ژێرخانی وزەی كوردستان پێی نایە قۆناغێكی نوێ و بۆڕیی غاز پێكەوە بەسترایەوە

بینەر: (19)

لەم كاتە هەستیارەی دنیادا كوردستان هەنگاوێكی گەورەی ژێرخانی وزەی نا، تەواوی سیستمی وەبەرهێنانی كێڵگە غازییەكانی لە كوردستان بەیەكەوە بەستەوە، بەڕێوەبەری كۆمپانیای كار گرووپ رای گەیاند، ئێستە لە هەر شوێنێك غاز بەرهەم بێت بە بۆڕی بۆ وێستەگەكانی كارەبا و كارگەكانی پیشەسازی دەگوازرێتەوە.

لەم رۆژانەدا كە دنیا بەهۆی شەڕ و داخستنی گەروی هورمزەوە دەناڵێنێت و بازاڕی وزە كەوتووەتە قەیرانەوە، كوردستان پێی نایە قۆناغێكی گرنگی پیشەسازیی وزەوە و تەواوی كێڵگەكانی بەیەكەوە بەستەوە و لە رێگەی بۆڕییەوە غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمە وادەكات چیتر كێشەی كەمی كارەبا دروست نەبێت و هاوكات لەو رێگەشەوە غازی پێویست بۆ بازاڕی ناوخۆ و كارگەكانی پیشەسازی دابین دەكرێت.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری كۆمپانیای كار گرووپ ڕای گەیاند، ئێستە لە قۆناغی كۆتایی بۆری غازی كوردستانداین كە لەناوخۆدا هەموو سیستمەكە لەرێگەی ئەو بۆرییەوە بەیەكەوە دەبەسترێتەوە.

گوتیشی لەمەودوا هەر غازێك لە هەر كێڵگەیەك بەرهەم بێت، دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا و كارگە پیشەسازییەكان.

ئەوەشی گوت، ئێستە هەناردەی نەوتی خاو لە بۆڕیی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان گەیشتووە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

شێخ باز بەرزنجی دەشڵێت، هەناردەی نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان 200 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، بەممزووانە بڕەكە زیاتر دەكرێت.

شێخ باز بەرزنجی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، “بڕی ئەو نەوتەی كۆمپانیای سۆمۆ لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە هەناردەی دەكات، لە 250 هەزار بەرمیلەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرز بووەتەوە”.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای كار گرووپ دەشڵێت، لە ئەگەری گەیشتنی بۆڕییەكە بە بەرزترین توانای هەناردەكردنی خۆی كە یەك ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، ئەوا نزیكەی 33%ـی كۆی گشتیی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەگاتە بازاڕەكانی دنیا.

ئەو 500 هەزار بەرمیل نەوتە خاوەی ڕۆژانە دەگەیەنرێتە بەندەری جەیهان لە توركیا، پێكهاتووە لە 60 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی پارێزگای كەركووك، هاوكات 240 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە و ناسرییە بەتانكەر لەلایەن كار گرووپ و كۆمپانیای قەیوان دەگوازرێتەوە، كە پشكی زۆرینەی گواستنەوەی نەوتە خاوەكە لای كار گرووپە و دەگەیەنرێتە خورمەڵە و لەوێوە دەكرێتە بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *