ژن بەرپرسە لە مەرگی بێدەنگی ژیانی هاوسەریی

بینەر: (1.6K)

​کاتێک باری سەرنجمان بۆ لێکترازانی خێزان و ژیانی هاوبەش دەچێت، زۆرجار تەنیا چاو دەخەینە سەر تەقینەوەکانی کۆتایی و جیابوونەوەی یاسایی، بەڵام لە ڕاستیدا کارەساتە گەورەکە پێشتر ڕووی داوە، کاتێک دوو مرۆڤ لەژێر یەک سەقفدا دەژین و جەستەیان پێکەوە و ڕۆحیان لە دوو دنیای جیاوازە. لێرەوە پرسیارە گرینگەکە سەر دەردێنێ، ئایا هۆکاری سەرەکیی ئەم ساردبوونەوە و داڕمانە دەروونییە لە ماڵەکانماندا چییە؟

​ئەگەر بە چاوێکی وردتر لە کۆمەڵگەی خۆمان بڕوانین، دەبینین زۆرجار «ژن» هۆکاری سەرەکیی ئەم بێسەروبەرییە دەروونییەیە، پیاو کاتێک سەرلەبەیانی دەچێتە دەرەوە بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵ بۆ دابینکردنی بژێوی و نانێكی سەربەرزانە دەدات، ژینگەی دەرەوەی پڕە لە گوشار و قورسایی. کەواتە چاوەڕوانە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لە بری ڕووبەڕووبوونەوە و گرژی، «ئارامی و خەندە و گەرمیی ماڵ»ی دەست بکەوێت و لە لای هاوسەر و منداڵەکانی هەست بە ئەمان بکات و سارد نەبێتەوە لەو ڕەنجەی دەیدا.

​بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدا دەست پێ دەکات، بۆچی زۆرجار ژنی کورد دوای منداڵبوون بە تەواوی مێردەکەی پشتگوێ دەخات؟ هەموو خۆشەویستی و کات و گرنگیدانێکی دەبەخشێتە منداڵەکان و بەڕێوەبردنی کاری ماڵ و بە تەواوی هاوسەرەکەی پشتگوێ دەخات و لە بیری دەکات كە ئەو هاوبەشی ژیانیەتی و چاوەڕوانی لێی هەیە.

ژن بیر لەوەیش ناكاتەوە كە ڕاستییەكی گرینگ هەیە ئەویش ئەوەیە، منداڵ گەورە دەبێت و ماڵەکە جێدەهێڵێ، چیرۆكی ڕێگەی ژیانی خۆی دەگرێتە بەر و ئەوەی لە کۆتاییدا بۆ ژنەکە دەمێنێتەوە، تەنیا ئەو پیاوەیە کە ڕۆژێك لە ڕۆژان پشتگوێی خستووە و لە بەرانبەریشدا پیاوەكە بە هەموو توانایەوە نانی بۆ ئەوان پەیدا كردووە.

​لێرەدا پرسیار ئەوەیە، تۆ كە پیاوت پشتگوێ خستووە و هەستی نادەیتێ و گرنگ نەماوە بۆت، بۆچی هەندێک لە کاتی هه‌بوونی قەیرانێكی خێزانی یان ناپاكیدا، دەستبەجێ پەنا بۆ لێپرسینەوە دەبەن و پیاو تاوانبار دەکەن؟ بەڵام بۆ ساتێک لە خۆتان ناپرسن ئاخۆ لە قووڵاییدا خۆیان هۆکاری سەرەکی ئەو ساردبوونەوەی پێوەندییە نین؟

​کاتێک ماڵێک لانکەی ئارامی نەبوو و پیاو لەناو ماڵی خۆی نەگبەتی و ساردوسڕی بینی، بێگومان دەروونی تووشی داڕمان دەبێت و كەسێكی تر بۆی پڕ دەكاتەوە، چونكە مرۆڤ بوونەوەرێكی سۆزدارە، بۆیە بەرپرسیارێتیی گەورە لە ئەستۆی ژندایە کە پێش ماڵ پڕ دەكات لە خۆشەویستی یان تووڕی دەداتە دەرەوە و كەسێكی تر دەبێت بە خاوەنی.

كەواتە پێش ئەوەی پەنجەی تاوان بۆ دەوروبەر درێژ بکەن، دەبێت بزانن پاراستنی گەرمیی خێزان و مانەوەی پێوەندییەکی تەەندروست، پایەیەکی سەرەکی ئەرکەکانی ژنە، ژیانی هاوبەش بە تەنیا بە بنیاتنانی خانوو بەڕێوە ناچێت، بەڵکو پێویستی بە گەرموگوڕی ڕۆحی و پاراستنی مافی هاوسەر هەیە، پێش هەر کەسێکی تر..

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *