مرۆڤ کە لەدایک دەبێت، بە بێدەنگی دێتە ناو هەراو زەنای جیهان، بەڵام کاتێک گەورە دەبێت، فێر دەبێت چۆن لە تەک بێدەنگیی خۆیدا مانا بۆ ژیان بدۆزێتەوە.
ئەمڕۆ، لە وێستگەی ساڵێکی نوێی تەمەنمدا،
لە بەردەم ئاوێنەی کاتدا وەستاوم و سەیری ئەو ڕێگایە دەکەم کە بڕیومە،
ڕێگایەک تەنیا تێپەڕینی ساڵەکان نییە، بەڵکو کۆکراوەی هەموو ئەو هەستانەیە کە چەشتم. سەرکەوتنەکان، شکستەکان، پێکەنین و ئەو فرمێسکانەی لە تاریکیدا بوون بە مرواریی ئەزموون و چرا بۆ داهاتووم.
ژیان بۆ من تەنیا ڕێڕوێکی ئارام نەبوو بۆ تێپەڕین، بەڵکو
مەیدانێکی گەورەی تاقیکردنەوە و بەرپرسیارێتی بوو. تەمەن منی خستە بەردەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە کاتێک بووم بە پشتیوان و کۆڵەکەی ماڵێک. بەڕێوەبردنی ماڵ و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی خێزان،
تەنیا ئەرکێکی ڕۆژانە نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی فەلسەفی بوو فێری کردم چۆن خۆپەرستی وەلابنێم و ببم بە سێبەرێکی ئارام بۆ ئەوانەی خۆشم دەوێن
لێرەدا، بە تەواوی ددان بەو ڕاستییەدا دەنێم کە ئەم بەرپرسیارێتییە قورسە، نەک بە بار نازانم لەسەر شانم، بەڵکو شەرەفێکی گەورە و پیرۆزە. خزمەتکردنی ئەم ماڵ و خێزانە، بەشێکە لە ڕەسەنایەتی و شوناسی من. ئەم ڕێگایە بڕبڕەی پشتی خانمایەتیی منی پۆڵایین کردووە، پێشانی داوم هێزی ڕاستەقینەی ئافرەت لەوەدایە چۆن دەتوانێت لە هەمانکاتدا کانییەک بێت لە میهرەبانی و قەڵایەکی پتەویش بێت بۆ پاراستنی هێلانەکەی.
لە پاڵ ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیەی ماڵدا، مەیدانی کار و پیشەکەم لایەنێکی تری شوناسی منی بنیات نا. ڕێگای ئاسانم هەڵنەبژارد، جەنگام، کارم کرد، ئارەقم ڕشت و شەونخونیم کێشا بۆ ئەوەی نەخشەی سەرکەوتنی خۆم بە دەستەکانی خۆم بنووسمەوە. سەرکەوتن لە کارەکەمدا دیارییەک نەبوو پێم ببەخشن، بەڵکو قەڵایەک بوو کە بە بەردی ئیرادە و کۆڵنەدان دروستم کرد. زانیم سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەوەدا نییە تووشی
کێشە نەبیت، بەڵکو لەوەدایە دوای هەر کەوتنێک، بەهێزتر و ژیرتر لە جاران ڕاست بیتەوە.
ئەمڕۆ کە سەیری بەرهەمی کار و ماندووبوونی ساڵانی ڕابردووم دەکەم، شانازی بەو پێگەیەوە دەکەم کە پێی گەیشتووم، چونکە نیشانەی تێکۆشانێکی بێوچانە.
لە نێوان تەواوی ئەم کار و ئەرکە قورسانەدا، من فەلسەفەیەکی گرنگم دۆزییەوە: خۆشی و بەختەوەری، دۆخێکی دەرەکی نین بەسەرماندا بسەپێت، بەڵکو تەنیا و تەنیا هەڵبژاردەیەکی ناوەکییە. من بڕیارم داوە لە نێو زریانەکانیشدا پێبکەنم، لە نێو ماندووێتیدا مۆسیقایەک بۆ ئارامیی ڕۆحم بدۆزمەوە، لە ڕۆژە هەرە سەرکێشەکاندا کاتێک بۆ چێژوەرگرتن لە سادەترین جوانییەکانی ژیان تەرخان بکەم.
ژیان فێری کردم تەنیا تێکۆشەرێکی سەرکەوتوو نەبم، بەڵکو عاشقی سەرکەوتووی ژیانیش بم. من خۆشیی خۆم خۆم دەیخوڵقێنم، ئەمە گەورەترین چێژی ڕۆحیی منه.
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، من ڕێبوارێکی کاتیم کە باری بەرپرسیارێتییەکی قورسم لەسەرشانە، بەڵام ئەم بارە نەک ماندووی نەکردووم، بگرە باڵی پێ بەخشیوم بۆ فڕین. هاتووم تا شتێک لەم زەمینە جێبهێڵم، ئەگەر نەشمتوانیبێت هەموو جیهان بگۆڕم، لانی کەم هێندە ژیاوم کە ڕێگەم نەداوە جیهان وەک خۆی بمگۆڕێت و پاکی، سادەیی و خانمایەتیی ناخم لێ زەوت بکات.
هەمیشە لە نێوان عەقڵ و دڵدا لە ململانێدا بووم، عەقڵم بۆ بەڕێوەبردنی کار و بەرپرسیارێتییەکان بەکارهێناوە و دڵیشم بۆ بەخشینی میهرەبانی لەناو ماڵەکەمدا. دواجار فێربووم ژیریی ڕاستەقینە لەم هاوسەنگییەدایە. وەک شاعیرێک کە وشە بە وشەی قەسیدەکەی بە ئازار و ئومێد دەنووسێتەوە، منیش ساڵانی تەمەنم بە مانا ڕازاندووەتەوە. ئەمڕۆ مۆمێکی تر دادەگیرسێنم، سوپاسگوزاری هەموو شتێکم. سوپاسی ئەوانەی خۆشیانویستم، چونکە فێری باوەڕ و متمانەیان کردم. سوپاسی ڕکابەر و سەختییەکانیش دەکەم لە کایەی کارکردندا، چونکە بوونە هۆی ئەوەی هێزی خۆم بدۆزمەوە و بیسەلمێنم کە من دەتوانم سەرکەوتن بنووسمەوە.
ژیان لە کورتترین پێناسەیدا وەک شیعرێکی مانادار و قووڵە. گرنگ نییە چەند درێژ بێت، گرنگ ئەوەیە چەند پڕ لە بەرهەم، کاریگەر و خاوەن مانا بێت. بۆیە لێرەوە، لەم سەرەتا نوێیەدا، بەڵێن بە خۆم دەدەم بەردەوام بم لە فێربوون، لە سەرکردایەتیی ژیانی خۆم و خێزانم بە شانازییەوە، لە گەشەپێدانی کارەکەم. تەمەن کۆمەڵێک ژمارەیە لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێر، بەڵام ژیان ئەو شوێنپێیانەیە کە لە دوای خۆمان جێی دەهێڵین. منیش دەمەوێت شوێنپێیەک جێبهێڵم کە بۆنی عەشق، مرۆڤایەتی، ژیری، خاتوونی و سەرکەوتنی لێ بێت
ئەم ماڵە هەر بە گەرمی دەمێنێتەوە
تا لە جەستەی ئەم کچە بەهێزەدا دڵێک












Leave a Reply