هەڵبژاردنەکانی میدتێرمی کۆنگرێسی ئەمەریکا، تەنیا وەک ڕووداوێکی سیاسیی ئاسایی تێنەپەڕی، بەڵکو هێڵکارییەکی نوێیان بۆ نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتە کێشا کە لێکەوتەکانی لە سەرووی هەموو چاوەڕوانی و پێشبینییەکانەوە بوو. ئەنجامەکان دەریخست چەمکی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا تووشی وەرچەرخانێکی دراماتیکی بووە. بردنەوەی دیموکراتەکان لە بەشێک لەو ویلایەتانەی نزیکەی سەدەیەک بوو وەک قەڵای ئاسنینی کۆمارییەکان هەژمار دەکران، بۆ نموونە کەنساس، تەنیا سەرکەوتنێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ درزبوونی ژێرخانی کۆمارییەکان لە ناوچە نەریتییەکانیاندا.
بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم گوڕانکارییە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، کاتێک ڕۆژنامەنووس و تۆژەری ئەمریکی “تۆماس فرانک” لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “کەنساس چییەتی؟” (What’s the Matter with Kansas?) پرسیارێکی جەوهەریی ئاراستەی کۆمەڵگەی ئەمەریکایی کرد: بۆچی ویلایەتێک کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە چینەکانی هەژار و مامناوەندن، هەمیشە دەنگ بە پارتی کۆماری دەدەن کە ئەجێندای ئابووریی دەوڵەمەندەکان و سەرمایەداران جێبەجێ دەکات؟
وەڵامەکەی فرانک سادە، بەڵام پڕ بوو لە حەقیقەت، پارتی کۆماری هەمیشە لەڕێگەی زەقکردنەوەی پرسی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە وەک پرسی لەباربردنی منداڵ ( Abortion )، مافی هەڵگرتنی چەک و بەها کولتوورییەکان ، هەستی هەژارانی کەنساسیان دەجووڵاند و فریویان دەدان، بەبێ ئەوەی ڕێگە بدەن نایەکسانیی ئابووری، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، یان هەڵئاوسان ببنە بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان.
بەڵام ئەمڕۆ وەها دیارە دۆناڵد ترەمپ بە ڕەفتار و سیاسەتە سەیر و پڕاوپڕ لە مشتوومڕەکانی، ئاراستەی بیرکردنەوە و ڕوانینی دەنگدەری ئەمەریکایی گۆڕیبێت و بەئاگای هێنابنەوە.
ئێستە و دوای کۆنترۆڵکردنی (ئەنجومەنی نوێنەران- House Of Representatives ) و (ئەنجومەنی پیران- Senate) لەلایەن دیموکراتەکانەوە، حوکمڕانی لە ئەمەریکا چووەتە قۆناغێکی نوێ لە جەمسەربەندیی دەسەڵات.
دروستبوونی دوو جەمسەری هێز لەناو یەک جەستەی حوکمڕانیدا، کاتێک سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دۆناڵد ترەمپ بێت، هیچ ئاسوودەیی و دانوستانێک بەخۆیەوە نابینێت. ترەمپ لە ئێستەوە بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕۆڵی “مستەر ڤیتۆ” (Mr. veto) دەگێڕێت، واتە هەموو یاسا و پرۆژەیەک کە لە کۆنگرێسەوە بەرەو کۆشکی سپی بەڕێ بکرێت، بەر رەتکردنەوە و ڤیتۆی سەرۆک دەکەوێت.
ئەم دۆخە نیشانەیەکی دیاری لێڵبوون و تا ئاستێک لەکارکەوتنی سیستمی حوکمڕانیی ئەمەریکایە (Gridlock). کاتێک پێوەندییەکانی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگریس دەگەنە بنبەست، دیموکراتەکان ناچار دەبن ئامرازی گوشار بەهێزتر بکەن، بەتایبەتی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا هێواش هێواش بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٨ گەرمتر دەبن و دیموکراتەکان دەیانەوێت ئەم سەرکەوتنەیان بکەنە پردێک بۆ گەیشتنەوە بە کۆشکی سپی.
لەلایەکی ترەوە، ئەوەی زۆرتر جێی سەرنج و تێڕامانە، دۆخی ناوخۆیی کۆمارییەکان و سەرکردەکانیانە، ئایا کەسایەتییە دیارەکانی ناو پارتەکە، بە نموونە “جەی دی ڤانس” و “مارکۆ ڕۆبیۆ”، تا کەی چارەنووسی سیاسیی خۆیان بە ترەمپێکەوە دەبەستنەوە کە چیتر مایەی دەستکەوت و سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان نییە؟ هەرچەندە ترەمپ تا ئێستەیش هەژموون و کاریگەریی بەهێزی بەسەر جەماوەری کۆمارییەکانەوە هەیە، بەڵام توانای سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر هاوکێشە بەرفرەوانەکەدا لەدەست دا.
سەرەڕای ئەم ئاڵنگارییە ناوخۆییانە، پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێت: ئایا پارتی کۆماری لەمەودوا دەتوانێت ستراتیجی خۆی نوێ بکاتەوە و خۆی لە کاریگەرییە گەورەکانی کەسایەتیی ترەمپ ڕزگار بکات، یان ئەوەتا پارتەکە بەرەو دابەشبوونێکی قووڵی ناوخۆیی هەنگاو دەنێت؟ مێژووی سیاسیی ئەمەریکا پێمان دەڵێت کە پارتە گەورەکان کاتێک تووشی شکستێکی ستراتیجی دەبن، پێویستیان بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر دەبێت بە ئاراستە و بەرنامەکانیاندا، بەڵام لە سایەی پۆپۆڵیزمی توندی ترەمپدا، ئەم پرۆسەیە زۆر ئاڵۆزتر بووە.
ئەوەیش بڵێم، سەرکەوتنی دیموکراتەکان تەنیا بەرهەمی لێهاتوویی خۆیان نەبوو، بەڵکو زادەی نیگەرانیی قووڵی چینی مامناوەندی ئەمەریکا بوو لە داهاتووی مافە بنەڕەتییەکان و سەقامگیریی ئابووری، لەبەرئەوە تاقیکردنەوەی راستەقینەی دیموکراتەکان لە ئێستەدا ئەوەیە، ئایا دەتوانن لە کۆنگرێسی نوێدا ئەم زۆرینەیە بگۆڕن بۆ کارنامەیەکی یاسایی تۆکمە کە متمانەی زیاتری هاووڵاتییان بەدەست بهێنێت، پێش ئەوەی شەپۆلی ناڕەزایی ئاراستەی سیاسەت دووبارە پێچەوانە بکاتەوە؟ چونکە لە سیستمێکی سیاسیی وەها ئاڵۆزدا، بردنەوەی یەک هەڵبژاردن واتای کۆتایهاتنی کێبەڕکێ نییە، بەڵکو تەنیا دەستپێکێکی نوێیە بۆ قۆناغێکی توندی تێكۆشان لە پێناوی مانەوەدا.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، شیکەرەوەکان دابەشبوون، هەندێک پێیان وابوو هیچی ئەوتۆ ناگۆڕێت و گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوو نادات، چونکە ئەم سەرۆکە سەردەستانە هەموو بڕیارەکانی لەدەستی خۆیدا کورت کردبووەوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع شتەکان جیاوازن، جیهان لە بەرانبەر دوو ئەگەری کراوەدایە: یان ترەمپ بەرانبەر دەرەوە توندتر و توندڕۆتر دەبێت تا شکستە ناوخۆییەکانی بەردەست بە پەلاماری دەرەکی داپۆشێت، یان بەهۆی کێشە و ڕێگرییە ناوخۆییەکانەوە هێندە سەرقاڵ دەبێت کە دەسەڵاتی دەرەکیی بەرەو سستبوون بچێت.












Leave a Reply