قەیرانی بەنزین گەیشتە مووسڵ، بەپێی بڕیاری بەرپرسانی شارەكە هەر شۆفێرێك بۆی هەیە 72 سەعات جارێك 40 لیتر بەنزین وەربگرێت.
ماوەی چەند رۆژێكە قەیرانی بەنزین لە مووسڵ سەریهەڵداوە شۆفێران بۆ دەستكەوتنی بەنزین، دەبێت نۆرەیەكی درێژ ببڕن تا بتوانن 40 لیتر بەنزین وەربگرن.
بەرپرسانی شارەكە ئەوەیان ئاشكرا كردووە، بەشە بەنزینی نەینەوا لە سێ ملیۆن و 300 هەزار لیترەوە بەرز كراوەتەوە بۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر لە ڕۆژێكدا، بەڵام قەیرانەكە بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست بەردەوامە.
لە مووسڵ بەكۆبۆن بەنزین دابەش دەكرێت، بەڵام ئەو ماڵانەی ئۆتۆمبێلیان نییە كۆبۆنەكەیان دەفرۆشن، ئەوەش وایكردووە بەردەوام خواست لەسەر بەنزین زیاد بكات و نۆرەكە كەم نەبێتەوە.
فەیسەڵ حەسێن عەكیدی سەرۆكی دەستەی كەرتی تایبەتی نەوت لە پارێزگای نەینەوا ڕای گەیاند، یەكێك لە هۆكارەكانی قووڵبوونەوەی قەیرانەكە بریتییە لە هاتنی هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ مووسڵ، بۆ وەرگرتنی بەنزین بە بەكارهێنانی ئەو كۆبۆنانەی كە موڵكی دانیشتووانی شارەكەن، هەندێك لەم كۆبۆنانە دەفرۆشرێن و هەندێكی تریشیان بە ڕەزامەندیی خاوەنەكانیان و بەبێ بەرانبەر بەكار دەهێنرێن.
بەپێی گوتەی شارەزایان، ئۆكتانی بەنزین لە مووسڵ نزمە و پلەكەی 86ـە، ئەمەش كێشەی زۆری بۆ شۆفێران دروست كردووە.
خەڵكی شارەكە گومانیان هەیە كە ئەو رێژە زۆری رۆژانە بۆ شارەكە دابین دەكرێت، سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر بۆ شوێنی تر بچێت و یان لە بازاڕدا بفرۆشرێت.
















Leave a Reply