نرخی نەوت بە ڕێژەی 6% دابەزی

بینەر: (1.6K)

بەهۆی قسەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی كۆتاهاتنی شەڕ لە دژی ئێران، نرخی نەوت بە ڕێژەی 6% ڕووی لە دابەزین كرد، ئەمەیش دوای ئەوە هات كە نەوت گەیشتە بەرزترین نرخ بە بەراورد بە سێ ساڵی ڕابردوو.

درەنگانی شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، پێشبینی كۆتاهاتنی جەنگ لە دژی ئێران لە داهاتوویەكی نزیك دەكات، چونكە ئەوان سەرجەم توانا سەربازییەكانیان لە دەست داوە، ئەمە مەترسی بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز و نەگەیشتنی نەوت بە بازاڕەكانی دنیای نەهێشت، بۆیە كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت كرد و بە ڕێژەی 6% ڕووی لە دابەزین كرد.

بەهای بەرمیلێك نەوتی خامی برێنت شەش دۆلار و 51 سەنت ڕووی لە دابەزین كرد، بەمشێوەیە نرخی بەرمیلێك گەیشتە 92 دۆلار و 45 سەنت، هەروەها نەوتی خامی ڕۆژئاوای تێكساسیش شەش دۆلار و 12 سەنت دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێك گەیشتە 88 دۆلار و 65 سەنت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *