سوڕانەوەی بێکۆتایی نوخبەی سیاسی لە عێراقدا!

بینەر: (7.8K)

چیا کامەران عەلى

لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، کاتێک بەرپرسێک پۆستەکەی جێدەهێڵێت، یان بەهۆی شکستی کارگێڕییەوە دەردەکرێت، ئیتر جانتاکەی دەپێچێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە تا ژیانێکی ئاسایی بژی، یان دەچێتە ناو بواری ئەکادیمی و یادگارییەکانی دەنووسێتەوە. بەڵام لە عێراقدا، جێهێشتنی کورسیی حکومەت مانای کۆتاییهاتنی تەمەنی سیاسی نییە؛ بەڵکو تەنها گۆڕینی بەرگەکەیە! بەرپرسی عێراقی کاتێک لە دەرگای وەزارەتەکەیەوە دەکرێتە دەرەوە، یەکسەر لە پەنجەرەی حیزبێکی نوێ، هاوپەیمانێتییەکی نوێ، یان بزووتنەوەیەکی سیاسییەوە دەگەڕێتەوە ژوورەوە. ئەمە وایکردووە وڵاتەکە ببێتە شانۆیەکی سەیر کە تێیدا ئەکتەرەکان هەرگیز ناگۆڕێن، تەنها شوێنی دانیشتنیان لەسەر مێزەکە دەگۆڕن.

ئەم خولانەوەیە بێکۆتاییە بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە لەم سیستەمەدا، “دەسەڵات” قۆرخکراوە بۆ یەک چین و یەک نوخبە کە ناوێرن هەرگیز دەستبەرداری ببن. کاتێک بەرپرسێکی پێشوو (کە ڕەنگە لە سەردەمی خۆیدا گەورەترین شکستی خزمەتگوزاریی تۆمار کردبێت یان تێوەگلا بێت لە گەندەڵی) دەردەکەوێتەوە و حیزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ئەمە تەنها مانای چەسپاندنی ئەو ڕاستییەیە کە پارەی گشتی بووەتە سەرمایەی شەخسی بۆ کڕینی پێگەی نوێ. ئەوان باش دەزانن کە لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتدا ناتوانن سامانەکانیان بپارێزن و پارێزبەندییان نامێنێت، بۆیە هەمیشە هەوڵدەدەن بە هەر جۆرێک بێت خۆیان بکەنجێننەوە ناو هاوکێشەکان. ئەمە دروستکردنی حیزب نییە لە پێناو پڕۆژەیەکی نیشتمانیدا، بەڵکو دروستکردنی قەڵغانێکە بۆ ئەوەی سبەی دەزگاکانی چاودێری نەتوانن لێپرسینەوەیان لێ بکەن!

ئەم جۆرە سیستەمە کە ڕێگە نادات هیچ سەرکردەیەک بەتەواوی لە گۆڕەپانەکە بچێتە دەرەوە، گەورەترین بەربەستە لەبەردەم گەشەکردنی نەوەی نوێ و خوێنی نوێ لەناو سیاسەتدا. گەنجانی خاوەن توانا و داهێنەر، هەرگیز ناتوانن لەناو ئەم زەریایەدا کە پڕە لە حوتە کۆنەکان مەلە بکەن. تا ئەو کاتەی بەرپرسانی شکستهێناو بتوانن بەناوی “هاوپەیمانێتیی نوێ”وە خۆیان بفرۆشنەوە بە خەڵک، گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە عێراقدا وەک خەونێکی مەحاڵ دەمێنێتەوە. وڵاتێک کە نەتوانێت ئەکتەرە کۆنەکانی خانەنشین بکات، هەرگیز ناتوانێت سیناریۆیەکی نوێ بۆ داهاتووی خۆی بنووسێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *