بۆ تەندروستیی پووك و ددانەكانتان ئەم خۆراكانە بخۆن

بینەر: (8)

زۆرن ئەوانەی پێیان وایە تەندروستیی دەم و ددانەكان پێوەستن بە شوشتنی ددان بە داو و فڵچە، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك روونی دەكەنەوە كە تەندروستیی دەم و ددان، زیاتر پێوەستن بە هەندێك خۆراك، هەندێك خۆراك سوود دەگەیەنن و هەندێكی تریش زیانیان بۆ پووك و ددان هەیە.

پێگەی “ئەهرام”ی میسری، پشتی بە زانیارییەكانی پسپۆرانی خۆراك بەستووە كە قسەیان بۆ پێگەی “ئەنفۆبا”ی ئیسپانی كردووە و دەڵێن، دروستە كە پاككردنەوەی ددان و پووك بە داو و فڵچە گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەو خۆراكانەیە كە دەیخۆن، چونكە هەندێك خۆراك لەڕووی تەندروستییەوە بۆ ددان و پووك و دەم بەگشتی زۆرباشن، هەندێكی تریش زیانیان پێ دەگەیەنن، بۆیە گرنگە ئەو جۆرە خۆراكانە لە یەكتر جیا بكەنەوە.

پسپۆران لەبارەی خۆراكە باشەكان بۆ تەندروستیی ددان و پووك، ئاماژە بە پەنیر دەدەن كە خواردنێكی سووكە بۆ ددان و پووك، چونكە بە كالسیۆم و فسفۆر دەوڵەمەندە، پەنیر مینای ددان نوێ دەكاتەوە و پووكیش بەهێزتر دەكات. هەروەها گێزەریش ئەو سەوزەیەیە كە بە فڵچەی ددانی سروشتی ناو دەبرێت، ددانەكان پاك دەكاتەوە و دووریان دەخاتەوە لە بەكتریا زیانبەخشەكان.

هاوكات پسپۆران باس لە سێو دەكەن كە ئەویش بە فڵچەی ددانی سروشتی ناو دەبرێت، هەرچی پیسی و پەڵەی سەر ددان هەیە، لەناویان دەبات و وا دەكات هەمیشە رەنگی ددان سپی بچنەوە. ماسیی سەلەموون و سەردینیش كە بە ماسییە چەورەكان هەژمار دەكرێن، بۆ بەهێزكردنی ددان و پووك زۆر گرنگن، چونكە بە ڤیتامین “دی” دەوڵەمەندن. جیا لەوەی ترشەڵۆكی “ئۆمیگا3” لەخۆ دەگرن كە ئەویش بۆ نەهێشتنی هەوكردن گرنگە. هاوكات چەرەزات بەگشتی بۆ تەندروستیی ددان و پووك زۆر بەسوودە، بۆ نموونە بادەم كالسیۆمی تێدایە بۆ بەهێزكردنی مینای ددان. گوێزیش ترشەڵۆكی ئۆمیگا3 لەخۆ دەگرێت كە ئەویش بۆ تەندروستیی پووك زۆرباشە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *