وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی دەرمانی بەشێوەی ئۆنلاین قەدەغە كرد.
لە راگەیەنراوی وەزارەتەكەدا هاتووە، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، “هۆشداریتان پێدەدەین كە كڕین و فرۆشتنی دەرمان بە هەموو شێوەیەك بە شێوەی ئۆنڵاین قەدەغەیە تكایە خۆتان بەدووربگرن لەم جۆرە دەرمانانە”.
دووپات لەوە كراوەتەوە كە ئەم كارە بە تەواوی نایاساییە و ڕێككاری توندی یاسایی لە بەرانبەر هەر كەس و لایەنێك دەگیرێتەبەر كە هەستێت بە ئەنجامدانی و دەرمان بە نایاسایی بفرۆشرێت.
“لەپێناو سەلامەتیی تەندروستیی خۆتان و خێزانەكانتان، داواتان لێدەكەین بە هیچ شێوەیەك پشت بەم ڕیكلام و پلاتفۆرمە نامتمانەییانە نەبەستن و دەرمان بە ئۆنڵاین مەكڕن، جگە لە دەرمانخانە هیچ شوێنێكی تر بۆی نیە دەرمان بە چارەخوازبدات” لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.
هەروەها دووپات كراوەتەوە كە ئەو بەرهەمانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئۆنڵاین بۆ دابەزاندن یان زیادكردنی كێش دەفرۆشرێن، سەرچاوە و پێكهاتەیان نەزانراوە و زیانی كوشندەیان بۆ سەر جەستە هەیە و زۆربەیان مادەی كیمیایی قەدەغەكراو یان بڕێكی زۆر لە كافایین و هاندەرە توندەكان لەخۆ دەگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری پەستانی خوێن، تێكچوونی لێدانی دڵ (Arrhythmia)، جەڵتەی دڵ و مێشك، هەروەها تێكشكانی خانەكانی جگەر و گورچیلە.
هەروەها دەرمانی خۆقەڵەوكردن وەك ئەوان ئاماژەیان بۆ كرووە، زۆربەی كات بڕێكی نائاسایی هۆرمۆنەكان (وەك كۆرتیزۆن) یان ستیرۆید لەخۆ دەگرن، كە دەبنە هۆی كۆبوونەوەی شلە لە لەشدا، تێكچوونی سیستمی بەرگری، كێشەی هۆرمۆنیی توند، و لاوازكردنی توانای كاركردنی ئەندامە سەرەكییەكانی جەستە.












Leave a Reply