لە 15 ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆری باسوخواسی میدیای کوردی و وتاری چاودێر و شرڤەكارانی سیاسیی، باسی ئۆپۆزسیۆن و جۆرەکانی و خاڵی بەهێز و لاوازی بووە. بەم پێیە زۆر شت لەبارەی ئۆپۆزسیۆن وتراوە. ئەوەی هەم وەک قسە و هەوڵی تیۆریی بەرهەمهاتووە و هەمیش مێژوو و تێپەڕینی زەمەن بۆی سەلماندوین، دەشێت لەم باسەدا تیشکی بخەمە سەر.
وەک گوتراوە، ئۆپۆزسیۆن دەبێت ڕەخنەگری دەسەڵات بێت و هاوکات پرۆژەی لۆجیکی و ماقووڵی خۆی هەبێت، نەک ڕووخێنەری کیانی وڵات. ئەوەی لەم هەموو ساڵانەدا بەشێکی زۆری ئۆپۆزسیۆنی كوردستان نەیانبوو، شوناسی ڕاستەقینە بوو، شوناسێک کەمتەرخەمی فەرمانبەرێک نەکات بە ماڵ بەسەر جیۆگرافیای کوردستان و چارەنووسی گەلێکەوە، شوناسێک یاریی بە دۆخ و گوزەرانی خەڵک نەکات و وەک ئامراز بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەکاری بهێنێت.
پێشتریش باس کراوە، کورد دۆخێکی لەرزۆکی هەیە، بە تایبەتی لەم هەلومەرجەی ئێستە و داڕشتنەوەی جیۆپۆڵەتیکی ناوچەکەدا، هەر جۆرە یارییەکی ناماقووڵانەی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت کارەسات دروست بکات، ئەوەی لە مێژووی ئێمەدا و لە زمانی کوردیدا وەک قسەی نەستەق دووپات بووەتەوە، دەڵێت “دار كرمی لە خۆی نەبێت، ناقڵیشێت”/ بەڵام بە زیادەوە هەندێک ئۆپۆزسیۆن بوون بە كرم و دارەدەستی گوتار و پلانی ئەیاران.
لە دنیادا وا باوە ئۆپۆزسیۆن بە پلان و بەرنامە حکوومەت ناچاری چاکسازی یان لە ڕادیکاڵترین حاڵەتدا، بەرەو گۆڕان دەبات. بەڵام ئۆپۆزسیۆنێک دۆخی کورد و هەرێمەکەی لەو فەزا و کەشە جیهانی و ناوچەییە ئاڵۆزدا لەبەرچاو نەگرێت، هەر ئەو كرمەیە کە باسم کرد. نموونەی دیاری ئەم شکستە گەورەیە، “نەوەی نوێ”یە کە بێ ڕەچاوکردنی هیچ ڕەگوڕیشەیەک لە درەختی کوردەواری و داری کوردستاندا بە ئاسانی توانی ئەو سنوور و بڤەیە لە ئاستی زمان و ئاخاوتندا ببەزێنێت کە مانەوەی کیانی هەرێم گرێ بدات بە خواستەکانی خۆیەوە.
ئێستە نامەوێت خۆشحاڵ بم بەوەی فۆرمێک لە چالاکیی سیاسی کە چاوەدێریی چڕی دەسەڵات دەکات، لاواز و پەرت بێت، بەپێچەوانەوە پەرۆشی ئەوەم ئۆپۆزیسیۆنە دڵسۆز و ڕاستەقینەکان بەهۆی ئەم جۆرە لە چالاكیی بێباکانە و نابەرپرسانە، لەبەرچاو بکەون. بێگومان ئەوەی تۆزێک تێڕوانینی کراوەی هەبێت، بوونی ئۆپۆزسیۆن بە پێویستییەكی سیاسی و شارستانی و دیموکراسی دەزانێت، بەڵام ئەو یارییە ناخۆشەی بەشێکی زۆری لایەنەکانی کوردستان کە تەنانەت ڕەخنەگر و لە پێگەی هاوبەش و ئۆپۆزسیۆنیشدا دەردەکەوتن، ئەم هەڵوێست و کیانکوژییەیان ڕەت کردەوە و واقیعەکەیش بەرەنجامی ئەم ڕاستییەیە.
ئۆپۆزسیۆنی ڕیشەدار ئەوەیە، مێژوویەکی لەناو خەڵک و خەبات و خوێن و ئازاری گەلدا هەبێت، خۆ ناکرێت هەر کەسێک دوو شوقە و کۆمپانیا و بڕێک دۆلاری دەستکەوت، چمكی فەقیانەکەی هەڵکات و باز بداتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتێک کە بە خوێن دەسکەوتەکانی مسۆگەر کردووە و بانگەشەی ئەوە بکات کە دەبێت چی ئەو دەیڵێت جێبەجێ بکرێت! ڕاستییەكەی لە دڵی نیۆیۆرک و لەناو پاریس و لەندەنیش ئەو تێڕوانین و هەڵوێستانە لە ئۆپۆزسیۆن بە گاڵتە و تەنز وەردەگرن، ئەگەرچی بۆ ئێمە شتی وا تراجیدی و خەمهێنە.
واقیعی ڕووداوەکان پێیان وتین، ئۆپۆزسیۆنبوونێک نەتوانێت بچووكترین خزمەت بە خەڵک بکات و نیازی سەرەكیشی بە مامەڵە و دەسیسەی دەرەكی، دەسەڵاتخوازیی بێت، ئەنجامەكەی هەر شكست و پووكانەوەیە. لە 15 ساڵی ڕابردوودا ئۆپۆزسیۆن و حزبی جۆراوجۆرمان لە گۆڕەپانەكەدا بینی و ڕۆڵیان هەبوو، هەرکامیان بە گوێرەی دەنگ و سەنگی خۆی و هەموویشیان لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێزیان لێ گیرا و پێشوازییان لێ کرا، ئەوە هێمایە بۆ ڕۆحی دیموکراسی و لێبووردەیی و کراوەیی لە کوردستان، بەڵام شکستی لایەنێکی ڕادیکاڵی وەها کە بە تاکتیکی چاوبەستکاری و چەواشە هەندێ دەنگی کۆ کردبووەوە، وا دەکات خەڵکی ناڕازی و ڕەخنەگر، هەموو لایەنگەلی ئۆپۆزیسیۆن بخەنە هەمبانەیەکەوە و وەک یەک بیاندەن لە مەحەک.
خۆشبەخاتە خەڵکی کوردستان نەک تەنیا لە هەرێم، بەڵکوو لە پارچەکانی تریش گەیشتوونەتە ئاستێک لە وشیاری و ئاگایی نەتەوەیی کە نە برایەتیی گەلان دەیخاپێنێت و نە گوتاری عێراقیبوون و ئێرانیبوون و شامات، لە خشتەیان دەبات. كەواتە هەر هێزێک لە ئێستە و داهاتوودا ئەم ڕاستییەی وشیاریی نەتەوەیی کورد نەدیو بگرێ، بێگومان تووشی شکست و تراجیدیا دەبێت و ئیتر ناتوانێ هەستێتەوە.
چیرۆکی تراجیدی ئۆپۆزسیۆنی ڕادیکاڵ و موزایەدەکار، بە نەوایەک لە تەنز و گاڵتەوە، ئاوایە کە باسم کرد.












Leave a Reply