بەنزین لە سووریاوە بۆ عێراق دێت

بینەر: (18)

كۆمپانیای نەوتی سووریا رای گەیاند كە دەست كراوە بە گواستنەوەی بەنزینی هەناردەكراو لە بەندەری بانیاسەوە بۆ عێراق، ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی سێ مانگی كە دەكرێ درێژ بكرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم ئەحمەد قەبەچی سەرۆكی جێبەجێكاری كەرتی گواستنەوە لە كۆمپانیای نەوتی سووریا رای گەیاند، دەست بە گواستنەوەی بەنزینی هاوردەكراو بۆ عێراق لە بەندەری بانیاسەوە كراوە، لە چوارچێوەی گرێبەستێكی سێ مانگی، پرۆسەكە لە پێنجشەمی رابردوو دەستی پێ كردووە و رۆژانە 57 تانكەر بەنزین بۆ عێراق دەگوازنەوە.

روونی كردەوە، كار بۆ ئەوە دەكرێت قەبارەی گواستنەوەی رۆژانە بۆ 200 تانكەر لە رێگەی دەروازەی تنەف بەرز بكرێتەوە، كۆمپانیای ” UCC” ی قەتەری بەنزینەكە لە سەرچاوەی دنیایی دەكڕێت و لایەنی سووریاش بە ترانزێت بۆ عێراقی دەگوازێتەوە، لە بەندەری بانیاس هەشت سەكۆ بۆ پڕكردنی تانكەرەكان لە یەك كاتدا دانراوە.

ئەو بەرپرسەی نەوتی سووریا ئاشكرای كرد كە ئێستە ژمارەی تانگەرەكانی عێراقی كە هاتوچۆی خاكی سووریا دەكەن لە نێوان هەزار و 1200 تانكەرە لە رۆژێكدا، هاوكات دیمەشق بە دوای فرەوانكردنی پرۆسەی ترانزێتە بۆ ئەوەی مادەی تریش بگرێتەوە، لەوانە رەژووی بەردین و كبریت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *