سەلاح حسن محمد
لە جیهانی ئاساییدا، سەرکردەیەک کە شکست دەهێنێت، وڵات دەخاتە ناو قەیرانەوە، یان گەندەڵییەکەی ئاشكرا دەبێت، بە یەکجاری لە گۆڕەپانەکە ون دەبێت و زۆرجار ڕووی نایەت تەنانەت لە میدیاکانیشەوە دەربکەوێت. بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، شکست تەنها وێستگەیەکە بۆ پشوودان! بەرپرسە دۆڕاوەکان لێرە هەرگیز نامرن لە ڕووی سیاسییەوە؛ تەنها ماوەیەک بێدەنگ دەبن، بۆیاخی لۆگۆی حیزبەکانیان دەگۆڕن، ناوێکی نوێ بۆ هاوپەیمانێتییەکەیان دادەتاشن، و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وەک “پاڵەوانی چاکسازی و ڕزگارکەری نەتەوە” خۆیان دەفرۆشنەوە بە هەمان ئەو خەڵکەی کە پێشتر ماڵوێرانیان کردبوون. ئەمە وەک ئەوە وایە شیرێکی ئێکسپایەر و تێکچوو لە بازاڕدا بکڕیت، کاتێک دەزانیت خراپە، کۆمپانیاکە تەنها لەزگەی قتووەکە بگۆڕێت و دووبارە بە نرخێکی گرانتر پێت بفرۆشێتەوە!
ئەم سوڕانەوە بێکۆتاییەی نوخبەی سیاسی، پرسیارێکی زۆر جدی دروست دەکات: ئایا کۆمەڵگای ئێمە کێشەی “یادەوەریی ماسی” هەیە و زوو هەموو شتێکی بیر دەچێتەوە؟ ئایا خەڵک ئەو ڕۆژانەیان بیرچووەتەوە کە هەمان ئەم سەرکردانە نەیاندەتوانی یەک کاتژمێر کارەبا بدەن یان مووچە دابین بکەن؟ لە ڕاستیدا، کێشەکە تەنها زاکیرەی لاوازی شەقام نییە، بەڵکو دیزاینی سیستەمەکەیە. سەرکردە کۆنەکان هێندە پارە و چەک و میدیایان قۆرخ کردووە، کە ناهێڵن هیچ جێگرەوەیەکی نوێ و خاوێن گەشە بکات. کاتێک خەڵک دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان، دەبینێت لیستەکە هەمان ئەو کەسانەن کە بیست ساڵە یەخەی وڵاتیان گرتووە، بۆیە ناچار دەکرێن لە نێوان “خراپ” و “خراپتر”دا یەکێکیان هەڵبژێرن. وەک ئەوەی کۆمپیوتەرەکەت پڕ بێت لە ڤایرۆس، و لەبری ئەوەی فۆرماتی بکەیت و سیستەمێکی نوێی تێدا دابمەزرێنیت، هەمان ئەو سیستەمە ڤایرۆساوییەی تێدا دابمەزرێنیتەوە و چاوەڕێی خێرایی و گۆڕانکاری بکەیت!
تا ئەو کاتەی کۆمەڵگا نەتوانێت سزای توندی ئەو سەرکردانە بدات کە شکستیان هێناوە، و تا ئەو کاتەی توڕەیی خەڵک نەبێتە هێزێک بۆ دەرکردنی یەکجاریی دەموچاوە کۆنەکان لە گۆڕەپانەکە، عێراق هەرگیز هەنگاوێک ناچێتە پێشەوە. لێپرسینەوەی ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە بەرپرسێک لە کورسییەکەی لاگریت، بەڵکو ئەوەیە کە ڕێگە نەدەیت سەرمایە دزراوەکەی بەکاربهێنێت بۆ کڕینەوەی کورسییەکی نوێ. وڵاتێک کە نەتوانێت ئەکتەرە فاشیلەکانی خانەنشین بکات و ڕێگەیان پێ بدات بەردەوام بە ماسکی نوێوە بێنەوە سەر شانۆکە، وڵاتێکە کە سزای مەرگی خاوی بەسەر خۆیدا سەپاندووە.















Leave a Reply