عزیز حسێن عمر
گورگەکان چیتر تەنها لە تاریکیدا پەلاماری مێگەل نادەن، بەڵکو قەسابخانەیەکیان لە گۆڕەپانی گوندەکەدا دروستکردووە و گۆشتی مەڕەکان بە خودی شوانەکە دەفرۆشنەوە. دەستەیەک چەکدار کە ڕۆژانێک بە پاساوی پاراستنی شار لەسەر دیوارەکان وەستابوون، ئێستا دەرگای هەموو دوکان و کارگەیەکیان شکاندووە و سندوقی پارەی کاسبکاران بە تاڵان دەبەن. ئەوانەی جلی سەربازییان وەک هێمای قوربانیدان دەفرۆشتەوە بە میللەت، ئەمڕۆ پۆستاڵەکانیان خستووەتە سەر گەرووی ئابووری وڵات و لوولەی تفەنگەکانیان کردووەتە ئامێری ڕاکێشانی پارە و سزادانی هەر کەسێک کە ملیان بۆ کەچ نەکات.
ئەمڕۆ میلیشیاکان و هێزە چەکدارەکان لە عێراق و ئەم هەرێمەدا تەنها ئەکتەرێکی ئەمنی نین؛ ئەوان خاوەنی گەورەترین ئابووری سێبەرن کە تەواوی خەزێنەی گشتی هەڵلووشیوە. هێزی تاریکی کە بە ناوی بەرگرییەوە دامەزرا، ئێستا قۆرخکاری بازاڕ دەکات، باجی ناڕەوا لە دەروازە سنورییەکان دەسەنێت، و لە ڕێگەی کۆمپانیا حزبییەکان و وەبەرهێنانە چەکدارییەکانیانەوە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی غەسلی پارە دەکەن. کاتێک هێزی سەربازی دەست دەخاتە ناو بازرگانی و ئابوورییەوە، دەوڵەت دەمرێت و دەبێتە تۆڕێکی مافیایی، کە تێیدا تاڵانچییەکان بە چەکەکانیانەوە خەریکی داگیرکردنی زەوی، بازرگانی بە مرۆڤەوە، و دزینی قووتی ڕۆژانەی خەڵکن.
“خۆشگوزەرانی و پاراستنی گەل، هەمیشە باشترین پاساو بووە بۆ ستەمکاران” ئەمەش هەمان ئەو کارەساتەیە کە لە پاسدارانی شۆڕشی ئێران یان سوپای میسری سەردەمی موبارەکدا ڕووی دا، کاتێک دامەزراوە ئەمنییەکان بە پاساوی ئاسایشی نەتەوەییەوە دەستیان بەسەر سەدا هەشتای ئابووری وڵاتدا گرت و بوون بە گەورەترین کارتیلی قۆرخکار. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانە و چەکدارەکانی ئێرە، زۆر لەوانە بێشەرمانەترن؛ ئەوان سامانی نەتەوەیی بەتاڵکراو بەکاردەهێنن بۆ کڕینی تفەنگی زیاتر، تاوەکو هەرگیز کەس نەتوانێت پرسیار لە سامانی ونبوو و قاچاخچێتی سنوور بکات، و بە هەڕەشەی شاراوە دەمی ڕەخنەگران دادەخەن.












Leave a Reply