بۆ یەكەمجار گونی دەستكرد لە هەولێر بۆ گەنجێك چێنرا

بینەر: (13)

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر بڵاوی كردەوە، بۆ یەكەمجار نەشتەرگەریی دانانی گونی دەستكردیان ئەنجام داوە و ئەمەش دەستكەوتێكی پزیشكیی نوێیە.

نەخۆشخانەی ڕزگاری رای گەیاند، لە هەنگاوێكی گرنگ و پێشكەوتوو لە بواری پزیشكی میزەڕۆدا، بۆ یەكەمجار لە نەخۆشخانەی ڕزگاری فێركاری، تیمێكی پزیشكیی پسپۆڕ هەستان بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دانانی گونی دەستكرد بۆ نەخۆشێك كە تەمەنی ٢٣ ساڵە .

نەخۆشخانەكە دەڵێت، ئەم نەشتەرگەرییە پێشكەوتووە دەرفەتێك دابین دەكات بۆ ئەو نەخۆشانەی بەهۆی هۆكاری جیاوازەوە گونیان لە دەست داوە، وەك (بوونی گرێ، زەبری دەرەكی، سوڕانی گون، یان گرفتە زگماكییەكان)، تا لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە هاوسەنگی و شێوەی سروشتییان بۆ بگەڕێتەوە.

نەخۆشخانەی رزگاری ئەوا زانیارییانەیشی بڵاو كردووەتەوە لەبارەی گونی دەستكرد و قۆناغی چارەسەر:

* پێكهاتە: ئامێرێكی شێوە خڕە كە لە سیلیكۆن یان پلاستیك دروست كراوە و پڕ دەكرێت لە سەلاین (نۆرمال سەلاین)، لە ناو توورەكەی گوندا دادەنرێت بۆ جێگۆڕكێكردن و پڕكردنەوەی شوێنە ڤاڵاكە.

* مەبەست: ئەم ئامێرە تەنیا بۆ مەبەستی جوانكاری و پاراستنی شێوەی سروشتیی لەشی مرۆڤە، هیچ فەرمانێكی بایۆلۆجی نییە و واتە هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن یان سپێرم دروست ناكات.

* ماوەی چاكبوونەوە: نەشتەرگەرییەكە زۆر ئاسانە، نەخۆش دەتوانێت دوای حەوت بۆ ١٠ ڕۆژ بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی، تەنیا پێویستە بۆ ماوەی یەك مانگ خۆی بە دوور بگرێت لە هەڵگرتنی شتی قورس.

ئەم دەستكەوتە گەورەیە بە سەرپەرشتی و ماندووبوونی تیمی پزیشكی و تەندروستیی نەخۆشخانەكە بەدی هاتووە كە پێكهاتوون لە:

* د. مستەفا عوسمان: پسپۆڕی نەشتەرگەری میزەڕۆ

* د. ئەیاد: پسپۆڕی سڕكردن

* د. دڵشاد معد: پزیشكی دێرینی میزەڕۆ

* د. ئیمان: پزیشكی دێرینی میزەڕۆ

* نازدار: یاریدەدەری پزیشك

* ئەلیاس: یاریدەدەری سڕكردن

* نیشتمان: یاریدەدەری سڕكردن

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *