كڕین و فرۆشتنی موڵك لە هەولێر جووڵەی تێكەوت

بینەر: (91)

بەگوێرەی قسەی خاوەنی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی موڵك، لە دوای وەستانی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل، جموجۆڵ كەوتووەتە بازاڕی كڕینی موڵك لە هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئایار، سەڵاح پیرداود خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی موڵك لە هەولێر، بە “وشە”ی راگەیاند، لە دوای راگرتنی ئەو شەڕەی ماوەیەك بوو ناوچەكەی گرتبووەوە، بازاڕی كڕینی موڵك لە هەولێر جووڵەی تەواوی بەخۆیەوە بینوە.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد جیا لە وەستانی شەڕ، پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و دڵنیاییدان لە هاتنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی كوردستان هۆكارێكی تری دروستبوونی ئەو جموجۆڵەیە.

ئەو كە لە بازاڕەكەدایە و رۆژانە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی شوقە و خانوو دەكات ئەوەیشی نەشاردەوە كە لە چەند مانگی رابردوودا جموجۆڵ بە تەواوی وەستابوو، بەڵام ئێستە تا رادەیەكی زۆر بازاڕ “خۆش” بووە.

بەگوێرەی قسەی خاوەنى ئەو نووسینگەیەی كڕین و فرۆشتنی موڵك لە هەولێر، كارئاسانی كردن بۆ هاتنی خەڵكی ناوچەكانی تر بۆ هەولێر، نرخی شوقەی بۆ كرێ و كڕین بەرز كردووەتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *