ئامانج مەحموود
ئەگەر دەتەوێت بزانیت متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی کوردی تا چ ئاستێک داڕماوە، تەنها سەیرێکی کاردانەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بکە بەرامبەر بە پڕۆژەی بەناو “هەژماری من”. ئەم پڕۆژەیە کە حکومەتی مەسرور بارزانی وەک “دەستکەوتێکی مێژوویی” بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچە دەیناسێنێت، لەلایەن فەرمانبەرانەوە وەک تەڵەیەکی نوێی ئۆلیگارشییەکان سەیر دەکرێت بۆ قوتدانی قووتی خەڵک و کۆنترۆڵکردنی بژێوییان لە ڕێگەی بانکە حیزبییەکانەوە. مامۆستایانی ناڕازی بە ئاشکرا ڕەتیان کردووەتەوە فۆڕمی ئەم پڕۆژەیە پڕ بکەنەوە و دەڵێن: “ئێمە متمانەمان بەو دامەزراوانە نییە کە ساڵانێکە مووچەکانمان دەدزن؛ دەمانەوێت مووچەکانمان لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانی عێراق (تەوتین) و وەک بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دابەش بکرێت”.
کارەساتەکە لەوەدایە کە حکومەت لەبری ئەوەی بە شەفافیەت متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێت، پەنای بردووەتە بەر هەڕەشە و تۆقاندن. وەزارەتی دارایی هەرێم بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە هەر فەرمانبەرێک لە ساڵی ٢٠٢٦دا نەچێتە ناو “هەژماری من”ەوە، ئەوا مووچەکەی دەبڕدرێت و “خۆی بەرپرسیار دەبێت” ! لە سلێمانی و شارەزووریش، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە هەوڵی ڕاگرتنی مووچەی ئەو مامۆستایانەیان داوە کە ڕەتیان کردووەتەوە بەشداری لەم سیستەمەدا بکەن. ئەمە ڕێک هەڵسوکەوتی مافیایە نەک حکومەت؛ کاتێک فەرمانبەرێک دەزانێت ئەم بانکانە هی بەرپرسە سیاسییەکانن و هیچ گەرەنتییەک نییە کە سبەی پارەکەی تێدا پارێزراو بێت، مافی خۆیەتی ڕەتی بکاتەوە کە چارەنووسی خێزانەکەی بخاتە دەست ئەو چەتانەوە.
لەولاشەوە، عێراق و وەزارەتی دارایی بەغدا ئەم پڕۆژەیەیان وەک بیانوویەک بەکارهێناوە بۆ زیاتر برسییکردنی کوردستان. بەغدا دەڵێت دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی کورد بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بانکە نیشتمانییەکانی عێراق (وەک ڕەشید و ڕافیدەین) جێگیر بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکان و “هەژماری من”ەوە بێت. ئەنجامەکەی چییە؟ حکومەتی بەغدا ناردنی پارەی ڕاگرتووە و مامۆستایان بۆ چەندین مانگ بێمووچە ماونەتەوە، و پڕۆسەی خوێندن لە سلێمانی بەهۆی مانگرتنەوە پەکی کەوتووە. ئەمە جەنگێکی پیسە لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرمایە؛ بەغدا دەیەوێت لە ڕێگەی بانکەکانەوە کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئابووریی هەرێم بکات، و دەسەڵاتدارانی کوردیش دەیانەوێت ملیۆنان دۆلاری مووچەی خەڵک بەناو بانکەکانی خۆیاندا بسوڕێتەوە بۆ ئەوەی قازانجی لێ بکەن (کە تەنها مانگانە هەزاران دۆلار وەک کرێی خزمەتگوزاری لە مووچەخۆران دەبڕن).
ئایا دەکرێت هاوڵاتییەک متمانە بە حکومەتێک بکات کە دەیان ساڵە بە بیانووی “پاشەکەوت” و “لێبڕین” گیرفانی دەبڕێت؟ مامۆستایان حەقیانە بڵێن: باشترە پارەکانمان لە بەغداوە بێت، نەک بکەوینە ناو هەژمارێکەوە کە کلیلەکەی بە دەست دزەکانەوەیە!














Leave a Reply