قایمقامی سلێمانی: هەندێك كەناڵ پروپاگەندەیەكی ناشیرین دژی بەرهەمی ناوخۆیی دەكەن

بینەر: (1.3K)

قایمقامی سلێمانی لەبارەی تەندروستیی مریشكی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان، دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان و ڕای دەگەیەنێت، هێزە تەناهییەكان ڕێگرییان لە بڵاوبوونەوەی دەرمانێكی نایاسایی كردووە كە ویستراوە لە چەند كێڵگەیەك بەكار بهێنرێت.

فازڵ عومەر قایمقامی سلێمانی بە وەكالەت، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ نوێنەری سامانی ئاژەڵ، سوپاسی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هەڵوێستی خێرا و ڕێگریكردنیان لە بڵاوكردنەوەی دەرمانێكی قەدەغەكراو.

ئاماژەی بەوە كرد، ئاسایش هەر لە سەرەتاوە ڕێگریی كردووە لەوەی ئەو دەرمانە ببرێتە ناو كێڵگەكان و بدرێت بە مریشكەكان، بەوەش مەترسیی لەسەر تەندروستیی هاونیشتمانیان دوور خراوەتەوە.

قایمقامی سلێمانی ئاشكرای كرد، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 700 كێڵگەی پەلەوەری بوونیان هەیە. لەو ژمارەیەش تەنیا خاوەنی 18 كێڵگە ویستوویانە ئەو دەرمانە قەدەغەكراوە بەكار بهێنن، بەڵام پێش ئەوەی كارەكە ئەنجام بدەن، لەلایەن دەزگا تەناهییەكانەوە دەستبەسەر دەرمانەكەدا گیراوە و ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی كراوە.

قایمقامی سلێمانی نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە هەندێك پەیج و كەناڵی ڕاگەیاندن دەربڕی كە بە گوتەی ئەو، “شەڕێكی ناڕاست” دژی سلێمانی دەكەن.

دووپاتی كردەوە، ئەو كێشەیە بەو شێوەیە گەورە نییە كە لە میدیا و ڕاگەیاندنەكان باس دەكرێت و لە زۆربەی كێڵگەكاندا بوونی نییە، بۆیە بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە زیان بە ناوبانگی هەرێمی كوردستان و سەرمایەدارە نیشتمانییەكان دەگەیەنێت.

قایمقامی سلێمانی داوای لە حكوومەتی هەرێم و وەزارەتە پێوەندیدارەكان كرد، چاو بە پیشەییبوونی هەندێك كەناڵدا بخشێننەوە كە هەواڵی چەواشەكارانە بڵاو دەكەنەوە.

ڕاشی گەیاند، پێویستە ئەركی میدیا و ڕاگەیاندنەكان هۆشیاركردنەوەی خەڵك بێت، نەك دروستكردنی دڵەڕاوكێ و ترس لە ناو دڵی هاونیشتمانیاندا.

لە ماوەی رابردوودا كەناڵێكی دیار و چەند پەیجێك هێرشێكی گەورەیان بۆ سەر بەروبوومی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووە، ئەوەش وایكردووە بەرهەمی ناوخۆیی بشكێنن و ناوبانگی خراپ بكەن، بەم كارەشیان گورزێكی گەورەیان لە كوردستان داوە و ناڕەزایەتی خەڵك و سەرمایەدارانیشی لێ كەوتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *