عەینەدین مەریوانی: زیندووم و هەموو ساڵێك بۆ خۆشی دەممرێنن

بینەر: (9)

ئەمڕۆ جارێكی تر دەنگۆی گیان لە دەستدانی، هونەرمەند عەینەدین مەریوانی بڵاو كرایەوە، بەڵام خۆی لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە پێدەچێ‌ لە نەخۆشخانەیەكی شاری مەریوان بێت رای گەیاند، سەلامەتە و هەموو ساڵێك بۆ خۆشی دەنگۆی مردنی بڵاو دەكەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی 11ی ئەیلوول، گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە ئیسنتاگرام بڵاو كرایەوە كە هونەرمەند عەینەدین مەریوانی قسە دەكات و دەڵێ‌، من سەلامەتم، نەمردووم، هەموو ساڵێك بۆ خۆشی دەممرێنن.

ڤیدیۆكەی ئەو هونەرمەندە لە كاتێكدایە كە بەیانی ئەمڕۆ دەنگۆی گیان لە دەستدانی بڵاو كرایەوە و لە ساڵانی رابردوویشدا چەندان جار دەنگۆی هاوشێوە لەسەر عەینەدین بڵاو كراوەتەوە.

ئەو نابینایە و بەو حاڵەتەیش توانیویەتی شوێنێكی تایبەت لە موزیكی فۆلكلۆری كوردیدا بەدەست بێَنێت. هەندێك سەرچاوە دەڵێن، لەدایكبوونەوە نابینا بووە.

گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان و كارە هاوبەشەكان لەگەڵ هونەرمەندانی تری ناوچەكەش هەن، بۆ نموونە، تۆمارێك بە ناوی “فۆلكلۆر” لەگەڵ كازم باشماخی بە ناوی هەردووكیان بڵاوكراوەتەوە.

هەروەها پەیكەرێكی هونەرمەند لە پاركی شانۆ لە مەریواندا دانراوە كە نیشانەیەكە لەوەی لە ناوچەكەدا بە كەسایەتییەكی گرنگی هونەر و موزیك دادەنرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *