جیاوازیی پێکەوەژیان و برایەتیی گەلان

بینەر: (1.6K)

لە پێناسەی گوتاردا ڕەنگە ئێمە لە نێوان دوو گوتاری جیاوازدا دەستەواژەی هاوبەش بدۆزینەوە و ڕەنگە لامان وا بێت هاوبەشییەک لە نێوان ئەم دوو گوتارەدا هەیە کە زۆر لێکیان نزیک دەخاتەوە، بەڵام وا نییە. دەبێت سەرەتا ئەوە بزانین، جیاوازیی گوتارەکان تەنیا لە دەستەواژەکاندا نین، بەڵکوو بە توندی خۆی لە پێناسەی وشە و دەستەواژەکاندا دەبینێتەوە، هەروەها یەک دەستەواژە بەتەنیا مانا نادات بە دەستەوە لەناو گوتارێکدا، بەڵکوو لە پێوەندیی لەگەڵ دەستەواژە و چەمک و پێناسەکانی دیکەی ناو گوتارەکەدا، خۆی دەردەخات.

بۆ نموونە، وشە یان دەستەواژەی ڕزگاریی لە گوتارێکی ڕاستی ئاینی لەگەڵ گوتارێکی چەپی ڕادیکاڵ زۆر جیاوازە، لەگەڵ ئەوەبش کە هەردوولا وشەکە بەکار دێنن و پێناسەیان کردووە بۆ خۆیان. لەمەیش گرینگتر، هەر گوتارێک ڕوانینێکی بۆ دەسەڵات هەیە و ئەم ڕوانینە دەتوانێت هەموو مانا و دەلالەتی دەستەواژە و وشەکانی ناو ئەو گوتارە بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. لە ڕوانگەیەکەوە دەتوانین بێژین، هیچ گوتارێک لە دەرەوەی خواستی دەسەڵات نییە، بەڵام دەسەڵات لە ڕوانگەی هەر گوتارێکدا وەک وتم مانا و پێناسەیەکی جیاواز و تایبەت بەخۆی هەیە.

ئێستە لە کوردستان گوتارێکی ڕاستی نەتەوەیی هەیە کە لەگەڵ کێشەکانیدا پرسی نەتەوەیی بۆ گرینگە و دامەزراندنی دەوڵەت مەبەستی سەرەکیەتی، تەنانەت ئەگەر لە ئێستەیشدا ئەم ئامانجە مەحاڵ بنوێنێ، هەر لە خەیاڵدانی خۆیدا هەڵیگرتووە. ئەم گوتارە لە باشووری کوردستان پارتی و یەکێتی نوێنەرایەتیی دەکەن و لە ڕۆژهەڵاتیش زۆرینەی لایەنەکان ڕوانگەیەكی وایان هەیە، لانیکەم لە ئاستی گوتاردا و بەو دابڕانەی کە لە نیشتمان و وڵات هەیانە. سبەی دواڕۆژ چی ڕوو دەدات، زۆر ڕوون نییە و لێرەیش باس ناکرێت.

گوتارەكەی تلا وەک چەپ خۆی ناو دەبات و بە زۆری دەرەنجامی چەند دەیە هەوڵ و هەرای پارتی کرێکارانی کوردستانە و ئێستە وەک فەلسەفەیەکی جیهانگیری سەرانسەری باسی دەکەن، ئەم گوتارە یەک تایبەتمەندیی لە ماوەی سەرهەڵدانییەوە تا ئێستە پێڕەو کردووە، ئەویش گۆڕانکاریی لەناکاو و بنەڕەتی. بۆ نموونە، لە قۆناغێکدا ئەم هێزە باسی سەربەخۆیی و یەکخستنی هەر چوار پارچەی کوردستانی دەکرد، ئێستە باسی برایەتیی گەلان و ڕیگری لە دەرکەوتنی فاشیزمی کوردی دەکات!

کوردێک ئەوەندە دەرفەتی نەدراوە لە کانیاوی گوندەکەی خۆی پڕ بە هەڵقی ئاو بخواتەوە، دەبێت بەو فاشیزمەی تورکەکان دەرسیمیان پێ پاکتاو کرد و سەدام ئەنفالی پێ کرد و ئێران قاڕنێ و قەڵاتانی لێ بەرهەم هێنا، ئەوان چۆن دەیانەوێت ڕێگە لە سەرهەڵدانی فاشیزمی کوردی بگرن و نەهێڵن کورد نەتەوەکانی دیکە بچەوسێنێتەوە و پاکتاویان بکات، لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی کوردییەوە! سەپاندنی ئایدۆلۆجیایەکی خەیاڵی بەسەر واقیعێکی ڕەقوتەقدا. برایەتیی لە نێوان گەلانێکدا کە لەگەڵ ئەوەی بزانن هێزت نییە، دێنە سەرت و گیانت دەكێشن، جگە لە جەستەیەکی مردوو و فڕێدراو، هیچیتر ناهێڵنەوە بۆ ئەم برایەتییە. بۆیە برایەتیی گەلان لە مانای گوتاریانەیدا هیچ گونجانێکی لەگەڵ پێکەوەژیانی گوتاری ناسیونالیستیی کوردی نییە،

ئەم گوتارە دەوڵەت بە دوا ڕێگەچارەی چارەسەریی کێشەی کورد دەبینێتەوە، سەربەخۆیی بە تاکەڕێی دامەزراندنی دەوڵەت کە تەنانەت لە نامیلکەکەی ڤلادیمێر لێنینیشدا وەک مافی چارەی خۆنووسین باسی هاتووە، ئەم گوتارە پێکەوەژیان لەناو قەوارەیەکی کوردی و لەژێر دەسەڵاتی کوردیدا پێناسە دەکات، چونکە ئەو برایەتییەی گوتاری ئاپۆچییەکان باسی دەکەن، پێشتر ئەزموون كراوە لەگەڵ عەرەب و ئەنجامەکەی دەیان هەزار ئێسک و پروسکی بێ ناونیشان و هەزاران کچ و ژنی ئەتککراو و سەتانی ونکراو و بەکەنیزەکراو و هەتا دوایی، بووە.

لێرەدا دەبێت سەرنجی ئەو جیاوازییە جەوهەرییە بدەین کە لە نێوان ئەم دوو دەستەواژە بە ڕواڵەت هاوبەشەدا هەیە کە یەکیان بەناوی پێکەوەژیان وانەی لە ئەزموونی تاڵی مێژوویی وەرگرتووە و متمانە بە داگیرکەر و شۆڤێنی ناکات، ئەویتریش بە دنیایەک خوێن و قوربانیکردنی کچ و کوڕی کوردەوە، دەیەوێت دەستی برایەتیی بۆ کەسانێک درێژ بکات کە وەک گڵاو و مولحید پێناسەیان کردووە. بۆیە نابێت بکەوینە داوی موجامەلە و قسەلەڕوو نەبین، ئەم هێزە تەنانەت شەقامی باکور و ڕۆژئاوای کوردستانیش سینگیان لێ دادڕیوە و ڕازی نین بە بڕیار و بژاردەکانی، چونكە دۆخێکی لێڵی ڕووبەڕووی دوو پارچەی گەورە و بچووکی كوردستانەوە کردووەتەوە، بەڵام بەو حاڵەیشەوە، دەیانەوێت ئەم کڵاوە بنێنە سەر ڕۆژهەڵات و باشووریش.

لێکدژیی قووڵی نێوان ئەم دوو دەستەواژەیە، بەشێوەیەکی توندوتۆڵ پێوەندیی لەگەڵ ڕوانگەیان بۆ دەسەڵات و خوێندنەوەیان بۆ واقیع و مێژوو هەیە، دەسەڵاتێک کەسێکی وەک مێشێل فۆکۆ بە داوی جاڵجاڵۆکەی سەرانسەرگیر ناوی دەبات و دەربازبوونمان لێی نییە، کەچی ئەمان ڕەتی دەکەنەوە، پێش فۆکۆیش نیچە خواستی دەسەڵاتی وەک بنەمای بوونی مرۆڤ باس کرد، بەڵام پێدەچێت لەو دەیان هەزار کتێبەی کە ئۆجەلان خوێندوویەتییەوە، ئەم فەیلەسووفانەی تێدا نەبێت!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *