ئەمڕۆ شەموو هەشتی ئابی 2026، پێشبینییە دوورمەوداکانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق ڕووبەڕووی وەرزی بارانبارینێکی نائاسایی دەبێتەوە و ڕێژەی بارانبارین لە سەرووی تێکڕای گشتییەوە دەبێت. کەشناسێک ڕای دەگەیەنێت، هۆکاری ئەمە دیاردەی “ئەلنینۆ”یە و پێشبینی دەکات ئەمە باشترین وەرزی بارانبارین بێت لە دەیان ساڵی ڕابردوودا و لە کۆتایی مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ بکات.
عەلی جابر زەیادی، پێشبینیکاری کەشوهەوا، ڕای گەیاندووە، گەشەکردنی دیاردەی “ئەلنینۆ مۆدۆکی سوپەر” بۆ ئەمساڵ کە تا کۆتایی زستان بەردەوام دەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی ماوەی شێی بەرز و قووڵبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆ باراناوییەکان لە کاتی نزیكدا، کە لە پایزەوە لە مانگەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەر و دیسەمبەردا دەست پێ دەکات، و هەندێک جار بارانی بە لێزمە و بەخوڕی لەگەڵدا دەبێت، لەگەڵ ڕوودانی شەپۆلی سەرما لە ناوەڕاستی زستاندا.
ناوبراو ڕوونی کردووەتەوە، ئەم پێشبینییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە وەرزی بارانبارینەکە باشترین دەبێت لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، هاوشێوەی کۆتایی ساڵی 1978 و کۆتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو کە بە زۆریی بارانبارین ناسرابوون. هەروەها پێشبینیی بارانبارینی زوو وەختی لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە چەند شوێنێکی جیاوازی وڵاتەکەدا کرد.
















Leave a Reply