بە مەبەستی ساغكردنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هەفتەبازاڕی كشتوكاڵیی هەڵەبجە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ بەڕێوە دەچێت.
ئەم بازاڕە كە بۆ ساڵی دووەمە دەكرێتەوە، دەرفەتێكی گرنگە بۆ جووتیاران، تا لەم دەرفەتەدا بەروبوومە خۆماڵییەكانی خۆیان بفرۆشن و گەشتیار و سەردانیكەرانیش سوود لە بەرهەمەكان ببینن.
ستار مەحموود بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا، بۆ ئەمساڵ 100 دوكان و شوێن ئامادە كراون بۆ جووتیاران، تا بتوانن بەبێ هیچ بەرانبەرێك بەرهەمەكانیانی تێدا بفرۆشن و هیوای خواست ئەم جۆرە بازاڕانە بەردەوام بن و خزمەتێكی زیاتر بە جووتیاران بكەن.
جێی باسە زیادبوونی كردنەوەی ئەم بازاڕانە لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، هاوكاتی گەشەی كشتوكاڵی بووژانەوەی كەرتەكەیە كە جووتیاران سوودی زۆریان لەو گەشەكردنە بینیوە.
كەیوان فەریق یەكێكە لە جووتیارە بەشدارەكانی بازاڕەكە، باسی لەوە كرد كە چەند سەعاتێك پێش كردنەوەی هەفتەبازاڕەكە، بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی وەك گوڵەبەڕۆژە و بەروبوومی باخەكانیان لە سنووری هەڵەبجە و شارەزوورەوە دەهێننە ناو بازاڕەكە، ئەمەش وا دەكات بەرهەمەكان بەتازەیی بگەنە دەستی كڕیاران.
















Leave a Reply