پیاوە سێبەرەكەی ئێران.. زانیاریی ورد لەبارەی عەبدوڕەزا شەهلایی

بینەر: (4)

لەوەتەی ئیسرائیل و ئەمەریكا جەنگی دژ بە ئێرانیان دەست كردووە و لە سەرەتای جەنگەوە تا چەند رۆژێك دواتر، زۆربەی سەركردە و فەرماندەكانی ئەو وڵاتەیان لەناو برد، بۆیە ئێستە تەواوی فەرماندەكانی ئێران لە ژێر زەوییەوە فەرمان دەردەكەن لە ترسی كوشتنیان. عەبدوڕەزا شەهلایی كە یەك لە فەرماندە دەستڕۆیشتووەكانی سوپای پاسدارانە، لەلایەن ئەمەریكاوە بە “پیاوە سێبەرەكەی ئێران” ناو دەبرێت و كەوتووەتەبەر سێرەی چەكەكانی ئەمەریكا، بۆیە لێرەدا راپۆرتێك لەبارەیەوە بڵاو كراوەتەوە.

پێگەی “عەرەبیە” راپۆرتێكی وردی لەبارەی عەبدوڕەزا شەهلایی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا رۆشنایی وردی خستووەتە سەر چالاكییە سەربازییەكانی ئەو فەرماندەیەی پاسداران كە رۆڵی گەورەی لە جەنگی بەرانبەر بە ئەمەریكا هەیە. ئەمەریكا و بەریتانیا شەهلایی بە جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ناو دەبەن و پێیان وایە ئەو فەرماندەیەی ئێران، ناوێكی دیاری ناو ئەو سوپایەیە، كاری سەربازیی گەورە لە دژی ئەمەریكا لە سێبەرەوە ئەنجام دەدات بێ ئەوەی ناوی بهێنرێت، بەڵام دوای ئەم رۆژانەی دوایی كە چالاكیی حووسییەكان لە دژی حكوومەتی ئەو وڵاتە دروست بووە، شەهلایی هاتووەتە بەرباس كە رۆڵی گەورە لە پێشڕەوییەكانی حووسییەكان لەو وڵاتە دەبینێت.

لە دیسێمبەری 2019دا ئەمەریكا بڕی 15 ملیۆن دۆلار پاداشتی تەرخان كردبوو بۆ هەر كەس و لایەنێك، زانیاریی لەبارەی چالاكییە ئابووری و تۆڕەكان و هاوبەشەكانی عەبدوڕەزا شەهلایی و شنێنی مانەوەیان پێ بدات. ئەو پیاوەی لە دوورەوە ناوی دەهێنرێت و ئێستە ناوی كەوتووەتە رووگەی ئەو پێشڕەوییانەی حووسییەكان لە رۆژاوای یەمەن بەرەو رووی باب مەندەب دەیكەن.

سەرچاوە هەمەجۆرەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە پاڵپشتییەكی زۆری ئێران بۆ حووسییەكان و بەتایبەتی لەو شەڕەی ئێستە لە یەمەن دەیكەن، سەرجەمی لە رێگەی شەهلاییەوەیە. ئەوە لە كاتێكدایە چەند سەرچاوەیەكی ئێرانیش پێشتر باسیان لەوە كردبوو كە ماوەویەكی زۆر شەهلایی لە یەمەن بووە و لەوێدا كوژراوە، دواتر هەواڵەكە رەت كرایەوە.

بەپێی بەیاننامە فەرمییەكانی ئەمەریكی ئەوە هاتووە، عەبدوڕەزا شەهلایی لە ساڵی 1957 لە ئێران و لە كرماشان لە دایك بووە. شوێنێكی تر كە كاری تێدا كردووە بنكەی مەهرانی سەربازییە لە پارێزگای ئیلامی نزیكی كرماشان لە رۆژئاوای ئێران. هاوكات سەرچاوە ئەمەریكاییەكان ناوی شەهلایی بە فەرماندەیەكی دیاری سوپای پاسداران دەبەن، بەڵام وەزارەتی ئابووری ئەمەریكا بە جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ناوی دەبات.

هەموو ئەوانە لە كاتێكدایە شەهلایی لە چەندان تۆماری شوێنەكان، چەندان ناوی جیاوازی هەیە و لە هەموو دیارتر ناوەكانی “حاجی یوسف- حاجی یاسر- یوسف ئەبو كەرخ”ە.

لە ماوەی رابردوودا ئامادەیی شەهلایی، ناوی پێوەست كراوە بەو ساڵانانەی لە چالاكییەكانی پاسداران لە دەرەوەی ئێران كاری كردووە و رۆڵی زۆری هەبووە، لەناویاندا لە عێراق كە ئەمەریكا لە 20ی یەنایەری 2007، تۆمەتباری كرد بە داڕێژەی پلان لە دژی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان. هەروەها واشنتن ناوی پێوەست كردووە هێرشكردن بۆ سەر دەزگەی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە كەربەلا، كە لەو هێرشەدا پێنج سەربازی ئەمەریكی كوژران و سێ سەبازی تریش بریندار بوون. هاوكات تۆمەتبار كرا كە چەك و تەقەمەنی و پاڵپشتیی لۆجیستی و راهێنانی بۆ میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراقدا كردووە.

لەلایەكی تریشەوە بەریتانیا ناوی عەبدوڕەزا شەهلایی خستووەتە ناو لیستی سزاكانی كە لەوێدا بە جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ناوی دەبات، هاوكات پێی وایە پێوەندیی بە چالاكییە تیرۆریستییەكان هەیە و لەگەڵیدا پاڵپشتیی گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران دەكات “میلیشیاكان”.

لە كۆتایی راپۆرتەكەدا باس لە رۆڵی عەبدوڕەزا شەهلایی لە یەمەن دەكرێ كە بەلای ئەمەریكاوە ئەو فەرماندەیەی پاسداران، ئامادەیی لە یەمەن هەیە، تەواوی چالاكییەكانیشی بە درێژایی ئەو ماوەیە لە دژی ئەمەریكا و هاوپەیمانان ئەنجام داوە.

لە مانگی یەنایەری ساڵی 2020دا كاتێك ئەمەریكا لە بەغدا قاسم سلێمانیی لەناو برد، هەمان رۆژ و بۆ شەوەكەی، بۆردمانی ئەو شوێنەی لە یەمەن كرد كە شەهلایی لێ بوو، بەلام هێرشەكە شكستی هێنا و رزگاری بوو. بەڵام بەپێی راپۆرتە ئەمەریكییەكان، تا ئێستە عەبدوڕەزا شەهلایی لە بازنەی گرنگیپێدانی ئەمەریكایە بۆ لەناوبردنی.

پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە “باش” ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوباتی 2026، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، تەواوی وڵاتەكەی گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە. جەنگیش تا ئێستە بەردەوامە. وێڕای ئەوەی بە ناوەندگیریی پاكستان، دانوستان دەستی پێ كردووە، بەڵام بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون.

لە ڕووی ئابووریشەوە ئەم جەنگە زیانی گەورە و كارەساتباری بۆ كڕیارانی نەوت لە دنیا دروست كردووە، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتانی كەنداو بۆ وڵاتانی تری دنیا كە ئابووری عێراقیش بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ڕووبەڕووی كەمی داهات و گرفتی گەورە بووەتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *