نەخۆشخانەی رزگاری دەبێتە پێشكەوتووترین نەخۆشخانەی حكوومی لە عێراقدا

بینەر: (5)

دوای ئەوەی ژنێكی چالاك كرایە بەڕێوەبەری گەورەترین نەخۆشخانەی هەولێر، چەندان گۆڕانكاریی گرنگی ئەنجام داوە و دەڵێت، كارێكمان كردووە 40 ساڵە نەكراوە.

ماوەی ساڵێكە نەخۆشخانەی رزگاری وەك گەورەترین نەخۆشخانەی هەرێمی كوردستان نۆژەن دەكرێتەوە، هەر رۆژە و هەواڵی بەشێكی نوێ لە نەخۆشخانەكە رادەگەیەنرێت.

د. نورجیهان عەلی شەعبان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری گوتی، ئەوەی ئێستە ئێمە خەریكین بنیاتی دەنێین و دەستمان پێ كردووە، لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا نەكراوە.

بەشەكانی نەخۆشخانە بەردەوام لەلایەن رێكخراو و شارەزایانی بیانی راهێنانیان پێ دەكرێت، ئاستی پزیشك و پەرستار و كارمەندانی نەخۆشخانەكە بەردەوام بەرز دەكرێتەوە.

بەبڕوای د. نورجیهان عەلی شەعبان، ئێستە نەخۆشخانەی ڕزگاری بەراورد بە نەخۆشخانەكانی تری كەرتی گشتی لەسەر ئاستی عێراق، لە پلەی یەكەمدا دێت و دوای تەواوبوونی پرۆسەكەش، هاوشێوەی نەخۆشخانە تایبەتەكان خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكات.”

لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكەدا ئەگەرچی چەندان بەش زیاد كراون، هەر بەشێك و ژوورێك تابلۆیەكی بەكوردی و ئینگلیزی لەسەر نووسراوە، ئەوەش بۆ رێنیشاندانی نەخۆش و هاوەڵەكانی كارئاسانییە.

گۆڕانكارییە گەورەكەی نەخۆشخانەی ڕزگاری فێركاریی هەولێر، ئەمجارەیان ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی مەمكی گرتەوە و بەشەكە بەتەواوی فراوان كراوە.

هاوكات راوێژكاری نەشتەرگەری ڕوو و شەویلاگ بەتەواوی هاتووەتە گۆڕان و بەشەكە بەراورد بەپێشتر چەندان جار گەورەتر كراوە، خزمەتگوزارییەكانی زیاتر كراوە و پزیشك و شارەزای بێوینەی كاری تێدا دەكەن.

نۆژەنكردنەوەی چێشتخانەی نەخۆشخانەی ڕزگاری بە كوالێتییەكی بەرز و بەپێی ستانداردە پێویستەكان، لەلایەن بەشی ئەندازەوە ئامانجی تەواوكردنی خێرای پڕۆژەكە و دابینكردنی ژینگەیەكی گونجاو و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە نەخۆشان و ستافی نەخۆشخانە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری دەشڵێت، “ژێرخانی نەخۆشخانەكە دادەڕێژینەوە و بەگوێرەی ستانداردی جیهانی و زانستی خزمەتی نەخۆش دەكەین. لەو بەشانەی نۆژەن كراونەتەوە، بەتایبەتی هۆڵەكانی نەشتەرگەری، ئامێری پێشكەوتووی (Air Fresher) جێگیر كراوە بۆ پاكڕاگرتن و نەهێشتنی ڤایرۆسی زیانبەخش، ئەمە لە هیچ نەخۆشخانەیەكی تری كەرتی گشتیدا نییە.

د. نورجیهان عەلی شەعبان رای گەیاند، “نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەسانی خێرخواز هاوكار و بەشدار بوون لە پشتگیریكردنی نەخۆشخانەكەدا”.

نەخۆشخانەی رزگاری گەورەترین نەخۆشخانەی حكوومییە لە هەرێمی كوردستان، بەم نۆژەنكردن و گۆڕانكاریانەش دەبێتە پێشكەوتووترین نەخۆشخانەی حكوومی لە عێراقدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *