ئاژانسی بۆشاییگەری ئاسمانی ئەمەریكا “ناسا” بڵاوی كردەوە، لە ڕێی كەشتیی ئاسمانی كیوریۆسیتی لە ناوچەیەكی سەر مەریخ، ژمارەیەك شەقبوونی شێوە شەشپاڵووییان بینیوە كە هاوشێوەی شانەكانی هەنگە، ئەم دۆزینەوەیش زانایانی تووشی سەرسوڕمان كردووە و دووپات لەوە دەكەنەوە، بەڵگەیە بۆ بوونی ئاو و كەشوهەوای گونجاو لە كۆندا لەسەر هەسارەی مەریخ.
ناسا بڵاوی كردەوە، كەشتی كیوریۆستی چووەتە ناوچەیەكی جیۆلۆجی سەر مەریخ بە ناوی “وادی بۆكس وۆرك” لەسەر چیای شارب لە ناو دەرچەی گیل، لەوێ تۆڕێك لە پێكهاتەی بەردینی دۆزراوەتەوە كە شێوەیەكی شەشپاڵوویی هەیە.
ئاژانسەكە نووسیویەتی، زانایان لەو باوەڕەدان كە ئەو پرۆسە جیۆلۆجییە ملیاران ساڵ پێش ئێستە دروست بووە، كاتێك ئاوی شیرین بە ناو شەق و كەلێنەكانی ناو بەردەكان تێپەڕیوە، وایكردووە كە بەردەكان زۆر پتەوتر و بەهێزتر بن و شێوەیان بگۆڕێت.
زانایان دەڵێن، ئەو پێكهاتە بەردینییانە تۆمارێكی جیولۆجی دەگمەنمان پێ دەبەخشن، بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ژینگەی سەر مەریخ لە ڕابردوو، بەتایبەت ئەوان گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە دروستبوونی ئەو بەردانە بەمشێوەیە بەڵگەی بوونی ئاوە لەسەر مەریخ، ئەوەیش بە گرنگترین ئاماژە دادەنێن بەوەی كە ئاو لەسەر مەریخ بوونی هەبووە.
















Leave a Reply