ترەمپ هۆشداری لە “پیلانێکی گڵاو” دژی ژیریی دەسکرد دەدات

بینەر: (10)

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەم هۆشداریی دا لە بوونی “پیلانێکی گڵاو” کە دژی ژیریی دەسکرد داڕێژراوە، هاوکات دووپاتی کردەوە کە واشنتن دەسەڵاتێکی گەورەی بەسەر کۆمپانیاکانی ئەو بوارەدا هەیە و دڵنیایی دا کە ئەو مەترسییانەی باس دەکرێن ڕوو نادەن و پێویستە ئەمەریکا پێشەنگی جیهان بمێنێتەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئەو پیلانە دژی ژیریی دەسکرد و ناوەندەکانی داتا داڕێژراوە، بەڵام ئێمە دەسەڵاتێکی گەورە و کۆنتڕۆڵی یاساییمان بەسەر کۆمپانیاکانی ژیریی دەسکرددا هەیە.

ڕۆژی یەکشەمی ڕابردوویش ترەمپ ڕای گەیاندبوو، ژمارەیەکی زۆر “هێزی نەرێنی” هەن کە ترس و نیگەرانی بڵاو دەکەنەوە و ئەو مەترسییانەشیان هەرگیز نایەنە دی، دووپاتیشی کردەوە کە دەیەوێت دڵنیا بێتەوە لەوەی ئەمەریکا لە پێگەی پێشەنگیدا دەمێنێتەوە لەو کەرتەدا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا پێویستە پەرەپێدانی کەرتی ژیریی دەسکرد خاو بکرێتەوە یان زیاتر ڕێک بخرێت، ترەمپ ڕوونی کردەوە، ئێمە لە بواری ژیریی دەسکرددا لە پێش چینەوەین. ئێمە پێشکەوتووترین وڵاتی جیهانین و ڕاشکاوانە دەمەوێت ئەم دۆخە بپارێزم، چونکە ئەوەی لە ژیریی دەسکرددا سەربکەوێت، براوەی هەموو شتێکە.

زیاتر گوتی، “دەتوانین کۆنتڕۆڵ دابنێین. دەتوانین ئەمە یان ئەوە بکەین. بەڵام من پێم وایە ژمارەیەکی زۆر هێزی نەرێنی هەن کە ئەم پرسە دەوروژێنن، لە کاتێکدا نابێت بیکەن و تەنیا ترس لەبارەی شتگەلێکەوە بڵاو دەکەنەوە کە هەرگیز ڕوو نادەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *