زستانی ئەمساڵ بۆ ئێرانییەكان سەختترین زستانی 40 ساڵی رابردوو دەبێت

بینەر: (50)

زستانی ئەمساڵ بۆ ئێرانییەكان سەختترین زستانی 40 ساڵی رابردوو دەبێت، ڕۆژانە 380 ملیۆن مەتر سێجا غازی ماڵان كورتهێنانی هەیە.

سەرەڕای ئەوەی ئێران یەكێكە لە بەرهەمهێنەرە گەورەكانی گازی سروشتی لە دنیادا، بەڵام ژێرخانی غازی وێران كراوە و توانای دابینكردنی غازی ماڵان و كارگەكانی بەتەواوی كەمی كردووە.

بەهۆی جەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیلدا، ئێران لە چەندان لاوە پەكی كەوتووە، سنوورەكانی گیراوە، هەناردەی نەماوە، ژێرخانی وڵاتەكەش هەرەسیان هێناوە، بەپێی ئامارەكان ئەمساڵ توانای دابینكردنی غازی ماڵانی نابێت، ئەوەش وادەكات هاووڵاتییانی وڵاتەكە تووشی ئاستەنگییەكی بێوێنە بن.

لە كاتێكدا لە وەرزی زستان پلەكانی گەرما لە ئێران بەتایبەت لە ناوچەكانی باكور بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن، جەنگ و گەمارۆ ئابوورییەكان رەوشەكەیان ئاڵۆزتر كردووە. لە مانگی ئابدا واشنتن هەڵمەتێكی گەمارۆدانی ئابووریی دژی بەندەرەكانی ئێران راگەیاند، هاوكات ئێرانیش كۆنترۆڵی گەرووی هورمزی كردووە كە پێشتر پێنجیەكی نەوت و گازی شلی دنیای پێدا تێپەڕ دەبوو.

حكوومەتی پزشكیان داوای كەمكردنەوەی بەكاربردنی غاز دەكات بە ڕێژەی 10%.، هاوكات بۆ هەر كەمكردنەوەیەك بڕە پاداشتێك دەداتە ماڵان.

ئێران ئێستە ڕۆژانە 380 ملیۆن مەتر سێجا غاز كورتهێنانی هەیە، چاوەڕێ دەكرێت لە وەرزی زستاندا كورتهێنانی دوو هێندە بێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە ئێران ڕۆژانە 850 ملیۆن مەتر سێجا غازی پێویستە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی، بە جۆرێك كەرتی نیشتەجێبوون، بازرگانی و پیشەسازیی بچووك بە تەنیا نزیكەی 72% بۆ 80%ـی كۆی بەكارهێنانی غاز پێكدەهێنن، ئەوەش بە نزیكەی 435 بۆ 625 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا پێكدەهێنێت، ڕێژەكەش لە زستاندا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە بەهۆی پێویستی گەرمكردنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *