چەكدارانی حووسی بە پشتیوانیی ئێران پێشڕەوییەكی خێرایان لە دەریای سوور ئەنجام داوە و زیاتر لە 130 كیلۆمەتریان كۆنترۆڵ كردووە، ئەمەش مەترسیی ڕاستەوخۆی بۆ سەر گەرووی بابولمەندەب و كەشتیوانیی نێودەوڵەتی دروست كردووە. بەڵام سەیرەكە ئەوەیە پێشڕەوی بەردەوامە و ئەمەریكا و وڵاتانی دنیا بێدەنگن؟
لەمبارەیەوە محەمەد هەورامی چاودێری سیاسی لە گوتارێكدا ئاماژە بەوە دەكات، پێشڕەوییەكانی ئەمدواییەی حووسییەكانی یەمەن و كۆنترۆڵكردنی یەكێك لە گرنگترین شاڕێكانی ئابووریی دنیا، هاوكات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی هەزاران پارچە چەك و كەرەستەی سەربازیی قورس، پرسیاری ئەوە دروست دەكات بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل و دنیا لە ئاست ئەم مەترسییەدا بێدەنگن؟
بەبۆچوونی هەورامی بێدەنگی و بێهەڵوێستیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمەریكا بەتایبەتی، لە ڕووی سازشكردن یان نەبوونی توانای سەربازی و هێرشبردنەوە نییە، بەڵكو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ و سەركەوتووانەی جێبەجێكردنی ستراتیجێكی سەربازییە كە لە زانستی جەنگدا پێی دەگوترێت “بەرپەرچدانەوە لە ڕێگەی سەپاندنی تێچوو”.
حووسییەكان بە پشتبەستن بە چەكی خۆماڵی، ئەم هاوكێشەیەی بەسەر بەرانبەرەكەیدا سەپاندووە كە پێیان دەڵێت: ڕەنگە ئێوە دەستپێكەری هێرش و بۆردومان بن، بەڵام كۆتاهێنەری جەنگەكە گورزی وێرانكەری ئێمەیە بۆ سەر دەمارە ئابوورییەكان و ژێرخانە هەستیارەكانی ئێوە.
بەبۆچوونی محەمەد هەورامی یەكێك لە خاڵە هەرە بەهێزەكانی حووسی كە وایكردووە بەرانبەرەكەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ سڵ بكاتەوە . ئەو فاكتەرە وایكردووە تەنانەت لە كاردانەوە و وەڵامدانەوەشدا، زۆر لە تاران توندتر و بێباكتر بن، حووسییەكان لە پێنج ساڵی ڕابردوو ئەوەیان بە دنیا سەلماندووە كە هێرشكردنە سەریان بە بێ تێچوو و بە بێ وەڵام نییە، هیچ هێزێك بە ئەمەریكا و ئیسرائیلیشەوە نییە كە هێرشی كردبێتە سەر حووسی و ئەوان بێ وەڵام بووبن! بگرە وەڵامەكانیان زۆر بێ باكتر و چاونەترسانە بووە كە وایكردووە زۆر بە ئازایانە تێچووی هێرشكردنە سەریان زۆر بەرز بكەنەوە.
“ئەگەر ئێران وەك دەوڵەتێك لە ترسی وێرانبوونی ژێرخانە ئابووری و پیشەسازییەكەی ناچار بێت لە هەندێك هێرش و كاردانەوە خۆی بپارێزێت، ئەوا حووسییەكان ئەو ترسەیان نییە”.
ئەو شارەزایە ئەوەشی گوتووە، ئەمەریكا و وڵاتانی تریش باش دەزانن لە ململانێیەكی وا ناهاوسەنگدا، لە كۆتاییدا تەنیا وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەكانیان زیانمەندی سەرەكی دەبن، ڕێك هاوشێوەی ئەو ئەزموونەی سعوودیە كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئەم جەنگەوە چەندان ملیار دۆلار زیانی ئابووریی گەورەی بەركەوت.
ئاماژەی بەوەش داوە، بەڵام لە كۆتاییدا دواجار ئەمەریكا بڕیار دەدات ئایا ئامادەیە تێچووی هێرشكردنە سەر حووسی قبووڵ بكات و بێتە ناو شەڕەكەوە یا نا؟
چەكدارانی حووسی لە دەشتی تیامە پێشڕەوییان كردووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 130 كیلۆمەتر لە كەناراوەكانی دەریای سوور، شاری بەندەریی موخا، ناوچەی زوباب، دوورگەكانی مەیون، حەنیش و زوقەردا گرتووە.
پەیمانگەی چاتام هاوس هۆشداریی دەدات كە ئێران لە ڕێگەی گرووپە نزیكەكانیەوە ئێستە كۆنترۆڵی دوو گرنگترین گەرووی دنیا (هورمز و بابولمەندەب) دەكات و دەسەڵاتی بەسەر زیاتر لە %35ـی بازرگانیی سووتەمەنی و نەوتی دنیادا هەیە، ئەمەش هاوتای بۆمبی ئەتۆمی وەك كارتی گوشار بەكار دەهێنرێت.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەكەن كە پاش پاشەكشەی بەشەكانی تری “تەوەری بەرگری” لە غەزە، لبنان و سووریا، تاران سەرنج و پشتیوانییە سەربازییەكانی بە تەواوی بەرەو حووسییەكان ئاراستە كردووەتەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سەرەڕای نیگەرانیی قووڵی سعوودیە لە پەككەوتنی گواستنەوەی نەوتەكەی، داواكارییەكانی ڕیاز بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ئەمەریكا تا ئێستە بێ وەڵام ماونەتەوە، چونكە ئیدارەی ترەمپ بەهۆی هەڵبژاردنەكانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم و ترسی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دوودڵە لە كردنەوەی بەرەیەكی نوێی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە یەمەن.
















Leave a Reply