پڕۆژەی ڕووناكی سیستمی قیست بۆ دانەوەی قەرزی كۆنی كارەبا دەست پێ دەكات

بینەر: (87)

پڕۆژەی “ڕووناكی” بڕیاری دا سیستمی قیستی مانگانە بۆ دانەوەی قەرزی كۆنی هاوبەشانی كارەبا جێبەجێ بكات، كە لەسەر پسوولەی مانگی ئەیلوول (مانگی نۆ) دەست پێ دەكات و بەپێی جۆری هاوبەش، ماوەكەی لە نێوان شەش بۆ 24 مانگ دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ـی ئەیلوول، پڕۆژەی “رووناكی” راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، قەرزی پێش رووناكی دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانە وەك پابەندییەك كە تا 24 مانگ دەخایەنێت بەبێ هیچ داشكاندنێك.

بەپێی راگەیەنراوەكە، یەكەم قیست دەخرێتە سەر پسوولەی خولی مانگی نۆ كە چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی 10ـدا دەربچێت. ئەم سیستمە هەلێك دەدات بەو هاوبەشانەی كە نەیانتوانی بەشداری لە كەمپەینی داشكاندنی 50%ـدا بكەن، بۆ ئەوەی قەرزەكانیان بە ماوەیەكی درێژخایەن بدەنەوە، بەو مەرجەی قیستەكان پێكەوە لەگەڵ پسوولەی مانگانەی رووناكی لە ماوەی 50 رۆژی دیاریكراودا بدرێنەوە.

بە مەبەستی كارئاسانی، پڕۆژەی رووناكی ماوەی قیستەكان و كەمترین بڕی مانگانەی بەم شێوەیە پۆلێن كردووە:

– ماڵان و كشتوكاڵ: دەتوانن قەرزەكانیان تا (24 مانگ) بدەنەوە، كەمترین بڕی قیستی مانگانە (20,000) بیست هەزار دینارە.

– بازرگانیی بچووك: دەتوانن قەرزەكانیان تا (12 مانگ) بدەنەوە، كەمترین بڕی قیستی مانگانە (20,000) بیست هەزار دینارە.

– بازرگانی و پیشەسازیی گەورە: دەتوانن قەرزەكانیان تا (شەش مانگ) بدەنەوە، كەمترین بڕی قیستی مانگانە (200,000) دوو سەد هەزار دینارە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوەكەدا كۆمەڵێك داتا و زانیاریی نوێی لەبارەی پێشكەوتنەكانی پڕۆژەكە خستەڕوو كە بریتین لە:

– لێخۆشبوونی قەرز: نزیكەی 800,000 هاوبەش لە داشكاندنی ناوازەی 50% سوودمەند بوون (كە لە نێوان سێـی ئاب تا 10ـی ئەیلوول بەردەوام بوو).

– سفركردنەوەی قەرزەكان: ئێستە زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش (لە كۆی دوو ملیۆن هاوبەش لە هەرێمی كوردستان) هیچ قەرزێكی كۆنیان لەسەر نییە، لەو ژمارەیەش یەك ملیۆنیان هاوبەشی ماڵانن.

– قەبارەی لێخۆشبوون: تا ئێستە حكوومەتی هەرێم لە بڕی 360 ملیار دینار خۆش بووە، كە 300 ملیار دیناریان تەنیا بۆ لێخۆشبوونی سەر قەرزی كۆنی پێش رووناكی بووە.

– قەرزی ماوە: زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەی كە هێشتا قەرزی كۆنیان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەكەیان لە 300 هەزار دینار كەمترە.

– ئاستی پێدانی كارەبا: تا ئەمڕۆ زیاتر لە 90%ـی هاووڵاتییانی كوردستان لە رێگەی پڕۆژەی رووناكییەوە كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین كراوە.

– تێچووی هاووڵاتییان: بەپێی نرخە نوێیەكان، 80%ـی هاووڵاتییان (بەتایبەتی كەمدەرامەتان) مانگانە پارەیەكی كەمتر دەدەن بەراورد بەو كاتەی كە پارەی موەلیدە و كارەبای نیشتمانییان پێكەوە دەدا.

پڕۆژەی “رووناكی” یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە راگەیەنرا. ئامانجی سەرەكیی ئەم پڕۆژەیە، كۆتاییهێنانە بە قەیرانی دەیان ساڵەی كارەبا و دابینكردنی كارەبای نیشتمانیی بەردەوام (24 كاتژمێری) بۆ گشت ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان، لەگەڵ نەهێشتنی مۆلیدە ئەهلییەكان كە هۆكارێكی سەرەكیی پیسبوونی ژینگە و بارگرانیی دارایی بوون بۆ هاووڵاتییان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *