چۆن دواخستن بووەتە ئامرازێکی سیاسی بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک؟

بینەر: (1.6K)

رامیار یەحیا

لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، “دواخستن” و “چاوەڕوانی” چیتر نیشانەی شکستی ئیداری نین، بەڵکو بوونەتە ستراتیژییەکی مەترسیدار و ئامرازێکی سیاسیی کارا بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی. دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر زۆر باش لەوە تێگەیشتوون کە کاتێک هاوڵاتییەک بۆ چەندین مانگ لە چاوەڕوانیی مافێکی سەرەتاییدا بهێڵیتەوە، ئاستی داواکارییەکانی دادەبەزێت بۆ تەنها “گوزەران” و بە تەواوی بیر لە چاکسازی و گۆڕانکاری دەکاتەوە. ئەمەش لە سێ ئاستی سەرەکیدا دەردەکەوێت: مووچە، چاکسازی، و دادپەروەری.

گەورەترین و ئازاربەخشترین نموونەی ئەم ستراتیژییە، قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. بۆ زیاتر لە دە ساڵە، دەسەڵاتداران مووچەیان کردووەتە چەکێک بۆ ماندووکردنی خەڵک؛ تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا، فەرمانبەران ١٠ مووچەیان وەرگرتووە و چارەنووسی مووچەکانی کۆتایی ساڵیش هێشتا نادیارە. بەغدا ئەم دواخستنە وەک فشارێک بەکاردەهێنێت دژی قەوارەی هەرێم (کە بەرپرسانی کورد بە “سزای بەکۆمەڵ و چێژوەرگرتن لە ئازاردانی خەڵک” ناوی دەبەن) ، و لەلایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێم پرۆسەی بەنیشتمانیکردنی مووچەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکات و پڕۆژەی “هەژماری من” دەسەپێنێت، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە مۆنۆپۆڵکردن و بەکارهێنانی مووچەی خەڵک وەک کارتی فشاری سیاسی. لەم نێوەندەدا، فەرمانبەری بێمووچە هێندە ماندوو دەکرێت کە تەنانەت ئەگەر نیوەی مافەکەشی پێ بدرێت، وەک “دەستکەوت” سەیری دەکات.

ئەم ستراتیژییەی چاوەڕوانییە کەرتی سیاسیشی گرتووەتەوە. زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام پارتی و یەکێتی بە ئەنقەست پێکهێنانی حکومەتیان دواخستووە. ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە ناتوانن، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە لەم بۆشاییەدا پرۆسەکانی چاکسازی ڕابگرن، درێژە بە تاڵانکردنی داهاتی نەوت و بازگەکان بدەن لەلایەن “حکومەتی کاربەڕێکەر”ەوە، و پەرلەمان ئیفلیج بکەن تا هیچ لێپرسینەوەیەک لە گەندەڵییەکان نەکرێت. هەمان سیناریۆ لە بەغداش دووبارە دەبێتەوە؛ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت بەردەوام دوادەخرێت تا لایەنەکان لەناو ژوورە تاریکەکاندا پشک و بەرژەوەندییە داراییەکانیان یەکلایی دەکەنەوە.

لە کۆتاییدا، ئەم “حوکمڕانییەی چاوەڕوانی” کۆمەڵگەی کوردی خستووەتە دۆخێکی سڕبوونەوە؛ کاتێک دادگاکان کێشەکان یەکلایی ناکەنەوە، و حکومەتیش کێشەکان بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە، خەڵک لە نائومێدییەکی قووڵدا نوقم دەبێت و ئیرادەی بۆ داواکردنی مافەکانی لەدەست دەدات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *