بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان، لەبارەی داخستنی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕای گەیاند، تا ئێستە هیچ نووسراو یان ڕێنوێنییەكی فەرمیی لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە لە بەغدامان پێ نەگەیشتووە. دووپاتی كردەوە كە هاتوچۆی گەشتیاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە تەواوی سنوورەكاندا بە شێوەیەكی ئاسایی بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان وەك دەزگایەكی فەرمی تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیار و نووسراوە فەرمییانەدا دەكەن كە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمەوە ئاراستەیان دەكرێت.
گوتیشی: نە لەمبارەیەوە ئاگادار كراوینەتەوە و نە پێمان ڕاگەیەنراوە كە دەروازەكان لەگەڵ ئێران دابخرێن، بۆیە ئێستە سەرجەم مەرزەكان كاری ئاسایی و ڕۆژانەی خۆیان جێبەجێ دەكەن.
هەرێمی كوردستان خاوەنی سێ دەروازەی نێودەوڵەتی و فەرمییە لەگەڵ ئێران كە بریتین لە حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، باشماخ لە قەزای پێنجوێنی سەربە پارێزگای سلێمانی، و پەروێزخان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
















Leave a Reply