بە جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوانە ئازاری پشت كەمتر بكەنەوە

بینەر: (21)

زۆرن ئەوانەی بە ئازاری پشت دەتلێنەوە، بە جۆرێك توانای جووڵە و بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانەیان بۆ جیبَەجێ ناكرێت، بێگومان ئەو ئازارە هۆكاری تری لە پشتە و پزیشكی پسپۆر زیاتر دەتوانێ هۆكارەكەی ئاشكرا بكات و چارەسەریشی بۆ دەستنیشان بكات. لەگەڵ ئەوەیشدا پسپۆرانی بوارەكە چەند هەنگاوێك دیاری دەكەن كە دەكرێ بە جێبەجێكردنیان، ئازاری پشت كەمتر بكەنەوە.

پێگەی “ئەهرام”ی میسری، پشتی بە زانیاریی پسپۆرانی بوارەكە بەستووە كە لە رێگەی Harvard Health Publishing وە، هەنگاوەكان ئاشكرا دەكەن و بەهۆیەوە ئازاری پشت كەمتر دەكەنەوە. هاوكات دووپات لەوەیش دەكەنەوە كە ئەگەر ئازاری پشت درێژەی كێشا و گەیشتە زیاتر لە 12 هەفتە، پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشكی پسپۆر بكەن، چونكە ئەگەری هەیە ئەو ئازارە پێوەندیی بە نەخۆشییەكی تر مەترسیدار هەبێت، بۆیە گرنگە دەستنیشانی نەخۆشییەكە بكرێت بۆ پێدانی چارەسەری دروست.

لەبارەی ئەو هەنگاوانەی بە جێبەجێكردنیان ئازاری پشت كەمتر دەكەنەوە، پسپۆرانی بواری مل و بڕبڕە دەڵێن، بەر لە هەر شتێك ئەگەری ئازارەكە زۆر توند بوو و هاوكات درێژەی كێشا، راستەوخۆ سەردانی پزیشكی پسپۆر لە بوارەكانی مل و بڕبڕە یان پسپۆری مێشك و چارەسەری سروشتی بكەن.

هەروەها لەسەر نەخۆشە بۆ ئازاری پشتی پرسیاری چەندان جۆری چارەسەر لە پزیشكەكەی بكات، بەو مەبەستەی كام لە هەنگاوەكانی چارەسەر، سوود و مەترسییەكانیان چین، لەو رۆشناییەوە ئاسانتر دەتوانێ چارەسەری دروست وەربگرێت.

بۆ كەمكردنەوەی ئازاری پشت، چارەسەری سروشتی و راهێنانی وەرزشی هەنگاوێكی ترە، ئەوە وا دەكات ماسولكەكانی بەهێزتر بن و جووڵەی باشتر بێت، هەروەها یۆگا یارمەتیدەرێكی باشە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری پشت.

لە هەندێك حاڵەتدا ئەگەری هەیە پزیشك رێنوێنیی نەخۆش بكات بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بۆ ئەوەیش لەسەر نەخۆش پێویستە راستەوخۆ بڕیاری نەشتەرگەرییەكە نەدات، بەڵكو گرنگە بۆچوونی پزیشكێكی تریش بۆ هەمان نەشتەرگەری وەربگرێت، ئەگەری هەیە چارەسەرێكی جیاوازتر لەلای ئەو پزیشكە بۆ نەخۆشییەكە دەستەبەر بێت.

هەروەها هەندێك خووی رۆژانە هەیە ئەگەر بە دروستی بكرێن، ئەگەری هەیە ببنە هۆی كەمكردنەوەی ئازاری پشت، بۆ نموونە پارێزگاری لە چالاكی و جووڵەی بەردەوام، دووركەوتنەوە لە دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر، پارێزگاری لە كێشی تەندروست و كەمكردنەوەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *