پلانێكی میلیشیاكان و پاسداران.. بۆ خۆدزینەوە لە ڕادەستكردنی چەك ئاشكرا دەبێت

بینەر: (6)

لە پەراوێزی بەردەوامیی گوشارەكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و چەكداماڵینی میلیشیاكان، ژمارەیەك گرووپی چەكداری سەربە ئێران ئامادەن پلانێكی نهێنی و ورد جێبەجێ بكەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە پرۆسەی ڕادەستكردنەوەی چەكەكان بدزنەوە و شێوازی كاركردنی خۆیشیان بگۆڕن، ئەمەیش بە ڕێنوێنیی ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە.

پێگەی “ئەمواج میدیا” لە زاری ژمارەیەك بەرپرسی عێراقییەوە بڵاوی كردووەتەوە، ستراتیجی میلیشیاكان و پاسداران بۆ خۆدزینەوە لە ڕادەستكردنی چەك و خۆحەشاردان، بریتییە لە گۆڕینی گرووپە میلیشیاكان بۆ شانەی چەكداری لەیەكتر دابڕاو لە ڕووی ڕێكخراوەییەوە و پێوەستكردنی ڕاستەوخۆیان بە سوپای پاسدارانەوە.

ئامانجی ئەو ستراتیجە بزركردنی گرووپە چەكدارەكان و چەكدارەكانیان و چەكەكانیانە، بەمشێوەیەیش حكوومەت ناتوانێ سەرجەم چەكەكانیان بدۆزێتەوە و نازانێ مامەڵە لەگەڵ كێ دەكات، بەهۆی ئەوەی گرووپەكان بۆ شانەی بچووك بچووك دەگۆڕێن و بێ دەركەوتن و خۆناساندن كار دەكەن.

پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە، سوپای پاسداران سێ تا چوار گرووپی نهێنی لە ناوخۆی عێراق دروست كردووە و هەریەك لەو گرووپانە لە 10 چەكدار پێكدێت، ئەمەیش لە پەراوێزی دەستپێكردنی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووە، ئەو چەكدارانەیشی خستووەتە ژێر ڕكێفی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كە بە چەتری كۆكەرەوەی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق هەژمار دەكرێت.

ئەو شانە 10 چەكدارییانە ڕاپۆرتی ڕاستەوخۆ بۆ پاسداران بەرز دەكەنەوە و فەرمانیش لە پاسدارانەوە وەردەگرن، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو چوار گرووپە بچووكە دروستكراوە، بەرپرسن لە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆ سەر كوێت و سعوودیە و ئیمارات لە ماوەی نێوان 20ی نیسان/ئەپریل تا 17ی ئایار/مایۆ.

لە مانگی ئاب/ئۆگەستی ڕابردوو سەرچاوە تەناهییەكان لە عێراقەوە دووپاتیان كردەوە، میلیشیاكان ئەو جۆرە ستراتیجە بەكار دەهێنن، پێشتر میلیشیاكان گرووپی گەورەی چەكداری بوون و دەستەی كارگێڕی و ڕێكخستن و فەرمانگەی جیاجیایان هەبوو، بەڵام ئێستە بوونەتە گرووپی بچووكی نێوان پێنج تا 10 كەسەوە، هێڵی پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ پاسداران بە كراوەیی دەبێ، لە ڕێی ئۆتۆمبێلەوە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر مۆڵگەیان دەگوازنەوە و بە هیچ شێوەیەكیش خۆیان دەرناخەن.

سەرچاوەیەكی نزیك لە میحوەری موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات، بۆ ئەمواج میدیا دەڵێ، ئەو گرووپە گەورانە تەنیا ڕووكەشن و لە بنەڕەتدا بەكار دەهێنرێن بۆ پەردەپۆشكردنی هێرشی گرووپە بچووكەكان، كە خاوەنی هیچ پەیكەربەندییەكی دەسەڵات نین و بە تەواوی سەربەخۆن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەیشی گوت، ئەو گرووپە بچووكانە خۆیان دەرناخەن و بەرپرسیاریەتیی هێرشەكانیش ناخەنە ئەستۆی خۆیانەوە. پێشتر دامەزراوەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك دووپاتی كردەوە، كە گرووپی ئەسحابولكەهف تەنیا گرووپێكی ڕووكەشین و لەلایەن كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەباوە بەڕێوە دەبرێن، دواتریش ئەو گرووپە پشتڕاستی نزیكبوونی لە گرووپی كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەبا بە ڕاگەیەنراوی فەرمی كردەوە.

سەرچاوە نزیكەكەی بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی ڕای گەیاند، ئەو شانە نوێیانەی ئەمساڵ دروست كراون بە ڕێگەیەكی جیاواز كار دەكەن، چەكدارەكانیان لە ناو گرووپە میلیشیا دیارەكان هەڵدەبژێردرێن و دەخرێنە ناو شانەكانەوە، سەربەخۆیی تەواویان پێ دەدرێ لەبارەی پارەداركردن و بڕیار و كاركردنی ڕۆژانەیان، سەرەڕای ئەو جۆرە سەربەخۆییەی پێیان دراوە، بەڵام لەلایەن گرووپە میلیشیا دیارەكانەوە مەشق و چەك و هاوئاهەنگییان بۆ دەستەبەر دەكرێت، پێچەوانەی گرووپە ڕووكەشەكان ئەوان دروستكراون بۆ لە ئەستۆگرتنی هێرشی تاكلایەنە، پاسداران گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە دروستكردنی تۆڕێك گرووپی بچووك، ئەرك و فەرمانی سەربازی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییان ئاسانتر دەبێت.

هەموو ئەوانە بۆ ئەوەیە كە پرۆسەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت كە عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەت ڕای گەیاندووە، بە تەواوی قورس و ئاڵۆز بكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر زەیدی لە كۆشكی سپی گوتی، دوای 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر ڕێ بە هیچ لایەنێك نادەن چەك هەڵبگرێ، جیا لە دامەزراوەكانی دەوڵەت.

لەگەڵ ئەمانەیشدا جۆرێك لە پاشەكشە لەلایەن حكوومەتەوە لەو پرۆسەیە بەدی دەكرێ، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا هەریەك لە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەت و حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دووپاتیان كردەوە، وادەی كشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق كە 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر، وادەی كۆتایی چەكداماڵینی میلیشیاكان نییە. ئەمەیش بەو مانایە دێت كە پرۆسەی چەكداماڵین دەست پێ ناكات و كۆتایی نایەت، تا هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق نەچنە دەرەوە.

هەرچەندە پێشتر قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوه، تاران ڕەزامەندیی داوە یارمەتیدەر بێت لە دۆسیەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، بەڵام وا دەردەكەوێ كە ئێران پاشەكشەی لەو هەڵوێستە كردووە، لە میانەی سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە 11ی ئاب/ئۆگەستی ڕابردوو، بەگوێرەی زانیارییەكان دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە چەكداماڵینی میلیشیاكان وەك لێدانی چەقۆیە لە پشتی ئێرانەوە.

لەبارەی پاشەكشەی هەڵوێستی ئێران، سەرچاوە نزیكەكەی بەرەی موقاوەمە گوتی، ئەو گۆڕانكارییە بەهۆی ئەوەوەیە كە بەغدا بە تەواوی سوورە لەسەر داماڵینی چەكی بزووتنەوەی نوجەبا و كەتیبەكانی حزبوڵا، لەبری ئەوە ئێران دوو بژارەی تری داوەتە بەغدا، یەكەمیان لەلایەن فەماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە بووە، ناوەڕۆكەكەی بریتییە لەوەی كە هانی میلیشیاكان بدرێ بێنە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و چەك و هێزی چەكداری خۆیشیان بە حەشاردراوی بهێڵنەوە.

دووەم بژارەی ئێران لەلایەن محەمەد باقر قالیبافی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانەوە بووە و ئاماژەی داوە، بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان چەكی قورسی خۆیان سڕ بكەن و بیشارنەوە، یان بە ئەمانەت بیگوێزنەوە بۆ ئێران، لەبری ئەوەی بە تەواوی ڕادەستی حكوومەتی بكەن، بەڵام ئەوە لەلایەن بەغداوە ڕەت كراوەتەوە.

سەرەڕای خستنەڕووی ئەو بژارانەیش لەلایەن تارانەوە، بەڵام بەنهێنی ستراتیجی پەرتكردن و دروستكردنی گرووپی بچووك پێڕەو دەكات، كە هیچ پەیكەربەندییەكی سەركردایەتییان نییە و تەنیا لە كاتی تەنگژە و گرفت كۆ دەبنەوە، بە پێچەوانەوە سەربەخۆیانە كار دەكەن، بەمشێوەیەیش هەم بۆ بەغدا و هەم بۆ واشنتنیش كارێكی زۆر قورس و ئەستەم دەبێ، سەرجەم گرووپە بچووكەكان بدۆزنەوە و سزایان بەسەردا بسەپێنن، یان لەلایەن بەغداوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ و هەوڵی چەكداماڵینیان بدرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *