بریتنی سپیرز كە ئەستێرەیەكی ناوداری بواری موزیك و گۆرانیی پۆپی ئەمەریكییە، بەمدواییە بەمەبەستی جوانكاری بۆ چاوێكی پوتوكسی بەكار هێناوە و سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە، بۆیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هۆشداریی بە ژنان دەدات لە بەكارهێنانی پوتوكس و دەڵێ لێی دوور بكەونەوە.
پێگەی “شەفەق نیوز” لێدوانەكەی بریتنی سپیرزی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەتایبەتی ئینستاگرام بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا دەڵێت، بەمدواییە ویستوویەتی جوانكاری بۆ چاوی چەپی بكات و ئەویش لە رێگەی پوتوكسەوە. بۆ ئەوەیش بۆ ژنانی هەوادارانی دەڵێ كە بەكارهێنانی پوتوكس مەترسیدارە، بۆیە وریابن و هەرچی پێتان دەكرێ خۆتانی لێ دوور بكەنەوە.
سپیرز /44 ساڵ/ زیاتر دەڵێت، كاتێك پوتوكسی بۆ چاوی بەكار هێناوە، بۆ ماوەی چوار هەفتە ئازاری كێشاوە، هۆیەكەی بڕێكی زۆری پوتوكسی بۆ بەكار هێنراوە، ماوەیەكی زۆری پێ چووە تا چاوی گەیشتووەتە ئاستی پێشتری و گەیشتە سروشتی خۆی، بۆیە بە هەوادارانی لە ژنان دەڵێ، ئەو ئەزموونەی من بە هەند وەربگرن و بەئاسانی خۆتان مەخەنە بەر نەشتەركاریی جوانكاری، بەتایبەتی پوتوكس.
دواتریش دووپاتی لە هۆشدارییەكەی كردەوە و گوتی، وریای گۆڕانكاری لە دەموچاوتان بن، دروستە كە جەستەی ئافرەتان موڵكی خۆیانە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە بڕوا بە هەر كەسێك مەكەن و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ نەشتەركاریی جوانكاری بكەن.
بریتنی سپیرز كە ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری دنیایە، لە ساڵی 1981 لە ئەمەریكا لە دایك بووە، ئەستێرەی بواری گۆرانی و موزیكی پۆپە، هاوكات نووسەری تێكستی گۆرانییە و لەگەڵیدا ئەكتەر و سەماكارێكی ناوازەیە، هەڵگری چەندان خەڵاتی نێودەوڵەتییە و نزیكەی 10 ئەلبوومیشی بڵاو كردووەتەوە.
















Leave a Reply