جارێكی تر نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان گەیشتە سەرووی 160 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار و بۆشایی نێوان هەردوو نرخی فەرمی دۆلار و نرخی لە بازاڕەكان زیاتر بوو، ئەوە لەوكاتەی باسی هاتنی دۆلارێكی زۆر لە ئەمەریكاوە دەكرێت، واتە سیولەی دۆلار كێشەی نییە، شارەزایانی پێیان وایە بەشێكی كێشەكە نەگەیشتنی دۆلارە بۆ دەستی ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و ئەوەش گوشاری لەسەر بازاڕ دروست كردووە.
عەلی دەعدووش شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، بێمتمانەیی و دەنگۆی ناو بازاڕی دراو، جیا لە دواكەوتنی حەواڵەی فەرمی لە رێگەی بانكەكانەوە و زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار بۆ بازرگانی و هاوردەكردن لە ئێران، دیارترین هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ئێستە و ناجێگیریی نرخی دۆلارن لە عێراق.
روونی كردەوە، هەریەك لە بازرگان و هاوردەكار و هاووڵاتییان كە دیناریان هەیە، بەهۆی ترسیان لە ئەگەری گۆڕینی نرخی دۆلار لە بودجەی 2027 و زیادكردنی نرخەكەی، تووشی بێمتمانەیی بوونە و ترسیان لا دروست بووە، بۆیە ئەو هۆكارانە هەمووی بەیەكەوە ئەو دۆخەیان دروست كردووە، ئەو دۆلارەی لە بازاڕ هەیە، زۆری لە بانكی ناوەندییەوە دێت، كە بە هاووڵاتییانی بۆ چارەسەری و خوێندن دەفرۆشێت و بەشێكی دەگەڕێتەوە بازاڕ، بەڵام خواستی لە خستنەڕوو زیاترە و ئەوەش نرخی دۆلار ناجێگیر دەكات.
لای خۆیەوە نەبیل عەبادی بەڕێوەبەری بانك ئاماژە دەكات، جووڵەی دۆلار لە بازاڕ پێوەستە بە چەند هۆكارێكەوە، لەپێشەویان خواستی لەسەر دۆلار و ئەو بڕەی دەخرێتە روو، جیا لە مامەڵە و حەواڵەكان لە دەرەوەی رێگە فەرمییە بانكییەكان.
روونی كردەوە، گەیشتنی وەجبەی نوێی دۆلار بۆ كەناڵە فەرمییەكان لە عێراق، دەكرێ ببێتە پاڵپشتی بۆ دابینكردنی سیولەی كاش، بەڵام كاریگەری لەسەر بازاڕ بە خێرایی گەیشتنی ئەو دۆلارە بۆ بازاڕ و ئاستی گەیشتنی بۆ ئەوانەی پێویستیانە هەیە، بۆیە چارەسەری بۆشایی نێوان هەردوو نرخی فەرمی و بازاڕی دۆلار تەنیا ئەوە نییە دۆلار بخرێتە روو، بەڵكو پاڵپشتیكردنی كەرتی بانكی ئاسانكردنی گەیشتنی مامەڵەكارانە بە دراوی بیانی پێی لە رێگەی كەناڵە فەرمییەكان، ئەوە گوشاری سەر دۆلاری بازاڕ دروست دەكات.
















Leave a Reply