ڕەنگە زۆر نەبێت کورد بەم شێوە بەربڵاوە مل لەژێر باری ئێرانیبوون با دەدات و خۆی لێ ڕادەپسکێنیت. زۆرینەی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان لەسەر ئەو باوەڕە کۆک بوون کە کورد بە هەموو بارێکدا ئێرانییە و بنەچەی دەگەڕێتەوە سەر ئێرانی کۆن کە پانتاییەکی زۆر بەرفرەوانتر هەبووە لەم جیۆگرافیایەی ئێستە هەیە. ئەمە چ لەلایەن کورد خۆیەوە یان بیانییەکان، باس کراوە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا و بەهۆی ئەو بەرکەوتنە چەند ڕەهەندە قووڵەی کورد لەگەڵ گوتاری سیاسیی “ئێران و ئێرانیزم” ئیرادەی خۆڕاتەکاندن لەژێر سێبەری ئێران و ئێرانیبوون زیاتر خەست بووەتەوە، هاوکات گوتاری شوناستەوەرانەی کوردی خۆی قۆڵی لە خوێندنەوەی مێژوو و بنەچەی خۆی هەڵماڵیوە و چەقی سەرنجیشی مێزۆپۆتامیا و سۆمەرە.
ڕاستییەكەی بابەتی ئێرانیبوون یان ئێرانینەبوونی کورد یا هەر نەتەوەیەکی دیكەی ناو جیۆگرافیای ئێستەی ئێران، بەپێی ئەو ساختەکارییە مێژوویی و سیاسەتلێکەوتنە خەستوخۆڵەی مێژووی ناوچەکە و بە تایبەتیش مێژووی کوردستان، ڕەنگە دەیان ساڵی تر یەکلا نەبێتەوە و هەر مشتومڕی لەسەر بێت. پێوەست بە کوردەوە لە مێژە باسی هووری، کاسی، لۆلۆبی و گوتی و… کراوە و ئێستەیش بە دیاریکراوی باسی سۆمەریبوونی کورد لەلایەن هەندێك گوتاری کوردەوە دەکرێت.
دەشێت لە ڕوانگەی مێژوونووسێکی وەک د. زرار تۆفیق، کورد یەکێک لە خێڵە دێرینەکانی ناوچەکە و یەک لە نەتەوەکانی ئێران بێت و لە ڕوانگەی لێکۆڵەرێکی مێژوویی وەک سۆران حەمەڕەش، کورد لە بنەچەدا و بەپێی بەراوردکاریی زمانەوانی و شوێنەوار و… سۆمەرییە و سۆمەریبوونی لەناو زمان، ناوی شوێن و تەنانەت کولتوور و جلوبەرگ و داونەریتیشدا دەبینرێتەوە. لە دواجاردا حاشا لەوە ناکرێت کە وێنەی دیرۆکیی نەتەوەیەک بۆ خۆی دەشێت پاڵنەر و ئیلهامبەخشی نەخشاندنی داهاتووی خۆی، کولتوور و زمان و زەینییەتیشی بێت.
نەتەوەکان بەبێ وێنایەکی دیرۆکیی لە باوانیان، بەشێوەیەک فڕێ دەدرێنە دەرەوەی کات یان باشترە بڵێم بەشێک لە کاتیان لە کیس دەچێت و دەبێت لەمڕۆ و لە “ئێستە”وە دەست پێ بکەن، ئەگەرچی ئەمەیش هەر دروستکردنی مێژووە، بەڵام بە تێچوو و قوربانی. بەڵام ئەمە هەموو ڕووداوەکە نییە، دەشێت ئێمە لە دەرەوەی کاتیش بین، بەڵام ئەگەر وشیار بین لەو دەرەکاتییە، ئەوا سەخت نییە لەسەر ئەو جیۆگرافیایەی لێی نیشتەجێین (واتە لە دەرەوەی کات، بەڵام لەناو شوێندا)، هەم ناسنامە و کیان پێناسە بکەین و هەم جیۆگرافیا و خاک، بەڵام لە کوێدا ئەم دەرەکاتییە دەتوانێ مەترسیی بێت بۆ سەر ئێمەی کورد؟
لەو شوێنەدا ئەم کاتکوژی و فڕێدانە دەرەوەی خولگەی کاتە، دەتوانێت مەترسی بێت کە نەریتی سیاسیی ناوچەکە لەلایەن هێزگەلی فاشیی و كۆنەپارێزەوە پراکتیزە دەکرێت، گێڕانەوە و نواندنەوە مێژووییەکان بۆ پرسی سیاسیی بەکار بێنن کە تا ئێستە هەر وایان کردووە. واتە سەلماندنی کۆچەرینەبوونی تورک و دانیشتوویی ڕاستەقینەیان لە ئەنادۆڵ، دەتوانێت ودمی سیاسی، کولتووری و ئایدۆلۆجیی زۆرتر بێنێتەوە بۆ هەر جۆرە قەڵاچۆکردن و پاکتاوکردنێکی نەرم و ڕەق لە باکوری کوردستان.
ئەمە بۆ ئێرانیش ڕاستە و بە دڵنیاییەوە بۆ عێراق و سووریایش هەروا، بە خەستی و بە درێژایی چەندان دەیە، حکوومەتی ئەویترکوژی بەعسی لە هەردوو وڵاتدا دەسکاری مەیدانیی زۆری دیموگرافی ناوچەکەیان کردووە. بۆیە دەبێت ئێرانیبوون یان تورانیبوون و هەر جۆرە بوونێکی ئوستوورەیی ئایدۆلۆجیی بە سیاسیکراوی سەپێنراو بۆ کورد مادام دەکرێت بە کوتەک و ئامێرێکی ڕەق یان نەرمی سەربازی و کولتووری، دەبێت بخرێتە ناو مێژوو و ئەرشیڤەکانییەوە و دایبنێین بۆ مێژوونووسان و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە.
گرینگ نییە ناوی ئێران لە کتێبی ئاڤێستای زەردەشتەوە هەڵهێنجراوە یان لە سەردەمی پەهلەوی یەکەمدا داتاشرا و خرایە سەر زمان و ناوەندە مۆدێڕنەکان، مادام دەستەواژەیەکی ڕەق و چەوسێنەرە، دەکرێت خۆمانی لێ ڕابپسکێنین، چونکە دواجار مانەوەی بە ڕوومەتی مرۆڤ چ وەک نەتەوە و ئاین یان وەک مرۆڤ و بەشێک لە سروشت و گەردوون، ئامانجە گەورەکەیە.
بە ئێرانیکردنی جیهان، خەونی تارانی پاش پەهلەوی یەکەم و بە شیعەکردنی جیهان لە ئێرانەوە تا… خەونی پاش سەفەوییەکان بوو، بە ئاسانی دەتوانین لە گوتاری سیاسی و ئاینی لەناو هەردوو ئایدۆلۆجیای ناسیۆنالیزم و دینیی ئێرانیدا، دیرۆکپەرستیی و ئاینپەرەستییەکی تۆخ دەربێنین کە سەر لە توندڕۆییەکی بێوێنە و فاشیزمێکی دڕ دەردێنێ. کردەی سیستمی کۆمار لەگەڵ جیهان و دەرودراوسێ و بە تایبەتی کەمینە ئاینی و نەتەوییەکانی خۆی، سەلمێنەرن بۆ دەرکەوتەی دووەم و هەڵسوکەوتی پەهلەوی یەکەم و دووەم لە پێش کۆماری ئیسلامی و تەنانەت لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێستەیاندا، بەڵگەی سەلمێنەر و یەکلاکەرەوەن بۆ دەرکەوتەی یەکەم. بۆیە ئێران لەم هاوکێشەیەدا ئیتر وەک حەقیقەتێکی مێژوویی لە ڕۆژەڤدا نییە، بەڵکوو وەک ئەرشیڤێکی ماناساز و چاوگێکی خۆتەوەردانانی هیستریاییە کە ئیرادەیەکی چڕی بۆ هەمووشتخوازی و تۆتالیتاریزم هەیە.
ئەمە ئەو ڕاستییە درکپێکراوەیە کە لەلایەن بەشێکی کورد بە پلەی یەکەمەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە. بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەی ئەو هەڵوێستانە و ژمارەی ئەو نووسین و وتارانە /لە ئاستی جۆراوجۆری ئەکادیمی و ڕۆشنبیریدا/ دژی ئێرانیبوون /هەمان ئێرانیزمی هەمووشتخوازە/، دەوەستنەوە. بێگومان ناوەندی ئەم دژکردەوەیە لە ڕۆژهەڵات و گوتارە دژبەرەکانی توتالیتاریزمەوە سەرچاوە دەگرن. ئەگەرچی لە چەند دەیە پێش ئێستەدا ئێمە لە باشوور شیعریی “نە عارەبم نە ئێرانیم نە توركێكی شاخستانی/…”مان بەرگوێ کەوتووە، بەڵام لە ڕاستیدا سەرەڕای دەستەبژێر/نوخبە یان حەشیمەتێکی کەم، بەشێکی زۆری باشووری کوردستان لەناو دال و دەلالەتەکانی ئێرانیزمدا یاریی دەکەن، بێگومان ئەم یاریکردنە ئەگەر لە ئاستە سیاسیی و ئایدۆلۆجییەکەیشدا نەبێت، لە ئاستە کولتووری و هونەرییەکەدا دەلاقەیەکی کوشندەی لە خۆی کردووەتەوە.
ئەوەی کە هێشتا بەشێک لە شەقامی گشتیی باشووری کوردستان، کوردانی ڕۆژهەڵات لەژێر ناوی ئێرانی دەناسن، یان ناو دەبەن، خۆی دەلالەتێکی ئاشکرایە کە یارییەکە لەلایەن ئەوانەوە ئاساییە، بەڵام بۆ ڕۆژهەڵات ئەمە هەمان گوتارە کە لە تاران و فارسیزمی جیهانییەوە (ئێرانی کولتووری) ئاراستە دەکرێت. لۆجیکیبوونی ئەم ڕوانگەیە لە ڕای گشتیی باشووری کوردستاندا لەو ڕووەوە پاساو هەڵدەگرێت کە ئەوان لەناو هاوکێشەی کوردستان (باشوور)-بەغدادا ژیاون و خەباتیان کردووە، کورد لە باشوور بەهۆی سنووری تۆخ و جیاوازیی زەقی لەگەڵ عەرەبدا، باڵشمە و چوارچێوەی شوناسی خۆی لێوە دیار بووە، بەڵام لە ڕۆژهەڵات بەهۆی هاوبەشێتی و نێزیکیی زمان و کولتووریی لە نێوان کورد و فارس، هاوکێشەکە بە ئاسانی یەکلا نابێتەوە.
دەشێت نەخشەکە ئاوا بڕەنگێنین، کوردی باشوور بەهۆی هەڵاتن لە عرووبە، ئامێزی فارسیزم لە ڕووی کولتووری و هونەرییەوە بە نەرمونیانتر دەبینێت و ئەو شتەی ڕۆژهەڵاتییەکان وەک مەترسیی و کەرامەتشکاندن لەلایەن ئەویتری فارسەوە دەیبینن، ئەوان کەمتر خۆیانی لە قەرە دەدەن یان تەنانەت زۆرجار بۆیان گرینگ نەبێت و لەژێر پاساوی نیشتمان جیهانی یان کۆسمۆپۆلیتە، ناوی ببەن. ئەمە دژوازییەکانی کوردبوونە لە دوو پارچەی جیا و دوو وڵاتی چەقگەرا و خۆبەتەوەرزان!
خۆی پارچەپارچەبوونی کوردستان هۆکاری سەپاندنی چەندان یاریی جیاواز و لێکدابڕێن بووە، بۆیە دەشێت کوردێک لە کرماشان نەزانێت تاسووقی خەڵکی سلێمانی یان هەولێر بۆ تاران و شیراز و ڕەشت چییە، کوردێکی سلێمانیش ئاگاداری ئەو برین و سووک و چرووککردنەی دەیان ساڵ کە فارس و دەسەڵاتەکانی تاران بەسەر ڕۆژهەڵاتیاندا هێناوە، نەبن.
ڕاستە کورد لە ڕۆژهەڵات ئەنفال نەکرا، کیمیاباران نەکرا و نەکەوتە بەر شاڵاوی پاکتاوکردن، بەڵام خەیاڵدانی کوردانە و زمانی ڕۆژهەڵات هەموو ئەوانەی باشووری خستە ئەرشیڤی یادگە و خەزێنەی بیرەوەریی نەتەوەییەوە و وشیاریی بەكۆمەڵەوە. بەو حاڵەیشەوە کەم نین ئەو کوردانەی لەناو قڕگە و سەرەنگوێلکی ئەو ئایدۆلۆجیایەدا دەژین و بەپێی با و بەرژەوەندیی شەنی خۆیان دەکەن.
یاخیبوون لە ئێرانیزم لەلایەن کوردەوە، ئەکتێکی وشیارانەیە دژی دەستەواژە و میتافۆڕێک کە جیهانێکی بەرفرەوانی جیۆگرافی، ستاتیکی، زمانی و کولتووری بە موڵک و مۆڵگەی خۆی دەزانێ، دنیا بە ڕووبەری تەراتێنی ئیرادە و خەونە ئاخرزەمانی و كۆنەكانی خۆی دەبینێت، بۆیە پێم وایە بەرەو قۆناغێک دەڕۆین کە عەقڵی سیاسی و ڕۆشنبیریی کورد، زیاتر خۆ لەو دەستەواژەیە لا دەدەن و ئەگەریش هەندێ جار بەکاری دێنن، تەنیا وەک ئەو یارییەیە کە پەلکێشی ناو گەرداوەکەی کراون.
ئەنجامەکە ڕوونە، ئێرانیزم پاشخانێکی گەورەی مێژوویی، ئەدەبی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆجیی بۆ خۆی بەرهەم هێناوە و ڕێکخستووە /بێگومان بەشێکی زۆری لەسەر حسێبی ئەوانیتر!). ئێستە ڕەنگە لە چڵەپۆپەی قیڕە و نرکەی خۆیدا بێت، قیڕەیەک کە سەرباری ئەوەی وەک بەهێزی و هەیبەت خۆی پێشان دەدات، دەشێت دواپەلەقاژەی مەرگیشی بێت.
بێگومان شەپۆلێکی بەهێز و وشیارانە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و بلۆگەرە کوردەکانی باشووردا دژی ئێرانیزم هەن، واقیعێکی حاشاهەڵنەگرە کە بۆ یەکخستنی گوتارێکی کوردستانیی بەهێز و یەکانگیر دژی ئەم ئەویتر و دژلایەنانە خەریکن بە باشی زەق دەبنەوە. ئەوینرسازیی ئەو پرۆسەیەیە کە ئێمە بۆ وشیاری و هاوکات خۆپارێزیی پێویستمانە. ئەویترسازیی، دوژمنسازیی نییە، بەڵکوو خۆسازییە لە دنیایەکدا کە هەموو بە ناوی ئایدۆلۆجیا و خەونی پەمەیی و جیهانگیرەوە ئامادەن یەکتر قەتڵوعام بکەن و ئێمەیش لە بێ دەسەڵاتترین و یەکنەخراوەترینەکانی ناوچەکەین.
ئەگەر بە پێوەری ئێرانیبوون بێت، دەشێت بڵێین و بپرسین، ئێران و تاران بە گشتی و بەپێی لۆجیک، دەبێت پشتگیریی لە هەر گۆڕانکارییەکی باش بۆ کورد /بە دەربڕینی خۆی لە تورکیا، عێراق و سوریا) بکات، بەڵام بۆچی نەیکردووە و نایکات؟ وەڵامەکە لەناو ئەو یارییەدایە کە بە دەستەواژەی ئێران و ئێرانیبوون دەکرێت و سەرپێیی تیشکم خستە سەری.
















Leave a Reply