یەكێتیی ئەوروپا تووشی كورتهێنانێكی گەورەی سووتەمەنی فڕۆكە بووە، سەرەڕای ئەوەی هاوردەكردنی سووتەمەنیی فڕۆكەی لە وڵاتانی دنیا فراوان كردووە و ئێستە بڕێكی زۆر لە كۆریای باشوور هاوردە دەكات، بەڵام نەیتوانیوە كورتهێنانەكە پڕ بكاتەوە و ئێستە ڕێژەی كورتهێنان گەیشتووە بە 510 هەزار بەرمیل سووتەمەنیی فڕۆكە.
كۆمپانیای ئێنێرجی ئەسپێكتس بڵاوی كردووەتەوە، لە چارەكی چوارەمی ئەمساڵ كورتهێنانی سووتەمەنیی فڕۆكە لە ئەوروپا دەگاتە 510 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لە كاتێكدا كورتهێنانی سووتەمەنیی فڕۆكە لە ئەمەریكا تەنیا هەزار بەرمیل دەبێ و لە وڵاتانی ئاسیا و زەریای هیندیش ڕێژەی كورتهێنان دەگاتە 419 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
تا ئێستەیش گەشتی ئاسمانی لە وڵاتانی ئەوروپا لە دۆخێكی خراپدایە، هەڵوەشانەوەی گەشتەكان و دواكەوتن و گرفت بەهۆی كەمی سووتەمەنی بوونی هەیە. لەو كاتەوەی دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی ئێران لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە ئەو تەنگژەیە سەریهەڵداوە و بەوهۆیەوە كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكان، سەتان و بگرە هەزاران گەشتیان هەڵوەشاندووەتەوە.
















Leave a Reply