وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین لە هەرێمی كوردستان دوێنێ یەكشەم كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا رۆژانە بەنزینێكی زۆر بێتە كڕین و بەنرخی پاڵپشتیكراو بەبەنزینخانەكان بفرۆشرێتەوە، ئەم هەنگاوەش بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی بەنزینە.
بەهۆی كەمیی مادەی خاو و زیادبوونی خواست بەراورد بە خستنەڕوو، كێشەی سووتەمەنی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە، بەشێوەیەك ئەمڕۆ نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە نێوان هەزار و 200 بۆ هەزار و 750 دیناردایە، موحەسەن لە نێوان هەزار و 750 دینار بۆ دوو هەزار و 200 دینارە، سوپەریش لە دوو هەزار و 300 بۆ دوو هەزار و 700 دینارە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ “وشە” رای گەیاند، كۆبوونەوەكەی دوێنێ بڕیاری گرنگی تێدا دراوە، وادەكات بەنزین زۆر بێت و خواست لەسەری كەم بێتەوە، ئەوە نرخی بەنزین و قەیرانەكە كەم دەكاتەوە.
لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری داوە، ڕۆژانە یەك ملیۆن و 750 هەزار لیتر نەوت بەرمیل لە بەغدا بكڕێت و بە نرخی 710 دینار بدرێت بە بەنزینخانەكان، ئەوانیش بە 750 دینار بۆ هەر لیترێك 20 دینار كرێ و 20 دینار قازانج بە هاووڵاتییان دەفرۆشنەوە، جگە لەمە بۆ كۆنترۆڵكردن و تێركردنی بازاڕی ناوخۆ، ڕێگە بە بازرگانان دەدرێت كە بەنزین لە دەرەوە هاوردە بكەن.
















Leave a Reply