راوێژكاری زەیدی: ئەوەی روو دەدات تەنگژەی نەختینەیە نەك مایەپووچبوونی عێراق

بینەر: (38)

موزهیر محەمەد ساڵح راوێژكاری عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی دووپاتی دەكاتەوە، ئەوەی ئێستە لە بواری دارایی عێراق دەگوزەرێت، تەنگژەی نەختینەیە نەك مایەپووچبوون و دەشڵێ‌، “یەكێك لە چارەسەرییەكانیش ئەوەیە پارەی نەوت پێشەكی وەربگیرێت”.

ئەمڕۆ شەموو یەكی ئاب، موزهیر محەمەد ساڵح دووپاتی دەكاتەوە، عێراق دەتوانێ‌ ئەو تەنگژە داراییە تێپەڕێنێت كە بەرۆكی گرتووە، ئەمەیش بە هۆی كۆمەڵێك رێكاریی و سیاسەتی دارایی دەبێت.

یەكێك لە چارەسەرییەكان كە موزهیر باسی كردووە ئەوەیە، پێشەكی پارەی داهاتی نەوت وەربگیرێت، بە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە ئامادەن بە گەرەنتی هەناردەی نەوت لە ئایندەدا پارە بە قەرز بدەن. هەروەها دەكرێت سوود لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتیش وەربگیرێت.

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە دەوڵەت بە واتەی تەواوی وشەكە مایەپووچ نابێت، بەڵام بە تەنگژەی دارایی تێدەپەڕێت و دەكرێت بە سیاسەت و رێكاریی تایبەت تەنگژەكە تێپەڕێت.

لەبارەی مووچە و خەرجییەكانی بەكارخستنیش راوێژكاری سەرۆك وەزیران دووپاتی دەكاتەوە، ئەمانە لەو بابەتانەن دەبێت پێشتر دابین بكرێت و كەس دەستیان بۆ نەبات.

ماوەی چەند رۆژێكە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواكەوتووە و تا ئێستە هیچ باسێكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش نەكراوە، پاساوی حكوومەتی عێراق نەبوونی نەختینەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *