حكوومەتی عێراق بڕیاری دا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیكراو بنێرێت، وەزیری نەوتیش فەرمانی بۆ خێراكردنی رێكارەكان دەركرد.
ئەمڕۆ یەكشەم یەكـی تشرینی دووەم، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوتی عێراق، فەرمانی بە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان كردووە، تا پەلە بكەن لە گرتنەبەری رێكارە پێویستەكان بۆ ئامادەكردن و ناردنی پشكی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتن و رێككەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، حكوومەتی عێراق ساڵانە بڕێك نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات.
پرۆسەی دابەشكردنی ئەو نەوتەش بەپێی پسوولە و لە رێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
حكوومەتی هەرێمیش ئاماژەی بەوە دابوو، بەگەیشتنی نەوت سەرەتا لە ناوچە كوێستانییەكانەوە دابەش دەكرێت.
















Leave a Reply