كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراق ئاشكرای دەكات كە بەهۆی كشانەوەی كۆمپانیاكانەوە، قەبارەی بەنزین پێنج ملیۆن لیتر كەمیكردووە و ئەمەش بووەتە هۆی گران بوونی.
كۆمپانیای گشتیی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراق ڕای گەیاند، بەهۆی دۆخی ناوچەكە و ڕووداوە تەناهییەكانەوە ژمارەیەك لە كۆمپانیاكان كشاونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین.
كۆمپانیاكە جەختی لەوەش كردووەتەوە كە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە و چارەسەركردنی قەیرانەكە، لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بەنزین لە دەرەوە هاوردە دەكەن، هاوكات پابەندبوونی تەواوەتیی خۆشیان بە سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران دووپاتكردەوە و ڕایانگەیاند كە بەهیچ شێوەیەك بەنزین لەو وڵاتەوە هاوردە ناكەن.
لە لایەكی ترەوە نووسینگەی ڕاگەیاندن و پێوەندییە حكوومییەكانی وەزارەتی نەوت، لە ڕوونكردنەوەیەكدا وەڵامی ئەو زانیارییانەی دایەوە كە لەلایەن شرۆڤەكارێكی ئابوورییەوە لە كەناڵی (عەهد) لەبارەی تێكەڵكردنی بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و فرۆشتنیان بە نرخێكی گرانتر بە هاوڵاتییان بڵاوكرابوونەوە.
وەزارەتەكە ئەو دەنگۆیانەی بەدوور لە ڕاستی وەسف كرد و ڕای گەیاند، سەرجەم بەرهەمە نەوتییەكان بە پاڵپشتیی تەواوەتیی حكوومەت دەدرێنە هاوڵاتییان بۆ پاراستنی ئاسایشی وزە، هەروەها نرخەكانیش لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و جیهان زۆر كەمترن.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش كردووە كە پرۆسەی تێكەڵكردن لەناو پاڵاوگەكاندا تەنیا كارێكی هونەرییە بۆ چارەسەركردنی بەرهەمی نەفتا و گۆڕینی بۆ بەنزینێك كە لەگەڵ تایبەتمەندییە عێراقییەكاندا بگونجێت، ئەوەش لەپێناو زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پڕكردنەوەی پێداویستییەكان.
ئێستە چوار جۆر سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل بەردەستن كە بریتین لە: بەنزینی نۆرماڵ (ئۆكتان 85)، بەنزینی موحەسەن (ئۆكتان 91)، بەنزینی سوپەر (ئۆكتان 95)، لەگەڵ غازی شل. لە كۆتاییشدا وەزارەتەكە داوای لە میدیاكان كرد زانیارییەكان لە سەرچاوەی فەرمییەوە وەربگرن بۆ ئەوەی ڕای گشتی چەواشە نەكرێت.
















Leave a Reply