بۆچی بەیانیان ئاستی شەكری خوێن بەرزە؟

بینەر: (166)

بەپێی زانیارییەكان بەیانیان ئاستی شەكری خوێنی مرۆڤ بەرز دەبێت، ئەوەش پرسیاری دروست كردووە ئاخۆ بۆچی لە دوای چەندان سەعات لە دووركەوتنەوە لە خواردن شەكری خوێن و ئاستی گلوكۆز بەرز دەبێت؟

جیا لەوەی لە رێگەی ئامێری پێوانەكردنی گلوكۆزەوە بەرزی ئاستی شەكری خوێن لە بەیانیان بەرز دەردەكەوێت، چەند نیشانەیەكی ئەو حاڵەتەش دەبێت، لەوانە زۆر میزكردن و زۆر هەستكردن بە تێنوێتی و زیادبوونی خواستی خواردن و شێوانی بینین.

چەند هۆكارێك بۆ ئەو بەرزییەی گلوكۆز لە بەیانیان هەیە، لەوانە دیاردەی بەرەبەیان، بەتایبەتی لە نەخۆشانی شەكرە، كە رێژەی شەكریان لەو كاتە زۆر بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی لە نێوان سەعات چوار و هەشتی بەیانی، كە تا ئێستە هۆكاری وردی ئەو دیاردە روون نییە، بەڵام رەنگە بەهۆی دەردانی هەندێك هۆرمۆن بێت شەوانە كە بەرگری بۆ ئەنسۆلین زیاد دەكات و شەكری خوێن بەرز دەكاتەوە، لەوانە هۆرمۆنەكانی گەشە و كۆرتیزۆل گلۆكازۆن و ئایپینیفرین.

هۆكاری تریش هەن وەك، نەبوونی ئەنسۆلینی پێویست بە شەو و وەرنەگرتنی بڕی پێویستی دەرمان بە شەو و خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە كاربۆهیدرات بەر لە نوستن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *