لە ماناخستنی ئۆپۆزسیۆن: لە چاکسازییەوە بۆ گاڵتەجاری

بینەر: (6)

“هیچ کاتێک چاوەڕوانی ڕیفۆرم و گۆڕانی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەیەك ناکرێت کە ڕوانینێکی ئەقڵانی و ڕاڤەی نوێی نەبێت بۆ ماناکانی مرۆڤ، دەسەڵات، ماف، گۆڕان و ئازادی.. هتد”. بێگومان هەموومان شایەتی ئەو ساتەوەختە بووین كە ئۆپۆزسیۆن وەک قارچک لە هەرێمی كوردستان هەڵتۆقی و بەبێ بوونی زەوینە و پرسیاری پێشوەختە و تێڕامان لە ماناکانی چۆنیەتی و چییەتی، بەوەی ئایا ئۆپۆزسیۆن چییە؟ بێ ئەوەی بزانن بۆ دەبن بە ئۆپۆزسیۆن و بەرنامەی نوێی ئەمان بۆ سیاسەت و ژیانكردن چییە و كاری جیاوازیان لەسەر كام تیۆر و پرۆژەی سیاسیی دادەڕێژن، خۆیان كرد بەناو شەقامدا و هەرچی هیوا و وزەی نوێی گۆڕانكاریی بوو، لە خۆیاندا خنكاندیان.

بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبوونیدا، هەڵتۆقینی ئۆپۆزسیۆن بوو، زیاتر توڕەییەكی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو دژ بە دەسەڵات، نەک دروستبوونی ئاگایی و هۆشیارییەکی مەعریفی کە بە ئەقڵ بیر لە کێشەکان بکرێتەوە، تا ئەم ساتەوەختەیش هەمان دۆخ بەردەوامە و درێژەی هەیە، کاتێك پرسیار نەبوو بە پرسیارێکی هزری و تێڕامان لە ماناکانی بەوەی ئۆپۆزسیۆنبوون کامە ڕوانین یان ئایدیایە بۆ ژیان و سیاسەت و ماناکانی بوون؟ ئەم چەمکەیش وەک هەموو چەمکە بەلاڕێدابراوەکانی تری وەک دیموکراسی، ماف، ئازادی…هتد هەر کەسێ دەمی پژا خێرا بەکاری دەهێنا بە بێ تێگەیشتنێکی سادە و سەرەتای لەو مانا و ناوەڕۆکەی هەڵگریەتی، ئیدی وشەکە نەک ناوەڕۆک و جادووەکەی بەتاڵ کرایەوە و نەما، بگرە بەکارهێنانی وەک؛ جۆرێک لە گاڵتەجاڕی لێهات.

هەڵوێستی ڕژدی ئەم ساتەوەختە نەک تەنیا دەبێت بەرانبەر دەسەڵات بێت، بگرە لەگەڵیدا دەبێت بەرانبەر بەو جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن بێت کە ئەم چەمکانەیان لە مانا داماڵی و بێمانایان کرد و لە هەموو جادوویەک بەتاڵیان کردەوە. هەموو ئەوانەی بۆ ساتێک دەرگیری هزر و دنیای بیرکرنەوە بووبن، تێدەگەن چەند تراجیدی و بە ئازارە کاتێک مانا لە ناوەڕۆک دادەماڵرێت و بێمانا دەکرێت، ئەو چەمکانەی مرۆڤ ڕۆژگارێک هیوای لەسەر هەڵدەچنێت، چۆن بوون بە گاڵتەجاڕی؟

لێرەدا مرۆڤ ناتوانێت لەسەر ئەم دۆخە نائەخلاقییەی لە ماناخستن و پرسە کۆمەڵایەتییانەی لە تەنیشتی دەگوزەرێت، بێدەنگ بێت، بۆیە ئەوە تەنیا دەسەڵات نییە هزر و بیرکردنەوە و مانا ناشرین دەکات، بگرە ئۆپۆزسیۆن دوو هێندە و بگرە زیاتریش ئەم کارەی گرتە ئەستۆ. هۆکارەکەی ڕوونە، لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆن بەرهەمی پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری و ڕوانینێکی جیاواز نەبوو لە کوردستان، نەک گوتارێکیان نەبوو بە چەمک بیر بکاتەوە، بگرە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتیان گەیاندە دوو ئاست، ئاستێک لە گاڵتەجاڕی و قەرەقۆزئاسا، ئەمەیان ئەکتی سیاسی لەوەدا دەبینێ ڕۆژێک بە گرتنی دەسکێک تووری قووڕاوی بە دەستییەوە و قسەکردنی بازاڕی و بێمانا بە ناوی سیاسەتەوە، دواتر (دانیشتن لە پاڵ قەل و کورتانی كەر… هتد) نیشاندانی وەک ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات کە لە ڕاستیدا لە یەک مانا زیاتر هەڵناگرێ، ئەویش (مهرج) و قەرەقۆزبوونە کە گاڵتەجاڕی دەباتە ترۆپکی خۆی و هیچ مانایەك دروست ناکات، جگە لەو دۆخە بێمانایەی ئێستە تێیدایە.

تەواوکەری ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن و هاوجووتی یەکەم کە تەواو ئەخلاقییە لەسەر بنەمای پاک/پیس، گەندەڵ/دەسپاک…هتد، وەک (بەختیار عەلی) ئاماژەی بۆ دەکات “ئەم جۆرە هەموو ڕەخنەیەکی لە دەسەڵات ڕەخنەیەکی ئەخلاقییە و لە سنووری ڕەخنەگرتن لە گەندەڵی یان ڕەخنەگرتن لە هەندی هەڵوێستی ناسیونالیستیدا کورت ببێتەوە، ئەمەیان دیاردەیەکی هیجگار ترسناک دروست دەکات و دەرگا لە بەردەم گیانێکی فەندەمینتاڵ و تاریکدا دەکاتەوە، ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئەمڕۆ لە کوردستان بە ناڕێکی هەیە، نە هەڵوێستێکی سیاسی دەستەجەمعی هەیە، نە پێناسی فکری هەیە، نە فیکریشی بەرهەم هێناوە.

تاکە شتێک ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەسەری دەژی، مۆڕاڵە. مۆڕال بە مانا هەرە ڕادیکاڵەکەی، مۆڕاڵێک نزیک دەبێتەوە لە سنووری ئەخلاقیاتی دینی سەرپەڕ. خۆی بەوە لە دەسەڵات جیا دەکاتەوە کە دەتوانێت ڕەخنەی ئەخلاقیانەی توند لە دەسەڵات بگرێت و زۆر جاریش دەسەڵات بخاتە ژێر گوشارەوە، بەڵام لە هیچ ئاستێکدا ناتوانێت لە سەنگەری ئەخلاق بەولاوە سەنگەرێکی تر بگرێت، ڕۆحێکی دەستەجەمعی ناکامڵە، نە دەزانێت چی دەوێت و نە دەزانێت سنوور و شێوەی ئەو ئەخلاقە چییە کە داوای دەکات، لە سیستمێکی بیرکردنەوەی سادەوە هاتووە و ختووکەی هەستە سەرەتایی و پێوەرە ئەخلاقییەکانی ناو مرۆڤ دەدات.

زمان لەناو بازنەی ئەخلاقدا گیر دەکات و هیچ مانایەکی نوێ بەرهەم ناهێنێت، جگە لە بەلاغێکی ناشرین، ڕۆژانە ئەو شتانە دووبارە دەکاتەوە کە هەبوون و دووبارەن، لە ڕێگەی ئەو بەلاغەتە ئەخلاقیە بێمانایەوە هەوڵ دەدات ئەو نوقسانیە عەقڵیەی کە خاڵییە لە هەموو فکر و بیرکردنەوەیەک، بشارێتەوە و تا قیامەت هەمان شت دووبارە بکاتەوە، بەبێ بوونی یەک مانای نوێ. بۆیە هیچ کاتێک دنیا ژیانی کولتووری ئێمە گۆڕانێکی ڕادیکاڵی تێدا دروست نابێت، بەم دیدە ئەخلاقی و موهەریجبوونە، هیچ شتێکی نوێ بەرهەم ناهێنین، تەنیا یەک شت بار دەهێنێتەوە، ئەویش ئەتکكردنی چەمک و ڕۆشنگەری و نوێگەریی و ئازادییە لەژێر ناوی گۆڕانکاری و ئۆپۆزسیۆنبووندا.

گۆڕانی ژیان و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە، پێوستی بە بنەمایەکی فکری و دنیابینییەکە كە دیدی نوێ و جیاوازی هەبێت بۆ کۆی کایەکانی ژیان و مانای ڕاستەقینە بداتەوە بە سیاسەت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *