ساڵانێكی زۆر ڕەوەندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات بە نەبوونی یەكگرتوویی و یەكدەنگی دەیناڵاند. دابەشبوون و پەرتەوازەیی كاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوبانگ و دەنگی كورد لە دەرەوە دروست كردبوو و توانای ڕەوەندی كوردستانی بۆ كاری هاوبەش لاواز كردبوو. لەو بارودۆخەدا سەرۆك مەسعوود بارزانی خەونی ڕەوەندی كوردستانی بەدی هێنا. كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی دامەزرا و بوو بە سەكۆیەك و ماڵێكی گەورە، بۆ یەكگرتنەوەی ناوماڵی كوردستانی لە سەرانسەری دنیادا. ئەم كۆنفیدراسیۆنە ژینگەیەكی وای دروست كرد كە كوردستانیانی هەر چوار پارچەی كوردستان لە باكور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەكانیانەوە، پێشوازی و بەشداری بكەن لەم پڕۆژە نیشتمانییە مەزنەدا.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی بە خێرایی لە زۆربەی وڵاتەكان، ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی دامەزراند و بووە بە پشتیوانێكی كردەیی بۆ كوردستانیان لە دەرەوە. لە ڕێگەی پڕۆژە و چالاكیی جیاوازەوە خزمەتی ڕەوەندی كوردستانی دەكات، ئەمەش وایكردووە كوردستانیان چالاكتر و یەكڕیزتر بن. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم سەركەوتنە، زیندووكردنەوەی هەستی نیشتمانی، كاركردنی پێكەوە و ئامانجی هاوبەشە، بۆیە دەكرێ بگوترێت ئەم كۆنفیدراسیۆنە ئێستە بناغەی سەرەكیی یەكخستنەوەی دەنگی كوردستانییە لە دەرەوە.
لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی شیفا بارزانی وەك سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی كوردستانی، بەرچاو و جێگەی بایەخە. هەر لە سەرەتای كاركردنی هەوڵی داوە كوردانی دەرەوە تەنیا وەك كۆچبەر نەبینرێن، بەڵكو وەك بەشێكی بەهێز لە كۆمەڵگەی كوردستانی و سەرمایەیەكی مرۆیی بۆ نیشتمان سەیر بكرێن.
یەكێك لە هەنگاوەكانی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، ئەنجامدانی بۆنە و چالاكیی نەتەوەییەكانە، بەتایبەتی نەورۆز. نەورۆز بۆ كورد تەنیا جەژن نییە، بەڵكو بەشێكە لە ناسنامە، مێژوو و هەستی نەتەوەیی. كاتێك لە شارێكی وەك كۆڵن لە ئەڵمانیا بە سەتان هەزار كورد لە یەك شوێن كۆ دەبنەوە و ئاهەنكی نەورۆز دەگێڕن، هەستی كوردایەتی لە وشە تێدەپەڕێت و دەبێتە كردار، پێشان دەدات كورد لە هەر شوێنێك بژی، دەتوانێ ناسنامە و كولتووری خۆی بپارێزێت.
لە پاڵ جەژن و بۆنە نەتەوەییەكاندا، كۆنفیدراسیۆن كاری لەسەر هۆشیاری و گەیاندنی ناسنامەی نەتەوەیی بۆ نەوەی دووەم و سێیەم لە دیاسپۆرا كردووە. ئەو منداڵەی كە لە بەرلین، واشنتن یان لەندەن لە دایك دەبێت، لە قوتابخانە بە زمانی ئەڵمانی یان ئینگلیزی دەخوێنێت، چۆن دەتوانێ زمان، مێژوو و كولتووری خۆی بپارێزێت؟ لێرەدا زمانی دایك گرنگترین پردە. لەم بوارەشدا كۆنفیدراسیۆن چەندان قوتابخانەی بۆ خۆیندن بە زمانی كوردی دروست كردووە بە پشتیوانی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستە كوردستانیان دەتوانن سوودمەند بن لە پرۆگرامەكانی خوێندن بە زمانی دایك لە ڕێگەی ئۆنلاین.
لە هەمان كاتدا دیاسپۆرا سەرمایەیەكی گەورەی زانستی، پیشەیی و ئابوورییە. لە ئەوروپا، ئەمەریكا و شوێنەكانی تر، بە هەزاران كورد لە بواری پزیشكی، ئەندازیاری، زانست، بازرگانی و تەكنەلۆجیادا شارەزایی و ئەزموونیان هەیە. بۆ ئەم مەبەستە كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، فیدراسیۆنی جیاوازی دامەزراندووە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ڕێكخراو و سیستماتیك سوود لەو توانایانە وەربگیرێت وەك سەرچاوەیەك بۆ گەشەپێدانی نیشتمانی. ڕۆڵی كۆنفیدراسیۆن لێرەدا بووەتە دروستكردنی تۆڕێكی پێوەندیدار لە نێوان كوردانی دەرەوە و نیشتماندا، هەم بۆ پاراستنی زمان و كولتوور، هەم بۆ بەكارهێنانی توانای پیشەیی و زانستی.
بەشێكی تری بەرنامەی كاری كۆنفیدراسیۆن، ناساندنی دەنگی كوردە بە كۆمەڵگەی جیهانی. زۆربەی كوردانی تاراوگە، ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە كە تێیدا دەژین و لە ژێر چەتری كۆنفیدراسیۆن، بوونەتە پردێك لە نێوان كوردستان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، كۆنفیدراسیۆن كاری كردووە بۆ ئەوەی ڕەوەندی كوردستانی لە دەرەوە بەشێوەیەكی ڕێكخراو و بەردەوام، پێوەندییەكی بەهێز لەگەڵ پەرلەمانتاران، سیاسەتمەداران، بەرپرسانی حكوومی و دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەكان دروست بكەن بۆ بەهێزكردنی هاوكاری و گەیاندنی دەنگ و خواستەكانی گەلی كورد.
بۆیە دەتوانین بڵێین كە هەوڵەكانی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە ژێر سەرپەرشتیی شیفا بارزانی، لە پەرتەوازەییەوە بووەتە یەك دەنگ: نەورۆز بووەتە بۆنەی نوێبوونەوە، زمان بووەتە پردی نێوان نەوەكان، قوتابخانە و پۆلی كوردی بوونەتە شوێنی پاراستنی ناسنامە، كوردانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون بوونەتە بەشێك لە پرۆسەی پەرەپێدانی نیشتمان. لەوانەیە ئەمڕۆ كوردانی دەرەوە بە جەستە لە نیشتمان دوور بن، بەڵام كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی ئەم دوورییەی نزیك كردووەتەوە، لە ڕێگەی پاراستنی زمان، ناسنامە و تواناكانی ڕەوەند. ئەو دوورییە بووەتە هۆی دروستبوونی پردێكی فراوانتر لە نێوان نیشتمان و دیاسپۆرا.
بۆیە لەسەر هەموو تاكێكی كوردستانی پێویستە بەردەوام بێت لە پشتیوانی ئەم پڕۆژە مەزنە، دەبێت بەیەكەوە كار بكەین بۆ پاراستن، پێشخستن و بەهێزكردنی كولتوور، زمان و مێژووی گەلەكەمان. با ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەست نەدەین كە كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی هێناویەتە ئاراوە. با بەردەوام بین لە بنیاتنانی ئەو بناغەیەی دانراوە بۆ ڕەوەندێكی چالاكتر و بەرهەمدارتر. بەیەكەوە دەتوانین ڕۆڵێكی چارەنووسساز بگێڕین لە خزمەتی ڕەوەندی كوردستانی و نیشتمان.
















Leave a Reply