویەتی).

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *