سامر قاسم داود بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق ڕای گەیاند، كۆی داهاتی گومرگی وڵات لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە، گەیشتووەتە سێ ترلیۆن دینار.
بەڕێوەبەری دەستەكە ئاماژەی بەوە دا، ئەم بەرزبوونەوەیە لە كۆكردنەوەی داهاتدا، بەهۆی توندكردنەوەی ڕێكارە چاودێرییەكان و سەركەوتنی جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی “ئەسیكۆدا”وە هاتووەتە ئاراوە.
پێوەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گفتوگۆكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ ئاشكرای كرد، هاوئاهەنگییەكان لە قۆناغی نیمچە ڕێككەوتندان لەسەر لایەنە تەكنیكییەكان، بەڵام جێبەجێكردنی تەواوەتیی ڕێككەوتنەكە بەندە بە یەكلابوونەوەی پرسی ڕادەستكردنی 50٪ـی داهاتە نانەوتییەكان لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا.
هاوكات لە یەكـی تشرینی یەكەمی داهاتووەوە سیستمی “پارەدانی پێشوەختە” دەست پێ دەكات، تێیدا باجی گومرگی بەشێوەیەكی پێشوەختە وەردەگیرێت و بە سیستمی بانكی ناوەندیی عێراقەوە دەبەسترێتەوە.
ئەم بڕیارە نوێیە ئەو كۆمپانیایانەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە كە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەكانەوە، كاڵا هاوردە دەكەن و ناو و زانیارییەكانیان لە بانكی ناوەندی تۆمار كراوە.
















Leave a Reply