کورد لە نێوان گۆڕانە جیۆپۆڵەتیکییەکان و هاوسەنگی هێزدا

بینەر: (12)

گۆڕانە جیۆپۆڵەتیکییەکان تەنیا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕوو نادات، بەڵکو پرۆسەیەکی داینامیکییە ە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکان و جیهاندا دەگۆڕێت. سەرهەڵدانی هێزی نوێ، لاوازبوونی هەژموونی هێزە کۆنەکان، جەنگ و ملمـلانێ، گۆڕانی هاوپەیمانێتییەکان و کێبەرکێ لەسەر وزە و ڕێڕەوە بازرگانییەکان، هەموویان بەشێکن لەم پرۆسەیە. لە سەردەمی ئێستەدا، تەکنۆلۆجیا، زیرەکیی دەستکرد، درۆن، توانای سایبەری و کۆنترۆڵکردنی زانیاری، بوونەتە بەشێکی گرنگ لە پێوانەکردنی هێز.

یەکێک لە گۆڕانکارییە گرنگەکانی جیهان، پاشەکشەی هەژموونی ڕەهای ئەمەریکا و هەوڵی هێزەکانی وەک چین، ڕووسیا و هیند، بۆ زیادکردنی کاریگەریی خۆیان و سەپاندنی هەژموونە، ئەمە دەتوانێت جیهان بەرەو سیستمێکی فرەجەمسەری ببات. هاوكات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهۆی جەنگ و گۆڕانی رژێمەکان و هاوپەیمانێتییەکانەوە، لە قۆناغێکی نوێدایە.

ئەم گۆڕانکارییانە بۆ کورد زۆر گرنگن، چونکە کورد نە دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە و نە یەک ستراتیجیی هاوبەش لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، بۆیە هەر گۆڕانێکی گەورە لە هاوکێشەی ناوچەکەدا، دەتوانێت لە هەمانکاتدا دەرفەت و مەترسی بۆ کورد دروست بکات.

ئەزموونی ڕۆژئاوا نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە. کورد لە شەڕی دژ بە داعشدا بووە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا، بەڵام کاتێک بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی واشنتۆن گۆڕان، پشتیوانییەکە سنووردار بوو. ئەمە وانەیەکی گرنگە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا كە پێمان دەڵێ، هاوپەیمانییەکان زۆرجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دامەزراون، نەک هەست و سۆز و هاوڕێیەتی..

بۆ هەرێمی کوردستانیش ئەم واقعەیە گرنگە، هەرێم لە نێوان سێ هێزی کاریگەر، واتە ئێران، تورکیا و ئەمەریکا، لە دۆخێکی هەستیاردایە. هەر یەکێک لەم هێزانە بەپێی بەرژەوەندیی خۆی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات، بۆیە پێوەندییەکی زۆر نزیک لەگەڵ تەنیا یەک لایەن، دەتوانێت هەرێم بکاتە بەشێک لە ملمـلانێی ئەو لایەنە لەگەڵ ڕکابەرەکانی.

چارەسەر ئەوە نییە کورد لە هاوپەیمانە دەرەکییەکان دوور بکەوێتەوە، بەڵکو دەبێت هاوپەیمانێتییەکان بە شێوەیەکی پراگماتیک بەکار بهێنێت، بەبێ ئەوەی بە تەواوی پشتیان پێ ببەستێت. بنەمای سەرەکیی هێزی کورد دەبێت لە ناوخۆوە دروست بێت: یەکگرتوویی سیاسی، دامەزراوەی بەهێز، یەکخستنی هێزی ئەمنی، ئابووریی بەهێز و جێگیر و دیپلۆماسییەکی یەکگرتوو.

گەورەترین وانەی گۆڕانە جیۆپۆڵەتیکییەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە، کورد نابێت تەنیا چاوەڕوانی پشتگیریی زلهێزەکان بێت، یان بە شێوەیەکی تەواو پشت بە هێزی دەرەكی ببەستێت. مێژوو پێشانی داوە پێوەندیی نێوان کورد و زلهێزەکان زۆرجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە، و کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزانە دەگۆڕێن، شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کوردیش دەگۆڕێت، بۆیە پشتبەستن بە هاوپەیمانێکی دەرەکی، بەبێ دروستکردنی بنەمایەکی بەهێزی ناوخۆیی، ناتوانێت ستراتیجێکی درێژخایەن بێت.

کورد دەبێت لە پێگەی “کارتی بەکارهێنراو”ەوە بگۆڕێت بۆ ئەکتەرێکی سیاسیی هەژمارکراو، تا بتوانێت لە پێوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا بەرژەوەندیی خۆی دیاری بکات و بیپارێزێت، هەروەها ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت و کاریگەریی لەسەر بڕیارە سیاسییەکان دابنێت. ئەمە تەنیا بە دیاریکردنی هاوپەیمانێکی نوێ یان نزیکبوونەوە لە زلهێزێک بەدەست نایەت، بەڵکو پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز، یەکڕیزیی سیاسی، ئابوورییەکی توانادار، سیستمی ئاسایشی یەکگرتوو و دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ هەیە.

هاوكات کورد دەبێت پێگەی جیۆستراتیجیی خۆی بە زیرەکی بەکار بهێنێت. شوێنی جیۆگرافیی کوردستان، نزیکیی لە ناوچە ستراتیژییەکان، سەرچاوە سروشتییەکانی، کۆریدۆرە بازرگانییەکان و پێوەندییەکانی لەگەڵ ناوچە و هێزە جۆراوجۆرەکان، دەتوانن ببنە خاڵی بەهێزی سیاسی، بە مەرجێک بە شێوەیەکی ستراتیجی، نەک تاکتیکی بەکار بهێنرێن.

لە جیهانێکدا کە هاوپەیمانیی و بەرژەوەندییەکان بەردەوام دەگۆڕێن، ئەوەی دەتوانێت کورد بپارێزێت تەنیا بوونی هاوپەیمانێکی دەرەکی نییە، بەڵکو توانای ناوخۆیی بۆ دروستکردنی هێز، پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و بڕیاری سەربەخۆیە.

لە کۆتاییدا، کورد دەبێت لە پێگەی ئەوەی چاوەڕوانی بڕیاری ئەوانیتر بێت، بگاتە پێگەی ئەوەی خۆی بەشێک بێت لە دروستکردنی بڕیارەکان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *