زۆربەی كات مرۆڤ دوای گریانێكی زۆر جا بەهەر هۆكارێك بێت، دواتر هەست بە هێمنی و ئاسوودەیی دەكات. راستە كە فرمێسك كێشەكان چارەسەر ناكات، بەڵام دوای هاتنەخوارەوەی لە چاو، ساتێك لە ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت، هاوكات مامەڵە لەگەڵ هەستە بەهێزەكان كە دواتر مرۆڤ هێمن دەكاتەوە. پسپۆرێكی دەروونی بە وردی باس لەو حاڵەتە و هۆكارەكەی دەكات.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی “شەرق ئەوسەت”، رۆشنایی خستووەتە سەر بۆچوونی پسپۆرێكی بواری دەروونی كە لەبارەی گریان و پاشان ئاسوودەیی قسە دەكات. ئەو بۆ پێگەی “ئۆنڵی مای هێڵس” بۆچوونەكانی خستووەتەڕوو. پێی وایە گریان وەڵامدانەوەیەكی سروشتیی هەر كەسێكە تووشی خەم یان تووڕەیی یاخۆ ئازار و هەستكردن بە ماندوویی دەبێت، دوای گریانێكی زۆریش، دەروونی مرۆڤ هەست بە هێمنی و ئاسوودەیی دەكات.
د. شاندنی تۆگنایت كە پزیشكی دەروونییە و بەڕێوەبەری دامەزراوەیەكی چارەسەری دەروونییە دەڵێت، هۆكارگەلێك لە پشتی گریانێكی زۆر و پاشان هەستكردن بە ئاسوودەیی هەن، نموونەیان كاتێك خەمەكان پێكەوە كۆ دەبنەوە و دڵ و دەروونی مرۆڤ پڕ دەكەن، ئەوكات گریان حاڵەتێكی سروشتییە بۆ گوزارشت لە حاڵەتەكە، نەك هێشتنەوەی بە شاراوەیی لە ناوەوەدا، راستییەكەی فرمێسك هەستەكە و دڵەڕاوكێیە كەمتر ناكاتەوە، بەڵام هەناسەیەك بە مرۆڤ دەدات بۆ دوورخستنەوەی پاڵەپەستۆ سۆزدارییەكە، بۆیە دەبینرێن لە دوای گریان و هاتنی فرمێسك، دەروون هەست بە ئاسوودەیی دەكات.
ئەو پزیشكە دەروونییە باس لەوە دەكات كە كاتێك مرۆڤ تووشی تووڕەبوونێكی زۆر دەبێت، ئەوكات جەستە هەست بە هەناسەسواری و گرژبوونی ماسولكەكان و خێرایی لێدانی دڵ دەكات، لەو كاتەیشدا بە گریان هەستەكەی دەردەبڕێت بۆ نەهێشتنی تووڕەبوونەكەی، دوای گریانەكەیش جەستە هەست بە هێمنی دەكات و هەناسەی ئاسایی دەبێت و ماسولكەكان و لێدانی خێرایی دڵیش ئاسایی و خاو دەبنەوە.
لە هۆكارێكی تری ئاسوودەیی لە دوای گریان ئەو پزیشكە باس لەوە دەكات، زۆرجار مرۆڤ ئەو وشانەی بەبیر نایەت تا بتوانێ لە رێگەیانەوە گوزارشت لەو هەستە بكات كە تێیدایە، بۆیە فرمێسك تاكە هۆكارە تا بتوانێ بەرانبەرەكانی بەو هەستەی تێبگەیەنێت.
لە توێژینەیەكی نوێدا هەر لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دراوە كە كەسی گریاو، توانای نییە بە وردی شیكردنەوە بۆ ئەو هەستەی بكات كە ئازاری دەدات، بۆیە لەوكاتیشدا فرمێسك تاكە هۆكار دەبێت بۆ دەربڕین و دەرچوون لەو ئازارەی تێیدایە. كاتێكیش كەسی گریاو هەست دەكات كەسێك هەیە هەست بە ئازارەكانی بكات، بێگومان ئەوكات هێمن و ئاسوودەتر دەبێت.












Leave a Reply