بۆچی لە زستان قژ زیاتر هەڵدەوەرێت؟

بینەر: (15)

یەكێك لە كێشە تەندروستییەكان، بەتایبەتی بۆ ژنان، هەڵوەرینی موو و قژیانە، زۆر كەس تێبینی دەكات لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەی گەرما، هەڵوەرینی قژ زیاتر دەبێت، شارەزایان پێیان وایە ئەو حاڵەتە كاردانەوەیەكی سروشتی و باوە بۆ گۆڕانكارییە وەرزییەكان.

رەنگە هەڵوەرینی موو لە وەرزی زستان ئاسایی بێت، بەڵام ناكرێ هەڵوەرینی كتوپڕ و زۆر و بێ هۆكار پشتگوێ بخرێت، پێویستە هۆكارەكانی بزانرێت و چارەسەر بكرێن، زۆر جار هەڵوەرینی زستانی موو بۆ گۆڕانكاریی ژینگەیی و شێوازی ژیانی وەرزی دەگەڕێتەوە، هەوای ساردی دەرەوە و هەوای وشكی ژوورە داخراوەكان، ئاستی شێ كەم دەكەنەوە پێستی سەر شێداری ئاسایی خۆی لەدەست دەدات، بەوەش سیكڵدانۆچكەكانی موو لاواز دەبن، جیا لەوە ڤیتامین دی ئەویش رۆڵی هەیەن كە بەركەوتنی تیشكی خۆر لە زستان كەم دەبێتەوە.

جیا لەوانە خەڵك زستانان كەمتر وەرزش دەكەن و كەمتر ئاو دەخۆنەوە، ئەوانەش كاریگەریی نەرێنیان لەسەر تەندروستی مووەكان هەیە، بە گشتی وشكهەڵگەڕانی پێستی سەر هۆكارێكی سەرەكییە بۆ هەڵوەرینی موو لە زستان، چونكە نزمبوونەوەی پلەی گەرما بەرهەمهێنانی رۆنە سروشتییەكانی پێست كەم دەكاتەوە و ئەوەش خوران و دروستبوونی توێشك و لاوازیی رەگی مووەكانی لێ دەكەوێتەوە.

هەروەها شووشتنی قژ بە ئاوی گەرم، رۆنە سروشتییەكانی مووی سەر لادەبات و وشكیان دەكات، هاوكات نەشووشتنیشی هەر زیان بە مووەكان دەگەیەنێت، لە زستان سیستمی خۆراك دەگۆڕێت و كەمتر سەوزە و میوە و پرۆتین دەخورێت، كەمتر ئاسن و پرۆتین و بیوتین و چەورییە تەندروستەكان دەگەن بە لەش و پێست و ئەوەش مووەكان لاواز دەكەن، جیا لە كەمیی جووڵانەوە و وەرزشكردن و شێوازی نوستن و داپۆشینی سەر، ئەوانەش رۆڵیان هەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *